بە‌بۆنە‌ی خۆڵبارینە‌كە‌ دە‌بێ بترسین!

زکری مووسا

گۆڕانی كەشوهەوا و تێكچوونی ژینگە هەڕەشەیەكی زۆر جیددی و هەمەلایەنەیە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. هەڕەشە و ئاسەواری ئەم مەترسییە ئەوەندە گەورەیە كە دوور نییە بە هۆیەوە شارستانیەتی مرۆڤ تووشی وەستان ببێت.
نوێترین ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ڕوونی باس لەوە دەكەن كە جیهان بەرەو سنووری مەترسیداری بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هەنگاو دەنێت و كەوتووەتە سەر ڕێگەیەكی هەڵەوە. ئەمە وا دەكات زۆر شوێنی جیهان چیتر توانای ئەوەیان نەبێت میوانداریی ژیانی ڕووەك و ئاژەڵ و مرۆڤ بكەن. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە جیهانییەكان ئێستا گەرمبوون خێراتر بووە و ئەو گەرمبوونەی كە دەبوایە لە ٥۰ ساڵ ڕوو بدات لە ۹ ساڵی دواییدا ڕووی داوە. لە لایەكی ترەوە پێنج ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵەكانی سەد ساڵی ڕابردوو بوون و بەرزبوونەوەی ناونجی ساڵانەی ئاستی ئاوی دەریاكانیش بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیستەم سێ قاتە كە لە دەرئەنجامی توانەوەی بەستەلەكەكان هاتووەتە ئاراوە. هەروەها لە دوای ۱۹٥۰ شەپۆڵەكانی گەرما بە بەراورد لەگەڵ شەپۆڵی سەرما لە ناوچە جیاجیاكانی گۆی زەوی هەمیشە توندتر و درێژخایەنتر بوونە كەچی شەپۆڵەكانی سەرما خێرا تێپەڕیون. هەموو لێكدانەوە و پێشبینییەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە نەوەكانی داهاتوو ژیانێكی سەختتریان دەبێت و دەبێ لەگەڵ بابەتێك دەستوپەنجە نەرم بكەن كە لە سەرووی تواناكانی مرۆڤە. بێگومان ئەم دیاردە جیهانییە زۆر بە خێرایی كاریگەری لەسەر سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ناكۆكییە هەرێمایەتییەكان بەجێدەهێڵێت. خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نوێ و كێبڕكێ بۆ وەدەستخستنی سەرچاوەكانی ئاو و وزە و ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و پەتا و نەخۆشی و دابینكردنی خۆراك دەبێتە ئەولەوییەتی كاری دەوڵەتان. هەروەها لەگەڵ نەبوونی پابەندبوون و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیشدا گۆڕانی كەشوهەوا دەبێتە هۆی بەرپابوونی شەڕ و كێشمەكێشی نێوان
وڵاتان لەسەر ئاستێكی بەرفراوان.
وەك هەر قەیرانێكی تریش ئەو وڵاتانەی لاوازن یانیش لە جیۆگرافیایەكی خەراپدان و خاوەنی ژێرخانێكی پتەوی ئابووری و تەكنەلۆژیا نین دەكەونە هەڵوێستێكی سەخت و تاقەتپڕوكێن، كەچی كەمترین ڕۆڵیشیان لە تێكدانی كەشوهەوادا هەیە. وڵاتانی ئەفەریقایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاندید و قوربانیی سەرەكیی ئەو هەڕەشە گەورەیەن كە لە سەدەی بیستویەكدا یەخەی مرۆڤایەتی دەگرێت. لەنێوانیشیاندا عێراق ڕەنگە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە بێت كە ڕەشەبای بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و بێ ئاوی دەیگرێتەوە.
وردەكاری و ئاماری زانایان لەبارەی چارەنووسی ئەو وڵاتانە و بە تایبەتی عێراق لە بابەتی كەم ئاوی و وشكەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ترسێنەرن. ئەو ترسە كاتێك هێندەی تر خۆی دەردەخات كە دەبینین وڵاتانی دەوروبەر بە بێ گوێدانی یاسای نێودەوڵەتی سەرقاڵی گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەكان و وشككردنی ئەو سەرچاوانەن كە ملیۆنها ساڵە سرووشت دایڕشتووە و عێراق لێی بەهرەمەندە. وشكبوونی ئاوی سیروان یەكەم زەنگی ئەو مەترسیەیە كە لەسەرەوە باس كراوە. عێراق بەو هەموو گرفتە سیاسی و ئابووری و ئیداری و ئەمنییەی هەیەتی بە هیچ شێوەیەك ئەو ئامادەیەی نییە بتوانێ ڕووبەڕووی بەڵایەكی ترسناكی وەك گۆڕانی كەشوهەوا ببێتەوە. ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش بەجێ دەهێڵێت. ڕەنگە هێشتا وەختمان لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی لە كوردستان بتوانرێ ئامادەكاری بۆ ئەو سەردەمە تازەیە بكرێت. بەڵام ئەگەر ڕاستیتان دەوێت ئەو كاتە بەردەستە كەمە و پێویستی بە خێرایی و دەستوبردی هەیە.
لە هەرێمی كوردستاندا پێویستە بابەتی پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا ببێتە ئەولەوییەتێكی سەرەكی و بە دیدێكی ستراتیژی سەیری بكرێ. هۆشیاریی ژینگەیی لای هاووڵاتیان و داڕێژەرانی پلان و سیاسەت و بەڕێوەبردن و لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی پێویستە قووڵتر بكرێت. دەبێ لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا هەرێمی كوردستان بتوانێ وزە و كارەبای پێویست بۆ قۆناغی قەیرانی كەشوهەوا گەرەنتی بكات. هەروەها بیر لە دروستكردنی بەنداوی بچووك بە ژمارەیەكی زۆر بكاتەوە و هاوكاتیش كار بۆ پاڵاوتنی ئاوی پاشەڕۆكان و فراوانكردنی پانتایی سەوزایی لەناو شارەكان و دەوروبەری شارەكان بكات. ڕێوشوێنەكانی پتەوكردنی ژینگە و دەستگرتن بە ئاو و وزە چ لە ئاستی تاكەكەسی یان دەستەجەمعی و حكوومی بەرفراوانن و پسپۆڕانی ئەو بوارە باشتر دەتوانن قسەی لەسەر بكەن. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە دوو خاڵی جەوهەرییە: یەكەم، هەرێمی كوردستان (بە هاووڵاتی و حكوومەتەوە) لەو زەنگە مەترسیە تێبگات و هۆشیار ببێتەوە. دووەم: گۆڕانی كەشوهەوا و بابەتی ژینگە ببێتە ئەولەویەتی بەرنامەكان. چونكە لە ڕاستیدا تۆ هەرچی هەتبێت سوودی نییە ئەگەر ژینگەی لەبارت بۆ ژیان نەبێت.