قۆناغی دوازدە‌یە‌م و خۆئامادە‌كردنی قوتابی بۆ خوێندن

بەكر كەریم حەسەن*

سیاسەتمەداری ئەمریكی ئیلیزا بیس وارن دەڵێ فێربوونی باش دانانی بنچینەیەكە بۆ پاشەڕۆژێكی درەوشاوە.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی تاقیكردنەوەكانی پۆڵی دوازدەی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانیەوە و ئەو هەموو پەرتەوازەیی و پەرشوبڵاوی و دوودڵی و ڕاڕاییەی كە وا لە قوتابی دەكات بە ئاسانی نەتوانێ زاڵ ببێ بەسەر بارودۆخەكەدا و بە جوانی جێگیر بێت و ئۆقرە بگرێت، بۆیە هەوڵ دەدەم لە چەند وتارێکد رێگا و هەنگاوەكانی خوێندن و خوێندنەوە و پێداچوونەوەی وانە و بابەتەكان بە شێوەیەكی ڕاست و بێوەی و كاریگەر باس بكەم، كە وا لە قوتابی بكا پاڵپشت
بە خوای گەورە سەر کەوێ.
پێش هەموو شتێ پێویستە قوتابی خشتە و بەرنامەیەكی رێك و پێك دابڕێژێ بۆ خوێندن كە بتوانێ جێ بەجێ بكات و پاپەند بێ و لەگەڵ ڕەچاوكردنی كاتەكانی پشوو و نانخواردن و نوستن كە هەمیشە یارمەتیدەر دەبێ لەسەر هەستكردن بە خاوبوونەوە و هێوركردنەوەی هزر و بیر و دووركەوتنەوە لە ڕاڕایی و دوودڵی لە كاتی خوێندنەوە و پێداچوونەوەدا.
گرنگترین كات بۆ خوێندن بەیانیان زووە، بۆیە بەیانیان گرنگە كاتژمێر ٤،۳۰ چوار و نیو هەڵسان لە خەو و نوێژكردن، پاشان بۆ ماوەی پێنچ خولەك هەندێ ڕاهێنانی وەرزشیی كورت، دواتر پێش كاتژمێر (٥)ی دەست بە خوێندن تا كاتی نان خواردنی بەیانی گرنگترین كاتە بۆ خوێندن، لەگەڵ ڕەچاوكردنی وەرگرتنی پشوویەكی (۱٥)خولەكی بۆ هەردوو كاتژمێرێك، وا باشترە كاتی دانانی خشتەی خوێندن بە كاتژمێر نەبێت، چونكە ئاسان نابێت پاپەند بوون بۆ ماوەیەكی درێژ، بۆیە بە بۆچوونی من وا باشترە بۆ نموونە كاتی بەیانیان كاتژمێر(٥-۸) خوێندن بێ، دواتر لەگەڵ وەرگرتنی چەند خولەكێك بۆ ماوەی (۱۰-۲۰) خولەك پشووی كورت یان ڕۆیشتن بە پێی لە ناو ژوور، چونكە ڕۆیشتن خانەكان چاڵاك دەكاتەوە، هەروەها كاتی چێشتەنگاو كاتی دەوروبەری (۹-۱۱.٥) دووبارە خوێندن، دواتر لە (۱۱،٥تا ۱۲.٥) نوستن و پشوودان دەوروبەری كاتژمێر (۱) ی نان خواردنی نیوەرۆ، لە كاتژمێر (۲-٦،٥) خوێندن لەگەڵ وەرگرتنی نیو كاتژمێر پشوو وەرگرتن، دواتریش كاتژمێر(۷-۸) نانی ئێوارە، ئینجا لە كاتی شەو كاتژمێر(۸-۱۰) پێداچوونەوە بەو بابەتانەی خوێندراوە بە ڕۆژ، پاشانیش لەدوای كاتژمێر(۱۰،٥)ی شەو خۆئامادەكردن و چوونە سەر جێگا بۆ نووستن، واتە كاتژمێر(۱۰،٥-٤،٥)ی بەیانی نووستن بێ، لە بیرمان نەچێت لە هەر ڕۆژێك خوێندنەوە تەرخان نەكرێ بۆ چەند بابەتێك، وا باشە ڕۆژانە یەك بابەت یان دوو بابەت بە پێی توانا و ڕاهاتن و زاڵبوونی قوتابی بە سەر بابەتەكە تەرخان بكرێ تا تەواوی دەكات، ئینجا بچێتە سەر بابەتی تر، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر بگونجێ شوێنێكی ئاسودە و خامۆش و هێمن بێت، نابێ لە ژووری چێشتخانە و نوستن و ژووری سەرە ڕێ بێ، بەڵكو لابەلا و دوور بێ لە هاتوچۆی لە ئەندامانی ماڵەوە و مێوان، پێویستە قوتابی خۆی ڕزگار بكات و دووربكەوێتەوە لە هەموو پەرشوبڵاوی ژاوە و ژاو پەرتەوازەیی و هەموو ئامێرێكی تەلەفزیۆن لاپتۆپ و مۆبایل و فیسبووك و تویتەر و سناپ و ئەوانی دیكە بكوژێنێتەوە و بەكاریان نەهێنێ لە كاتی خوێندن، چونكە ناتوانێ بخوێنێ تەنها لە كاتی پشووەكان ئەگەرهاتو زۆر پێویست بوو بۆ ماوەیەكی كورت بەكاریان بهێنێ و بیرو هزری بەو ئامێرانە سەرقال و پژگال نەكات.
توێژینەوە وای دەرخستووە ئەو قوتابییانەی كەوا ئەو پەرتەوازەیی و
پەرشوبڵاویە لە دەوروبەری خۆیان كەم دەكەنەوە نمرەی باشتر بەدەست دەهێنن، لەگەڵ پەیڕەوكردنی ئەو خشتەیە، لە بیرت نەچێت پێش هەموو شتێ سیقە و متمانەت بە خودا هەبێت ئینجا بە خۆت هەبێت، چونكە هەموو ماندووبوون و هەوڵدانێك بێ شك و گومان بەرهەم و ئەنجامی نایابی دەبێت، پاڵپشت بە خوای گەورە. لە وتارەكانی دیدا درێژەی پێ دەدەین.

ھەواڵی زیاتر