ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

کە لە (مارکیز)یان پرســـیبوو: ڕات چییە لەسەر پابلۆ نیروودا، گوتبووی: (مەزنترین شاعیری ســـەدەی بیســـتەمە.) ڕەخنەگری ناوداری ئەمریکایی: (هاڕۆڵد بلوم)یش لەبارەی (نیروودا)وە دەیگوت: بەرلەوەی تەمەنی ببێت بە بیســـت ســـاڵ، (بیست شیعری ئەڤینداری و گۆرانییەکی نائومێـــد)ی بڵاو کردەوە، بەو کۆشـــیعرە، لە هەموو شـــاعیرانی خۆرئـــاوای تێپەڕاند و ئەگەر بەدرێژاییی مێژوو، بیست ئەدیب هەڵکەوتبن، یەکێکیان ئەو بووە. کە 197٣ جەنەڕال پینۆشێ، لە کوودەتایەکدا، ســـیلڤادۆرئەلێندێ دەکوژێت، نیروودا دوو هەفتـــە دواتر، ماڵئاوایی لە ژیان دەکات. کە دوای کوودەتاکە، ســـەرباز دێنە ســـەر ماڵی نیروودا و بۆ چەک دەگەڕێن، دەڵێت:
چەکی من شیعرە.
نیروودا تا ژیا، وەک کاریزما سەرنجی دەدرا، بەڵام ساڵانێکە کە زۆرینەی دەسەڵاتدارانی شیللی ژنن، غەزەبی لێ گیراوە، زیاتر لەبەر ئەوەی کاتێک کۆنسوڵی شیللی بووە لە سیلان، وەک خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا ددانی پێدا ناوە، لاقەی ژنێکی کردووە. نووســـەری گەورەی شیللی خاتوو ئێزابێل ئالێندێ لەو بارەیەوە گوتوویەتی: “ناکرێت پەلاماری کارە ئەدەبییەکانی نیروودا بدرێت، ئاخر پیاوێک هەڵەی کردبێت شتێکە و کارە ئەدەبییە باڵاکانی شتێکی ترە، ئاخر کەسمان نییە هەڵەمان نەکردبێت.” جێی ســـەرنجە، ئەوانەی هێرش دەکەنە ســـەری، ژنانێکن سەر بە بەرەی
چەپ، ئەو سەنگەرەی کە شاعیر تا ژیا، لەوێوە بە گژ ستەمکاراندا دەچووەوە. نیزار قەبانی کە دەیگوت: (پۆشـــاکم لە پێستی ژنان چێ کرد و هەرەم لە گۆی مەمک،) ئەوە بە ناوی خۆیەوە قسەی نەدەکرد، بگۆ لەوێدا شەهریارە نەک شاعیر، ئاخر بەدرێژاییی تەمەنی، دوو جـــار ژنـــی هێنا، هاوژینی یەکەمـــی لێی جودا بووەوە و ئەوی دووەمیشـــی بەر تەقینەوە کەوت. مەحموود دەرویش لە کۆڕێکی شـــیعریدا حەز لە ژنێک دەکات، حەزەکە بەئاســـانی بە هاوســـەرگیری دوایـــی دێت، ژنە برازای نیزار قەبانی دەبێت، بـــەڵام کە نیزار قەبانی 1962 لە بەغدا، دەکەوێتە داوی عیشـــقی ئافرەتێکەوە، کەسوکاری ئافرەتە لێی دەچن بە قیندا و کچەی نادەنێ، تا 1969 لە فێســـتیڤاڵی مەربەددا، شـــیعرێک دەخوێنێتەوە و شیعردۆستان تێدەگەن، ڕووی دەمی لەو کچەیە کە ناوی بەڵقیس دەبێت، ئیدی بە کۆمەکی ئەحمەد حەســـەن بەکری، ســـەرکۆماری ئەوســـای عێراق کە خوازبێنیکەران دەنێرێتە ماڵی بابی کچـــە، نیزار قەبانی بە
خۆشەویستەکەی شاد دەبێت.(*) نیزار قەبانی دووان لە شـــیعرە هەرە جوانەکانی خۆی بۆ ئەو ژنە گوتووە، یەکەمیان لە یادی دەیەمین ساڵەی هاوسەرگیرییاندا کە کازم ساهیر کردوویە بە گۆرانی و دووەمیان دوای ئەوەی حیزبی دەعوە، لە 16ی دێسەمبەری 1981دا، سەفارەتی عێراق لە بەیرووت، بە ئۆتۆمۆبیلێکی بۆمبڕێژکراو، لەگەڵ زەویدا تەخت دەکات و شەســـت و یەک کوژراوی لێ دەکەوێتەوە و یەکێک لە قوربانییەکان، (بەڵقیس)ی هاوژینی نیزار قەبانی دەبێت. من دانی، پیا دەنێم بێ لە تۆ، خاتوونێ، نییە کات لە ئاستی، مەمکی لای، ڕاستیدا، ڕاوەستێ خاتوونێ، بناری، مەمکی لای، چەپیشی هەواری، شۆڕش بێ خاتوونێ، بتوانێ، هەم شەرعی، جیهان و هەم نەخشەی، حەڵاڵ و، حەرامیش، بگۆڕێ. *
(*) سوپاس بۆ هەردوو شەوقی: رەییس و بەزیع

ھەواڵی زیاتر