شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

بۆچی ھە‌ندێك ھاوسە‌رگیری لە‌ كاتی گونجاوی خۆیدا ئە‌نجام نادرێت؟

سایه هیوا

هاوسەرگیری بریتیە لە گرێبەستی ڕەزامەندی لە نێوان ئەو کچ و کوڕانەدا كە گەیشتونەتە تەمەنی یاسایی و بەهۆیەوە بەپێی شەرع و یاسا بۆیەکتری حەڵاڵ دەبن، مەبەست لە هاوسەرگیریش پێکەوە ژیان و پێكهێنانی خێزانە لەسەر بنچینەی (خۆشەویستی (المودە) و ڕێز ) وەک ئاین باسی دەکات و بەرپرسیارەتی هاوبەش .
ئەو هۆكارانەی وا دەكەن كچان و كوڕان لە كاتی یاسایی و گونجاو زوتر هاوسەرگیری بكەن زۆرن بەڵام هەندێك لەو هۆكارانە دەخەینە ڕوو: -نەبوونی هۆشیاری لای تاك و ناهۆشیاری كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەدا لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری و دەرەنجامەكانی دوای ئەم پرۆسەیە. -كاریگەری دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر بەشێکی زۆری هاوڵاتیان بەتایبەت لە ڕابردودا كە كچان و كوڕان لە تەمەنێكی كەمدا هاوسەرگیریان ئەنجام داوە.

  • هەژاری و سەختی بارودۆخی ژیان وگوزەرانی خێزانەكان، کەناتوانن مناڵەكانیان بەخێوبكەن، بەتایبەت لەنیوان خێزانە قەرەباڵغەكاندا.
  • نزمی ئاستی هۆشیاری دایك وباوك(خێزان) كە ئاستی بیركردنەوەیان لەسەر پرۆسەكە بەشێوەیەك نزمە تەنیا مەبەستیان ئەوەیە منداڵەكانیان زوو بچنە ناو ئەو پرۆسەیە و لە کۆڵیان ببنەوە، ئیتر بیر لە داهاتو و دەرئەنجامەكانی ئەو جۆرە هاوسەرگیریە
    ناكەنەوە.
  • پێشێلكردنی یاسا هۆكارە بۆ زیادبوونی ئەو پرۆسەیە، هەرچەندە ئامانجی یاسا دیاریكردنی ئەرك و مافی هاوڵاتیانە و سەپاندنی سزایە بەسەر كەسی سەرپێچیكاردا، بەڵام چاوپۆشیکردن و لاوازی لە جێبەجێ كردنی یاسا و سەپاندنی سزاكاندا وای کردوە ئەم جۆرە هاوسەرگیریە تائێستاش بەردەوام بێت، هەروەها تاكەكانی كۆمەڵگەش هۆشیاری یاساییان كەمە بێ ئاگان لە و یاسایانەی تایبەتە بە هاوسەرگیری و مەرجەکانی، ئەوانەشی کە بەیاگان لەم بابەتە دەچن لەدەرەوەی دادگاكان یاخود ناوچە جێناكۆكەكان ئەم جۆرە لە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن.
  • بە چاولێكەری و ویستێكی كاتی بە كاریگەری تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و دراما بیانیەكان بەبێ ئەوەی ئاگاداری بەرپرسیاریەتەكانی ژیانی هاوسەرگیری بن ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام دەگەیەنن و لە دواتردا پەشیمانی تەواوی ژیانیان داگیردەكات.
  • بەداخەوە هۆکاری ئاینیش یەکێکە لە گرنگتریین هۆکارەکان ئەویش بریتیە لەوەی کە دەقە ئاینیەکان و شەریعەتی ئیسلامی رێگە دەدات کچان و کوڕان لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵیەوە هاوسەرگیری بکەن بۆ چارەسەركردن و ڕێگریكردن لە هاوسەرگیری پێشوەختە پێویستە هەندێک ڕێگە چارە بگیرێتە بەر:
  • پێشكەشكردنی بەرنامەی چڕوپڕی هۆشیاری لەلایەن یاساناسان و کۆمەڵناسان و دەرونناسان و تەنانەت پزیشکانی پسپۆریشەوە لە ڕێگەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە مەبەستی هۆشیاركردنەوە و ڕاستكردنەوەی سەرجەم ئەو بیركردنەوە هەڵانەی ئەو پرۆسەیە زووتر دەهێنێتە ئاراوە.
  • دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو و ئارام ودوور لە ترس وتوندوتیژی بۆ كچانمان و گەشەپێدانی ئاستی خوێندن و ڕۆشنبیریان.
  • ڕەتكردنەوەی بیرۆكەی هاوسەرگیری بەر لە كاتی گونجاوی خۆی و بەرچاو روونکردنەوەیان لە نادروستی و نا یاسایی و ناشارستانیەتی ئەو پرۆسەیه.
  • بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری تاك و خێزانەکان بەوەی كە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە كێشە وگرفت و جیابوونەوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
  • زیادكردنی سەنتەرەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكان و دانانی كەسی پسپۆڕ و شارەزا و توێژەری لێهاتوو، هەروەها پسپۆڕی دەروونناس چونکە ئەوانە ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە كەمكردنەوەی ڕێژەی ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری.
  • جێبەجێكردنی یاسا وهەمواركردنەوەی سەرجەم ئەو بڕگانەی پەیوەندی بەم پرۆسەیەوە هەیە و سزادانی ئەو کەسانەشی لەدەرەوەی یاسا یان لەدەرەوەی هەرێم بە دزیەوە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە پێشوەختەیە ئەنجام دەدەن.
    لە کۆتاییدا،هاوسەرگیری تەندروست خێزانی تەندروست بەرهەم دەهێنێت، خێزانی تەندروستیش منداڵی تەندروست بەرهەم دەهێنێت و خێزان و منداڵی تەندروستیش کۆمەڵگهی تەندروست بەرهەم دەهێنێت، بۆیە ئەرکی هەمووانە ڕێگری بکەین لە هاوسەرگیری ناتەندروست و پێکهێنانی خێزانی ناتەندروست.