پەروەرەدە کێ بیکات؟

پ.د. نەزاکەت حسێن

تۆنی بلێر سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا گوتەیەکی هەیە کەبووەتە یەکێک لە گوتە بەناوبانگەکانی کە دەڵێت:Education،Education، Education’ دووبارەکردنەوەی وشەی’پەروەردە’ ٣ جار مانای بەخەمی و دەرخستنی گرنگی ئەم بوارەیە، کە ئەو بۆ هاووڵاتیانی بەریتانی ئەم دروشمەی هەبوو. پاکیجی سەرەکیشی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردەنەکەی، چاکسازیی سیکتەری پەروەردە بوو.پەروەردە تەنها بۆ فێربوون نییە، بۆ دەست کەوتنی ئیش نیە، پەروەردە لەبنەڕەتدا بۆ دروست کردنی ناسنامەیە، بۆ پێدانی ناسنامەیە بە تاک.تاک کە لەدایک دەبێت تەنها بوونەوەرێکی بایۆلۆجی ڕووتە و هیچی تر، هەڵگری هیج جۆرە ناسنامەیەک نیە، نە کۆمەڵایەتی، نەئاینی .دەبێت ئەم تاکە کۆمەڵایەتی بکرێت، لێیگەڕێ بە بێ پەروەردە و دوور لەکۆمەڵگەو خێزان و قوتابخانە، هەرگیز نابێتە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی هەڵناگرێت. بۆیە ئەم تاکە پێویستی بە ژینگەیەکە، سیستمێکە تاکو تێیدا ئەو ناسنامەکۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئاینی و نەتەوەییەی پێ بدرێت، کە نیشتمان و کۆمەڵگەکەی دەیانەوێت.
پسپۆڕانی بواری ناسنامە، کۆمەڵێک سەرچاوە باس دەکەن کە دەتوانێت ناسنامەی کەلتووریو کۆمەڵایەتی بدات بەتاک كە بریتین لە: خێزان و قوتابخانەو مزگەوت وکەنیسەو شوێنە ئاینیەکان و کۆمەڵگە و ڕاگەیاندنن. ئەمانە بەشدارن لە دروستکردنی تاکێکی کۆمەڵایەتی، کە هەڵگری ناسنامە کەلتووری کۆمەڵگەی بێت. ئەمڕۆ باسەکە لەوەدایە ئایا کام لەم سەرچاوانە بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت؟ کامەیان ئەمڕۆ ڕۆڵی زۆرتر بووە؟ کامەیان ڕۆڵی لەدەست داوە؟ گەرچی ئەگەر تاکێک لەناو هەریەکە لەم ئۆرگانانە گەورەببێت پەروەردە هەردەبێت، ئیتر باش بێت یان خراپ، بەڵام کامە جۆری پەروەردە دەبێت. کاتێک کۆمەڵێک سەرچاوە بەرپرسبن لە پەروەردەکردنی تاک و پێدانی ناسنامە پێی، ئەرکی کێیە ئەم سەرچاوانە هاوتەباو هەماهەنگ بکات بەیەکەوە، بۆ ئەوەی ئەو پەرروەردەیە بکەن کە نیشتمان دەیەوێت، چونکە ئەگەر هەریەک لەو ئۆرگانانە بۆ خۆی تاک پەروەردەبکات، ئەوە ئەو تاکە دەردەچێت کە ئەو ئۆرگانە خۆی دەیەوێت، مزگەوت بۆ خۆی، قوتابخانە بۆ خۆی، خێزان بۆ خۆی، ڕاگەیاندن بۆ خۆی. واتە هەرتاکە بەئاراستەیەک دەڕوات، هەریەکە لەم ئۆرگانانە بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕۆڵی خۆی دەبێت لە پەروەردە، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە، ئایا ئەمانە بەهەموویان تاکێک پەروەردەدەکەن کە بۆ نیشتمان سازابێت، هەست و بیرو ئینتیمای نیشتمانی بێت؟ بەدڵنیایەوە نا.تەنها لەکاتێکدا یان وڵاتێکدا نەبێت کە سیستمێکی حوکمڕانی هەبێت ڕۆڵی هەموو ئەم ئۆرگانانە یەک خات لە چوارچێوەیەکی پەروەردەییدا کە تاکێک دروست بکەن کە بۆ نیشتمان گونجاوبێت، هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئینتیمای نیشتمانی و خۆشەویستیی نیشتمانی هەبێت. ڕەنگە لەزۆربەی وڵاتەکاندا قوتابخانەو سیستمی پەروەردە ڕێک خرابێت بۆ پەروەردەکردنی نیشتمانی تاک، بەڵام سەرچاوەکانی ترو ئۆرگانەکانی تر بەئاراستەی خۆیان بڕۆن و هەماهەنگ نەبن لەگەڵ قوتابخانە، بۆ پەروەردەو پێگەیاندنی تاک.
ئەرکی حکوومەت بریتیە لەمە، چۆن سیستمێکی پەروەردەیی دادەڕێژێت بۆ تاکسازی، بۆ نیشتمان کەهەموو ئەو ئۆرگانانەی دیكە هەماهەنگ و هاوتەریب بن لەگەڵ پەروەردەی قوتابخانە؛ بەتایبەتی ڕاگەیاندن، کە ئێستا بەڕای زۆرینەی پسپۆڕان نەک ڕاگەیاندن بوەتە سەرچاوەی یەکەمی پەروەردەی تاک و پێدانی ناسنامە پێی، بەڵکو ڕۆڵی ئۆرگانەکانی تریشی لاواز و وەلاخستووە. ناکرێت لەوڵاتیکدا ڕاگەیاندن هەر دەزگایەک لای یەکێک بێت و هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن بەجۆرێک تاک پەروەردە بکات وخێزان لەولاوە بەئاراستەی خۆی و مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان بەئاراستەی خۆیان تاک پەروەردە بکەن.ئێمەش لەم لاوە داوای ئینتیما و تاکی نیشتمانی و نەتەوەیی بکەین. ڕەنگە ئەمڕۆ سەیری هەرێمی کوردستان بکەین جگە لەمانە چەندین ئۆرگان و ڕێکخراوی ناحکوومی وناوەند هەبن خەریکی پەروەردەو گەشەپێدانی مرۆیی تاکەکان بن، ئەمانە هەموو باشە هاوکاری پەروەردەبن و حكوومەت پشتیوانیان بکات، بەڵام دەبێت سیستمێک هەبێت هەموو ئەم ئۆرگانانەو ئۆرگانەکانی تری پەروەردەش یەک خات، هاوتەریب بن لەوەی چۆن تاکێکی نەتەوەیی نیشتمانی بەهەستی بەرپرسیاریەتی و نەتەوەیی و نیشتمانی و هاووڵاتی بوونەوە بژی، تاکو مێژوو کەلتوور و فەرهەنگی ئەم نەتەوەیە بپارێزێت.تا ڕاگەیاندن بەم شێوە پاشاگەردان بێت و هەریەکە بەرهەم و ئایدیای و بەرنامەی جۆراوجۆری هاوردەو بەرهەم هێنراو بڵاوبکاتەوە و، خێزان و ئۆرگانەکانی تری پەروەردە بەرپرس نەکرێن بەرامبەر یەک جۆر سیستمی پەروەردە، یەک جۆری پەرورەدە، ئاسان نییە بیر لە مرۆڤ سازی هاووڵاتیسازی، تاکسازی بکەیەنەوە.بۆیە ئەمە پلانێکی نیشتمانیی دەوێت بۆ دانانی سیستمێکی نیشتمانی پەروەردەیی کە تێکڕای ئۆرگانەکانی بەرپرس لەپەروەردە یەک خات لەپێناو بەرهەم هێنانی تاکێک کە شانازی بە مێژوو، دەست کەوت و خەباتی نەتەوەیەکەوە بکات و ئامادەی پاراستن و قوربانی بۆ دانی بێت.گەرچی سەردەمی تەکنەلۆجیا پەروەردەی لۆکاڵی سەخت کردوە و تەکنەلۆجیا هەوڵی پەروەردە و دروستکردنی ناسنامەی گڵۆباڵی دەدات بۆ تاک، بەڵام ئەستەمە نیشتمانێک پارێزگاری لەمانەوەی خۆی بکات بێ بەردەوامیی پەروەردە و پێدانی ناسنامەی لۆکاڵی و نیشتمانی بە هاووڵاتیانی.

ھەواڵی زیاتر