خێزان لە‌ژێر كاریگە‌ری تێگە‌یشتنە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان

د. ڤیان سلێمان

خێزان سەرەکیترین یەکەی کۆمەڵایەتییە و گەورەترین ڕۆڵی لە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و زۆرترین کاریگەری لەسەر ژیانی تاک ھەیە.
ھەروەھا دامەزراوەیەکی بنەڕەتییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ و باشترین شوێنە بۆ بەخشینی ھەستی ئارامی و دڵنیایی بۆ ئەندامەکانی و سەرچاوەیەکی سەرەکی فێرکردنی بڕوا و بەھا و ڕەفتار و زانینە بۆ تاک بە تایبەتی منداڵ، ھەر بۆیە ھیچ تێز و بڕوایەک ناتوانێت لە گرنگی ئەم ناوەندە کەم بکاتەوە.
بە درێژایی سەردەم و قۆناخە جیاوازەکان لە سەرجەم ڕوانگەکانی دەروونناسی کۆمەڵناسی و ئایینی و فەلسەفی و ئابووری لە خێزان کۆڵراوەتەوە و لە زۆرینەی ڕووەکانەوە جەخت لە گرنگی و کاریگەری کراوەتەوە، ھاوکات ڕەخنەش کراوە و تەنانەت باس لە لایەنی نەرێنیشی کراوە.
لە ڕوانگەی خۆمەوە بە تەواوی لەگەڵ ئەو بۆچوون و تێزانەم کە ئەم ناوەندە کۆمەڵایەتییە بە گرنگ و کاریگەر دەبینن و پێم وایە ھیچ دەزگا و دامەزراوەەیەکی فەرمی و نا فەرمی ناتوانێت جێی بگرێتەوە ھاوکات پێویستە ھەرچی میکانیزم و ڕێکارە بگیرێتە بەر بۆ گرنگیدان بە خێزان، بەڵام ئەوەی پێویستە ڕەچاو بکرێت بنەماکانی پێکهێنانی خێزان و تێگەیشتنە بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئەندامانی خێزان و ئەرکی خێزان، کە یاسا فەرمی و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکان لەم پرسەدا ڕۆڵی سەرەکییان ھەیە. ئافرەت ڕەگەزێکی سەرەکی پێکهێنانی خێزانە و ڕۆڵێکی مەزنی لە خێزاندا ھەیە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە جۆری ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییانەیە کە بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە خێزاندا ھەیە، سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە خێزان ھەروەھا بواری گشتی پێویستە وەکوو یەک بۆ ھەر یەکە لە ئافرەت و پیاو گرنگ بن یاخود ھەریەکە لەو دوو کایە شوێنی ئافرەت و پیاوە وەکوو یەک، واتە بە تەواوی دژی ئەوە بین ھەموو ڕۆڵێکی ئافرەت لە خێزاندا چڕ بکرێتەوە یاخود ھەموو ئەرکێکی خێزان بخرێتە ئەستۆی ئافرەت، ئەو جۆرە بیروڕایانە نەوەک ھەر ھەڵەن بەڵکوو سەرچاوەی بەشێکی زۆری ئەو ئاریشانەن کە لەمڕۆدا خێزانی گیرۆدە کردووە. لە ھەمان کات کەس ناتوانێت لە گرنگی ڕۆڵی ئافرەت لە پەروەردەی خێزان کەم بکاتەوە، بەو پێیەی ئافرەت وەکوو دایک یەکەم مامۆستای ژیانی ھەر مرۆڤێکە، لە کاتی بە ھەند وەرنەگرتنی ڕۆڵی یاخود ڕێگە گرتن لە پێگەیشتنی دەروونی و ھزری ھەروەھا چەوسانەوەی، بە دڵنیایییەوە خێزانێکی نا ساخلەم و نەوەیەکی پڕ گرێ و گۆڵی دەروونی و توندوتیژ بەرھەم دێت.
ئەگەر بە دیدی واقیع یاخود لە ڕوانگەی داتا و ئامارەکان لە باری خێزان و پێگەی ئافرەت لە خێزاندا لە ئێستای کۆمەڵگەکەمان بڕوانین؛ بە دڵنیایییەوە گۆڕانکاری بەرچاو دروست بووە و ئافرەت توانیویەتی زۆر لەو بەربەستانە بشکێنێت کە بۆ ڕۆڵ و پێگەی لە خێزاندا دروست دەکران، یاخود بە ھۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان ھەروەھا پێداویستییەکانی ژیان، بەشێک لەو ڕوانگانەی کە بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە خێزاندا ھەبوو نەماون یاخود کاریگەرییان لاواز بووە، بەڵام لە ھەمان کات تا ئێستاش ئافرەتان لە چوارچێوەی خێزاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و ستەم دەبنەوە، تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕۆڵ و ئەرکی ئافرەت لە خێزاندا سەرەڕای ھەندێک گۆڕانکاری، بەڵام ڕوانینی پیاو یاخود ڕوانینی ھزری پیاوسالاری بە تەواوی تێڕوانینی کۆمەڵایەتی پێک دەھێنێت و ئەو تێڕوانینەش ڕۆڵ و پێگەی یەکسان بۆ ھەر دوو ڕەگەز
بە ڕەوا نازانێت، زۆر جاریش خێزان لەژێر کاریگەری ئەو تێڕوانینە کۆمەڵایەتییانە ناکۆکی بۆ دروست دەبێت. ئەویش کاتێک پیاو یان لە ڕوانگەی ھزری پیاوسالاری خۆی یاخود لەژێر کاریگەری تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکان و پێناسەی کۆمەڵگە بۆ چەمکی پیاوەتی ڕەفتار لەگەڵ ھاوژینەکەی دەکات، وەک ئەوەی کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ بە ئەرکی خۆی نەزانێت و تەنیا پەیداکردنی بژێوی و کایەی گشتی بە کار و بواری خۆی بزانێت لەو ڕوانگەشەوە خۆی بە خاوەنی ھەر بڕیارێکی پەیوەست بە خێزان بزانێت بەو پێیەی خۆی بژێوی خێزان دابین دەکات، تەنانەت کاتێک ئافرەت کاری دەرەوە دەکات و ھاوبەشە لە پەیداکردنی بژێوی خێزان، دیسان ھەر خۆی بە خاوەن ڕا و بڕیار دەزانێت و بڕوای بە پرەنسیپی ھاوبەشی و ھاوسەنگی نییە. یان وەکوو ئەوەی شەرەفی خۆی بە جەستەی ئافرەتانی خێزانەکەیەوە ببەستێت و لە کاتی ھەر ڕەفتارێک کە لە دیدی پیاوسالاریدا بۆ ئافرەت یاساخ کراوە ژیانی ئافرەت مەحکووم بێت بە لەناوبردن بە تاوانی لادان لە نەریتی کۆمەڵایەتی و بە پاساوی
گەڕانەوەی شەرەف بۆ خێزان و بنەماڵە و ھۆز.
ئەوەی ئاماژەمان پێ کرد تاکە ھۆکاری کێشەکانی خێزان نییە و دەکرێت ھۆکاری دیکە ھەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی باڵادەستی ھزری پیاوسالاری لە بڕوا و ڕەفتاری پیاو ھەروەھا کاریگەری تێگەیشتنی گشتی کۆمەڵایەتی کە بەرھەمی ھزری پیاوسالارییە، ھۆکاری سەرەکی ناکۆکی و کێشەکانی خێزانە لە نێوان ھاوسەران یاخود تاکی پیاو و ئافرەتی خێزان، ھەر خودی چەوسانەوەی ئافرەت لە خێزانەوە دەست پێ دەکات، ئەوەش لەژێر کاریگەری تێگەیشتنە
کۆمەڵایەتییەکان و لە ئەنجامی ھزری پیاوسالاری كە‌ ڕۆڵی گەورەی لە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا ھەیە، ھەر بۆیە ھەر ھەوڵێک بۆ گۆڕانکاری لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە خێزان و چەسپاندنی پرەنسیپی ھاوبەشی و ھاوشانی لە خێزاندا، بۆ کەم کردنەوە و نەھێشتنی توندوتیژی پیاو بەرامبەر ئافرەت، وەرەتا دەبێت بە فیلتەری گۆڕانکاری لە تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکاندا گوزەر بکات کە ھاوکاتی پرۆسەیەکی دیکەی گشتگیر بێت لە بوارەکانی ئابووری و یاسایی و سیاسی. گۆڕانکاری لەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییانە فاکتەری ھەرە سەرەکین بۆ گۆڕانکاری لە تێگەیشتن لە چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ھاوسەرگیری و خێزان و پیاوەتی و ئافرەت بوون، دواتریش گۆڕانکاری لە بار و ڕەوشی خێزان و پەیوەندی نێوان ھاوسەران و ئەرک و ڕۆڵی ھەر یەکەیان، کار بکرێت بۆ ئەوەی خێزان ببێت بەو دامەزراوەیەی کە کەشێکی ساخلەم بۆ تاکەکانی دابین بکات و نەوەیەکی دەروون دروست پێبگەیەنێت و ھێز بە پرەنسیپەکانی ھاوبەشی و ھاوشانی و پەیوەندییەکانی ڕێز و خۆشەویستی ببەخێت و بۆ کۆمەڵگە پەخشیان بکات.

ھەواڵی زیاتر