ھە‌ندێ(غە‌ریزە‌) لە‌ناوت نە‌بە‌ن،بە‌ھیلاكت دە‌بە‌ن

گوهدار ئاكرهیی

مێژووی زۆر لە مرۆڤەکان لە بیرێک زیاتر نیە، کە لە سروشتێکی ناتەواو سەرچاوەی گرتووە. هەموو بیرکردنەوەیان تایبەتن بە غەریزەی چێژێکی یەکلایەنە، لە دەرنجامی کەم توانست ئەقڵیان، ناتوانن هاوسەنگیەگ لەنێوان پێویستیەکانی خودی خۆی لە کۆمەڵگەکەیدا بدۆزێتەوە، سروشتێکی وا وەربگرێت، خوشبەختیەکە بۆ خودی خۆی و بەرامبەرەکەی هەبێت. بە بەردەوام تەنیا ئەو شوێنانە دەناسن کە غەریزەکانیان تیا تێر دەکرێت، یا تێنویان تیا دەشکێت، مەبەستیشم شوێنە نەشیاوەکانن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەم مرۆڤانە لە ئەنجامەکەی ناترسن بەچ شێوەیەک دەگات. چونکە ئەم کەسانە غەریزەکانیان هەندە فرەوانن، پێشبینیان نیە لە ئامانجەکانیان، نە دەتوانن رەتیان بکەنەوە یا هەست بە بوونیان نەکەن.
جا ئەوەی ئێمە مەبەستمان باسی لێوە بکەین، بزانین هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە، بتوانین بە پوختی و بە کورتی هۆکارەکەی دیار بکەین بە قەد پێویست. لە سەرەتا ئەوەی زۆر پێویستە و گرنگە باسی لێوە بکرێت، ئەم مرۆڤانە خاوەن توانای زانینی فرەوان نین، تاوەکو تێگەیشتنیان لە مەرامەکانی سروشتی شتەکان فرەوانتر بێت، ئەو رێگایە هەڵبژێرن کە پەیوەندی ئەقڵ و یاساکانی سروشت بەیەک ببەستنەوە. بەڵکو بەپێچەوانەوە خزمەتکاری حەز و ئارەزووەکانیانن، لەڕادەبەدەر هەر شتێکیش! بەپێی پێویست نەبێ بە هیلاکی دەبات، یا زۆر جار ئایندەکەی بە کارەساتێکی تراژیدانە کۆتاییی پێ دێت.
هۆکارێکی تریش کە مەرجە ئاماژەی پێ بکرێت، ئەم مرۆڤانە دژمنی گەورەیان، فێرگەی زانستیەکانن، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارەساتە و بەمەش زۆر دوور دەبن، لە واقعێکی ئاسایی و هەوڵەکانیان لە دنیای راستیدا نابن، بەپێچەوانەی دەنگە هێواشەکەی ناو ناخ و دەروونی مرۆڤێکی زانستی بەتوانا و ئەقڵێکی پڕ، کە ئێمە پێی دەڵێین ویژدان. کە بەهۆیەوە کۆنترۆڵی غەریزەکانی دەکا. غەریزەکانی پەلکێشی چێژە تاکلایەنەی ناکات، بەپێچەوانەوە پەیڕەوی یاساکانی سروشت دەکات، کە ئەم یاسایانە هۆکاری خۆشی و ئارامی بۆ هەموو مرۆڤەکانە. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان دەرباز بن لەم نەهامەتیە کە بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی زیانی زۆریان هەیە، دەبێ ئەوە بزانین لەلای هەموو مرۆڤەکان ئەم غەریزانە بوونی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی سادە و ئاساییە نەک بێسنوور و ئەم غەریزەیە ئەگەر لە زگماک نەبێت وەک نەخۆشیەک. لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی مرۆڤەکە چارەسەریەکە زۆر ئاسانترە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ بدرێت، بتوانن لەم غەریزانە تێبگەن، تاوەکو هەندە تێنووی ئەم غەریزانە نەبن، بەشداربن لەو کۆڕ و سیمنارانەی کە تایبەتن بەم غەریزانەوە، لە لایەن ببێتە شتێکی ئاسایی، نەک بە هیلاکەتی ببا لە ئایندەدا .

ھەواڵی زیاتر