ڕۆژنامە‌نووسی باش و جاش ، لە‌دوای دیدارە‌كە‌ی مە‌سرور بارزانی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

دیدارەكەی “مەسرور بارزانی” لەگەڵ بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، كۆمەڵێك خاڵی زۆر باشی تێدابوو، لەسەروی هەموویەوە شكاندنی بەستەڵەكی نێوان میدیا و حكومەت بوو.
ماوەیەكی زۆرە گلەیی لەوە هەیە كە بەرپرسانی حكومەت، نەك درگا بەڕووی ڕۆژنامەنووساندا ناكەنەوە، بەڵكو هەندێكیان پێگەكانی خۆیان بەكاردێنن بۆ تۆڵەكردنەوەی شەخسی لە ڕۆژنامەنووسان و، ئەو كەسانەی كە دەموچاویان بەدڵی ئەوان نیە!. بێگوێدانە ئەوەی كە ئەو پێگەی ئەوان پێگەیەكی فەرمییە و موڵكی هەموو خەڵكە و ناكرێت بۆ تۆڵە و تۆڵەكاری شەخسی بەكاربهێنرێت.
هاتنە پێشەوەی سەرۆكی حكومەت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەڵەكە، بەرلەهەر شتێك وەڵامێك بوو بۆ ئەو بەرپرسانەی كابینەكەی كە بەمیزاجی خۆیان پێگەكەیان لەدژی هەندێ نوسەر و ڕۆژنامەنووس بەكاردێنن و، خۆشییان لەهەركەس بێت كاری تێدەپەڕێنن و خۆشییان لەچارەی هەركەسیش نەیەت، درگاكانی بەسەردا دادەخەن! پێم وانیە دوای ئەو دەستتێوەردانە، ئەو جۆرە بەرپرسانەش زاتی ئەوە بكەن، پێگەكانیان بۆ حساباتی شەخسی بەكاربێنن و، دواتریش ئەو كارەی ئەوان لەسەر حكومەت ببێتە ڕەخنە! چونكە مەسرور بارزانی چەند جار لەوەڵامی داخستنی درگاكان لەسەر پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسان، گوتی: من بەهیچ شێوەیەك ئاگام لەو ڕەفتارە نیە كە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان كراوە!.
یەكێكی تر لەو خاڵانەی كە پێم وایە ئەم دیدارە ڕۆڵی تیایدا دەبێت، كۆتاییهێنانە بەو پۆلێنە دووجەمسەرییەی كە لەكوردستاندا كرابووە مۆدیل، ئەویش دابەشكردنی ڕۆژنامەنووسان و نوسەران بەسەر ڕۆژنامەنووسانی باش (یان بەرەی گەل) لەگەڵ رۆژنامەنووسانی جاش(ئەوانەی بەسیغەی كار لە دەزگاكانی حكومەت نزیكترن).
تێگەیشتنێك لەكوردستان بڵاوكراوەتەوە، هەر نوسەر وڕۆژنامەنووسێك لەحكومەت نزیك بێت و، بەشداری دیدار و چالاكییەكانی حكومەت بكات و، لەگەڵ هێڵە سیاسییەكانی حكومەت تەبابێت، ناو دەنرێت جاش یان دەربار! یان پێویستە هەمیشە ڕۆژنامەنووس سەنگەر لەحكومەت بگرێت، هیچ هەماهەنگییەك لەگەڵ حكومەتدا نەكات! بەپێچەوانەوە ناو دەنرێت دەربار!.
دەركەوت ئەم پۆلاندنە هیچ لۆژیكێك و بنەڕەتێكی مەنتیقی لەپشتەوە نیە، ئەسڵەن ئەوانەی كە ئەو پۆلاندنەیان بەرهەمهێنا و، بەردەوام بەكاری دێنن، خۆیان هەركات حكومەت سڵاوێكیان لێ بكات، یان بانگهێشتی چالاكی و دیدارێكیان بكات، ئەوەندە بەپەلە بەپیریەوە دەچن، لەبیریان دەچێت كە هەندێ داتا لەگەڵ خۆیان بەرن! تاكو
بتوانن بەرگری بكەن لە داخوازییەكانی خۆیان!.
دیدارەكە سەلماندی كە پۆلاندنی جاش و باش، مەرامێكی تری لەپشتەوەیە، مەرامەكەش ئەوەیە ئەوانەی بەوجۆرە ناڕازین و، سەری زمان و بنی زمانیان گلەیی و توڕەییە، لەڕاستیدا دەیانەوێت حكومەت بانگیان بكات و جاروبار پرس و رایان پێ بكات! دەركەوت كێشەی نوسەران و ڕۆژنامەنووسان مەسەلەی باش و جاش نیە، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە بانگ بكرێن و بەشدارییان پێبكرێت، ئیدی شتێك نیە بەناوی پۆلێنێكی مەبدەئی و هیچكام لەوانەی حكومەت داوەتی كردوون، داوەتەكەیان ڕەتنەكردۆتەوە!. تەنانەت هەندێك داوای ئەوەیان دەكرد وەك ڕاوێژكارە نزیكەكان پرس و ڕایان پێبكرێت.
ئەوەش وانەیەكی گەورەیە بۆ بواری میدیا و ڕۆشنبیری كوردیی، دڵنیام كۆتایی دێنێت بەو پۆلێنكارییەی دەكرا بۆ ڕۆژنامەنووسان كە هەندێكیان باشن و بەرەی گوایە بەرەی گەلن، هەندێكی تریان جاشن و خۆیان گوتەنی دەربارن!.
ئیدی تێگەیشتن لە ڕۆژنامەگەری دەگەڕێتەوە بۆ سەر سكەی سروشتیی خۆی، ڕۆژنامەگەری شوناسی باش و خراپ نیە، جاش و باش نیە، بەڵكو ڕۆژنامەگەریی پیشەییە، نەك ئینتیمای سیاسی و فیكری، ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەكات و زانیاری دەگوێزێتەوە، مامەڵەی زومی كامێرایە لەگەڵ ڕووداوەكاندا، ئەوە چ پەیوەندی بە باش و جاشەوە هەیە! ئەوە كێ بوو ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی لەسەر كایەی ڕۆژنامەگەری دروستكرد و برەوی پێدا، لەدوای دیدارەكەی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی هەموو ڕۆژنامەنووسانی بەرەی باش و بەرەی جاش لەو دیدارەدا، پێویستە خاوەنەكانی ئەو پۆلێنكارییە بۆ سەدساڵی تر تەریق ببنەوە، جارێكی تر ئەتكی كایەیەكی تر نەكەن. چونكە بەسڵاوێكی مەسرور بارزانی، هەمووان وتیان سەرچاوان! ئەم دەستكەوتەش بۆ ڕۆژنامەگەری كوردی و كۆتایی هێنان بەجەدەلی نێوان باش و جاش، یەكجار زۆر گەورەو كاریگەرە. بۆیە دەڵێم: سوپاس بۆ سەرۆكوەزیران بئەم دەتكەوتەو بۆ ئەوەی كە بە كرداری پێی سەلماندین، شتێك نیە بەناوی ڕۆژنامەنووسی بەرەی گەل یان دەربار، بەڵكو هەركاتێ سڵاوێك بكات، ئەوەتا هەمووان دەبنەوە یەك مەعدەن و پێكەوە لەبەردەمیدا ئامادە دەبن.