حەمەسەعید حەسەن
حەلاج (858 – 922) کتێبێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: الطواسین، تەواسین کۆی گاء و ســـینە. گس: ســـوورەتی مێروولە بەو دوو حەرفە دەســـت پێ دەکات، کە بە مانای ئەو چرایە دێت، بە نووری غەیب دەگڕێت. حەلاج لەو کتێبەدا باســـی لە کۆمەڵێک بابەت کردووە، یەکێکیان دیالۆگی نێوان خوا و ئیبلیســـە. کە خوا داوا لە ئیبلیس دەکات، سەجدە بۆ ئادەم ببات، ئیبلیس ئەو ئەمـــرەی خوا جێبەجێ ناکات و دەڵێت:”بێجگـــە لە خوا، کڕنووش بۆ کەســـی دیکە نابەم، خوایە تۆ ئادەمت لـــە قوڕ چێ کردووە و من لە نوور، ناکرێـــت نوور بۆ قوڕ بچێتە ســـەر چۆک. ئادەمیـــش وەک من مەخلووقە، مەخلـــووق تەنیا کڕنووش بۆ خالیـــق بۆ دەبات. لە خزمەتکردنی تۆدا، ئەی خـــوای گەورە، من زۆر لە ئادەم لەپێشـــترم، لەو باڵاتـــر، چاکتر، زاناتر و بەتەمەنتریشـــم.” خوا دەفەرموێت: “ئەوە منم بڕیار دەدەم نەک تۆ، ئەگەر کڕنووشـــی بۆ نەبەیت، ئەوە یاخیبوونە لـــە ئەمری من، هەر چیم گوت، تۆ دەبێت گوێڕایەڵ بیت.” ئیدی ئیبلیس لە قوڕ هەڵکێشـــرا و بۆ هەتا هەتایە
سزا درا.
حەلاج کە دەیویست لە ڕێی سۆفیگەرییەوە، کارێک بکات، ئینسان ژیانێکی باشتر بژی، بۆیە کوشتیان، چونکە نەیاندەویست لێی تێ بگەن. ئەوەی بەو شـــێوە دڕندانەیە کوشتیان، بەڵگە بوو بۆ ئەوەی، تینوویەتیی دەسەڵات بە خوێن دەشـــکا. چونکە دژی باوەڕی بەردین بوو، وەک چۆن لە ســـەردەمی خۆیـــدا کافراندیان، ئیبن تەیمییەی وەســـتای کافراندنیـــش، کافراندی، بە
چاوپۆشین لەوەی: ڕێگەی بەرەو خوا، ئەوەندەی مەخلووقەکانی خوایە.
تەواسین بە زمانێکی جوانی شیعری یان دروستتر، وەک زۆر ئایەتی قورئان بە (سەجەع) نووسراوە: کـــە پەپوولە لـــە دەوری گڕ خوڵ دەخوات، بە ئومێـــدی ئەوەیە، بە باڵایی بگات. ئەوی بە شەرابی ئەڤینی خوا مەست بێت، هەموو نهێنییەک دەدرکێنێت. ئـــەوی بێجگە لە خوا، لە هیچی دیکە بترســـێت، هەموو دەرگاکان بە ڕووی خۆیدا دادەخات. عیشـــق حاڵەتێکە وا لە عاشـــق دەکات، لە غەیری مەعشـــووق کەســـی تر نەبینێت. لەژێـــر هەموو کوفرێکدا ئیمانێک و لەژێر هەموو گوێڕایەڵییەکدا یاخیبوونێک هەیە. خوا داوای شتێک لە بەندەی خۆی ناکات، لە توانایدا نەبێت. خوێنم حەڵاڵ کراوە، ئێوە کە ئیشـــێکتان نییە لە کوشتنی من گرنگتربێت، وەرن بمکوژن، با ئارام ببنەوە. حیکمەت تیرێکە، ئامانجی دڵی باوەڕدارانە، تیرئەندازیش خوای گەورەیە