پە‌یامێك، بۆ ڕابوونە‌وە‌ و پێگە‌یشتن

هاودەنگ فاروق

نێچیرڤان بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەێمی كوردستان ڕوون و ڕاشكاوانە پەیامی بە حزبەكەی خۆی و یەكێتی ڕاگەیاند، كە دەبێ دەستی حزب لە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگە بكشێننەوە. لە ڕاستیدا، مەسەلەی یەکڕیزکردن و تێكەڵكردنەوەی هێزی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی دەستی حزبەكان لەو هێزە چەكدارە، جگە لەوەی ئاواتێکی ســـاڵەهای ســـەرۆک بارزانی و خواستێکی گەلی کوردستانە، چەندین سوودی هەنووكەیی و ئایندەییشی هەیە.
ســـوودە هەنووكەییـــەكان، بریتین لە داواکاری ئەمریكاییەكان و هاوپەیمـــان کە چەندین جار دووپاتیان كردۆتەوە كە بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، وابەستەیە بە تێكەڵكردنەوەی ئەو هێزانە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
بۆیە دروســـتکردنی هێزێکی چەکداری نیشتمانی، مسۆگەری هاریكارییەكی زۆر گرنگی نێودەوڵەتییە بۆ كورد كە ئەوەش چ لە ڕووی مادی و چ لەڕووی لۆجیســـتیكییەوەو نابێ ئەم دەرفەتە لەدەســـت بدرێت، چونکە لەدەستدانی كارەساتێكی گەورەیە بۆ كورد و هیچ سەرچاوەیەكیش ناتوانێ بەدیلی ئەو هاریكارییە بێت لەم دۆخەی ئێستادا.
هەروەک لەئاستی دوور مەوداشدا، تێكەڵاوكردنەوەی ئەو هێزانە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بە واتای درووستبوونی سوپایەكی نیزامیی خاوەن ئەدگاری دەوڵەتی دێت، سوپایەك كە دەست لە كاروباری سیاسی ناوخۆیی وەرنەدات و بەشێوەیەكی پیشەییانە سنوورەكانی كوردستان بپارێزێت.
لێرەدا خاڵێك كە جێگای پرســـیاری جیددییە لەو پێداگرییەی دۆســـتەكانی كـــورد لەلایەك و هەروەها لەنێو وتارەكەی ســـەرۆكی هەرێمی كوردستانیشدا، ئەوەیە: ئەوان بۆ پێداگریی دەكەن لە دروستكردنی ســـوپایەك بۆ پاراســـتنی سنوورەكانی كوردســـتان؟ ئایا ئەو پێداگرییە بەشـــێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا پێداگریی نییە لەوەی كە كوردستان سنووری هەبێت؟ سنوورێك لەبار بێت بۆ بەرگریلێكردن؟ ئایا ئەوە بەمانای دروســـتبوونی دەوڵەت و قەوارەیەكی یاســـایی گەورەتر لە هەرێمێك نایەت؟ ئەگەر وا نەبووایە، ئەوكاتە تەنیا ســـوپای ئێراق بەس بوو بۆ بەرگریكردن لەســـنوورەكانی و بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەوپێیەی “هەرێم بەشـــێكە لەئێراق!” بۆیە بەبێ دوودڵی دەتوانین بڵێین: هێزێكی یاسایی لەم شێوەیە، بۆ پاراستنی سنوورەكانە! ئیدی لەوەشدا پەیام و ناوەڕۆكێكی گەورەتر لەوە هەیە كە بمانەوێ لە چەند دێڕێكدا شرۆڤەی بكەین.