وتووێژ

حەمەسەعید حەسەن

لە کوردستانیش ناوبەناو (هۆنراوە)ی دەنووسی، جا کێ لە کوردستان (هۆنراوە) نانووسێت! بەش بە حاڵی خۆم کەس شک نابەم، نەینووسیبێت. بڕوا ناکەم لە بواری زۆربڵێیدا کەس شان لە شانی ڕەحمان کێوەڕەشی بدات، ئەگەر گوێگری هەبێت، یەکبینە قسە دەکات، نە وێرگول دادەنێت، نە خاڵ، بواری بەڵێ و سەرلەقاندنیش بۆ بەرانبەرەکەی ناهێڵێتەوە،
دەڵێیت قارەمانی ڕۆمانی جیمس جۆیسە.
من پێشـــتر ســـووکە پێوەندییەکم لەگەڵ هەندێک شاعیری ڕاستەقینەدا هەبوو، خەســـڵەتی هاوبەشیان کەمدوویی بوو. لە بیرمە کە کلۆد ســـیمۆن خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، لە وەڵامی پرســـیاری: (بۆچی دەنووسیت)دا، گوتی: چونکە توانای قســـەکردنم نییە. بە منداڵی، بەسەرهاتێکم دەربارەی سەرتاشێکی چەنەباز خوێندبووەوە، ڕەحمان ئەو سەرتاشەی وەبیر
دەهێنامەوە و هەرگیز بڕوام نەدەکرد، کەسانی هەڵەوەڕ ببن بە شاعیر و نووسەر.
ڕەحمان لە کار دەر کرا، شـــیعریش زادەی بێکارییە، ئیدی دەستی دایەوە شیعرنووسین، دەتگوت تووشی خوێنبەربوونی شیعری هاتووە. شیعری بۆ هەموو گۆڤارە کوردییەکانی ئەرووپا دەنارد، بەڵام هەمیشە ناوی خۆی لە پۆستەی خوێنەراندا دەبینییەوە. ناچار بڕێک شـــیعری لـــە نامیلکەیەکدا کۆ کردەوە، کە بە قەوارە، هێندەی دەفتەرێکی خزمەتی ســـەربازی دەبوو. ڕەنگە بەو کارەی بێبایەخترین کۆشـــیعری، بە کتێبخانەی کوردی بەخشـــیبێت، ئاخر لە هەندێک جێی ئەو دیوانە ســـووکەڵەیەیدا، باسی شـــتی ئەوەندە پیســـی کردبوو، خوێنەر دەکەوتە هێڵنجدان. هەر بەو نامیلکەیە ئارامی نەگرت،
کاسێتەشیعریشی بە دەنگی خۆی، کەوتە گیرفانییەوە و هەر ناسیاوێکی دەبینی، دانەیەکی پێشکەش دەکرد.
لە سوێد شاعیری کورد نییە گۆڤار دەر نەکات، ڕەحمان سوودی لەو دیاردەیە بینی و بە زۆر بێت یان بە خوایش، خۆی لە شـــاعیرێکی سەرنووســـەر نزیک خستەوە، شـــاعیر بۆ هەر کوێ چووبا، لە خزمەتیدا دەبوو، دەیگەیاندە هەموو کۆڕ و پرســـەیەک، ئیدی گونجی بەختی بەربوو، شـــاعیری سەرنووسەر ناوبەناو شـــیعرێکی بۆ بڵاو دەکردەوە، وای لێ هات کە پێکـــەوە بۆ کۆڕێک دەچوون، هەندێک دەیانگوت: ئەوە دەنگێک و نووزەیەک هاتن، دەنگەکە شـــاعیرەکە و نووزەکەیش ڕەحمان بوو. جاری وا هەبوو کەســـانی داخلەدڵ، تەواو پێیان لێ هەڵدەبڕی و بە (دوو مەیموونە چێشـــتلێنەرەکە)یان دەچوواندن. نەخێر کار لە شیعردا نەما، ڕەحمان کەوتە نووسینی ڕەخنەیش. دەڵێن: (ترسنۆک بە خاڵی خۆی دەوێرێت،) ئەویش هەر کە هاتە دەســـت، لوولەی ژەنگنی چەکی بێ فیشـــەکی، ئاڕاســـتەی دوو نووسەری گومناوی هاوشارۆچکەی
خۆی کرد.
جارێکیان نووســـەرانی کورد لە ســـوێد، بۆ داکۆکیکردن لە هاوڕێیەکی کوردستانیان، کە جەللادێکی کوردی قەڵەموەشێن بەگیری هێنابوو، ئیمزا کۆ دەکەنەوە و هەواڵی شـــاعیری سەرنووســـەر لە ڕەحمان دەپرســـن، ئەویش هەردوو پێیان لێ دەکاتە یەک تاک کەوشـــی میللی و لەژێر ڕێژنەی پاڕانەوەدا ناچاریان دەکات، ناوی (وی)یش بنووسن. ڕەحمان کە ناوی
خۆی، لەنێوان نووسەراندا دەبینێت، لاقی لە زەوی دەبڕێت و خۆی لێ دەبێت بە نووسەرێکی پێنج ئەستێرە.
ڕۆژێک شـــاعیری سەرنووســـەر بە ڕەحمان دەڵێت: واز لە شـــیعر بهێنە، تازە زەحمەتە ببیت بە شـــاعیر، ئاخر شاعیرە مەزنەکان هەر لە ئۆســـکار وایەڵد و ڕامبۆ و بۆدلێر و پووشـــکین و لۆرکاوە، تا ئەلشـــابی و فەرووغ و دڵدار و ســـوارە، هەموو لە تافی لاویدا ژیانیان لە دەســـت داوە، تۆ کە ســـەرت بۆیە دەکەیەوە، درەنگە بۆ شـــیعرگوتن، ڕەخنە بنووسە،
بەڵام پێویست ناکات هەموو جارێک ماستاو بۆ من سارد بکەیەوە، ئەگەرنا خوێنەر لە ڕاستگۆییت دەکەوێتە گومانەوە.
ڕەحمـــان حەبـــی ئەو توانجانەی پێ قووت نەدرابوو، بە گژ وەســـتایدا چووبووەوە و گوتبووێ: تۆ خۆت هەمیشـــە دژی کولتووری خێڵ دەنووسیت، کەچی لە سەرخێڵ خێڵەکیتریت، لە ئەورووپا ژنت هەیە و دەچیت لە ئاسیایش ژن دەهێنیت، نە ئەمی ئەورووپات دەزانێت لە ئاســـیا ژنت هێناوە، نە ئەوی ئاســـیات دەزانێت لە ئەورووپا ژنت هەیە. بۆچی هاوزەمان دوو ژن بـــۆ تـــۆ ڕەوایە و من بۆم نییـــە لە هەردوو بواری ڕەخنە و هۆنراوەدا کار بکـــەم! مامەحەمەیەتییەکەیش هەر لە خۆتەوە فێر بووم، جیاوازییەکەمان مەگەر تەنیا هەر ئەوە بێت، تۆ بۆ کاربەدەستانی دەکەیت و من بۆ گۆڤاربەدەستان.
کـــورد کاتێک وتووێژ لەگەڵ دوژمنانیانـــدا دەکەن، دڵیان فراوانە، بەڵام لەنێوان خۆیاندا تەنگەچیکڵدانەن. لەو وتووێژەوە ژێی پێوەندیی نێوان دەنگ و نووزە پسا، دەنگ دەروازەی گۆڤاری بە ڕووی نووزەدا داخست، نووزەیش کەوتە کلکەلەقێ
بۆ شاعیرێکی دی کە سەرنووسەری گۆڤارێکی تر بوو

ھەواڵی زیاتر