باوە‌ڕت نوێ بكە‌رە‌وە‌ و بە‌ردە‌وام بە‌

عومەر چنگیانی

گوتاری یەکەم هەینیی مانگی شەواڵی١٤٤٣ کە کردیە پێنجی مانگەکە بەرانبەر بە شەشی ئایاری ۲٠۲۲کە بە زمانی عەرەبی لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا، جەنابی مامۆستامەلا (عمادالدین) نووسیبووی و مامۆستامەلا جەعفەر گوانی کورداندبووی بە زاراوەی سۆرانی و منیش کردمە توێشووی ١٥٤هەمین گوتاری جومعانەم لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا؛ لە گوڵخەرمانی ئەمجارەماندا پوختەیەکی دەخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز، کە وەگێڕانی
دەقەکان و گۆڕینی زمانەکەی لە گوتارەوە بۆ وتار و نووسین کاری منە.
پێشەکی
لە سەدودوانزەهەمین ئایەتی سوورەتی هووددا، خوای گەورە ڕووی گوتاری لە دوا پەیامگەیێنی خۆی محەمەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – و شوێنکەوتوانی دەکا و دەفەرمێت: (وەک فەرمانت پێ کراوە بەردەوام بە لە گرتنەبەری ڕێگای ڕاستی؛ هەمان چەشنە ئەوانەیش کە لەگەڵ تۆدان و بۆ لای خوا گەڕاونەتەوە و تەوبەیان کردووە سنووری میانڕەویەتی نەبەزێنن و لەوە بەئاگا بن کە خوای باڵادەست لەسەر ئاکار و کردەوەکانتان بەئاگایە و هەمووشتیک دەبینێت).
ڕوونتر بیڵێین: ئیمانت بە خوای گەورە نوێ بکەرەوە، بە دڵ و زوبانت
یادی بکەرەوە، هەموو ماناکانی ئیمان لە زەین و هۆشتدا کۆ بکەرەوە، پاشان بەردەوام بە و لەسەر باوەڕە ڕاستەکەت خۆڕاگر بە؛ ئەو تاعەت و خواپەرستیانە بکە، کە جێگای ڕەزامەندیی خوای گەورەن، بە گوێرەی توانست فەرمانەکانی خوا جێبەجێ بکە، خۆت لە تەواوی نەهی و قەدەغکراوەکانی بپارێزە، جا هەرچۆنێك بن، لە هەر شوێنێكدا بن، لە هەموو کات و ساتێکدا، نەک لە مانگێک و لە مانگێك نا، بەڵکو تا گیان لە لاشەت دەردەچێت.
ئیستیقامەت و بەردەوامی؛ واتە: گرتنەبەری ڕێگای ڕاست، کە ئایینی ڕاستی (ئیسلام)ە بەبێ هیچ لاکردنەوەیەک بۆ لای ڕاست و چەپ، ئەمەش لە ڕاستیدا هێنانەدیی ئەو بەندایەتییەیە، کە مرۆڤ و جنۆکەی بۆ دروست کراون، ئەمە بەڵگەیە لەسەر تەواویەتیی باوەڕ و جوانی و باشەی ئیسلام، ئەمە خواستە گەورەکەی مرۆڤی مسوڵمانە.
تەوەری یەکەم/ هۆکارەکانی بەردەوامی: بەردەوامبوون هۆکاری زۆری هەیە، کە هەندێکیان باس دەکەین:
١- دڵسۆزی و ئیخلاس بۆ خوا، پشت پێ بەستن، داواکردنی هیدایەت و خۆڕاگری لە خوا، ئەمە یەکێك بووە لە دۆعاکانی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێت.
۲- چاولێکردنی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – لە ئیمان و چۆنیەتیی کاری باش و ڕێبازەکەی، بەبێ زیادەڕەوی و کێماسیکردن.
٣- ئارامگرتن و پەلەنەکردن و لێپێچینەوە لە نەفس.
٤- دانیشتن لە کۆڕی زانایان و چاکەکاراندا. تەوەری دووەم/ بەرهەمەکانی بەردەوامی لەسەر ئایینی ڕاستەقینە:
١- خۆشەویستیی خوا بۆ مسوڵمانی بەردەوام و خۆڕاگر، بە هەمان شێوە وەدەستهێنانی خۆشەویستی و پێزانینی خەڵک، کە دەبێتە جێگای متمانەی خەڵک لە دنیادا.
۲- کەسی خۆڕاگر دەگاتە کەرامات و پلەی بەرزبەرز لەم دنیا و ئەو دنیایشدا.
٣- ئۆقرەگرتنی دڵ لەبەر پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ خوای گەورەدا، بەمەش پارێزراو دەبێت لەوەی تووشی گوناح و سەرپێچییە لەناوبەرەکان ببیت.
٤- لە کاتی سەرەمەرگدا فریشتەی خوا دادەبەزنە سەری و مژدەی خۆشی پێ دەدەن.
٥- لە دواڕۆژیشدا کەسی خۆڕاگر و بەردەوام، دەگاتە ڕەزامەندی و بەهەشتی خوای گەورە، کە هەرچی دڵ حەزی لێبکات و چاو چێژی لێ ببینێ و لێی تێر نابی، تێیدا هەیە.

ھەواڵی زیاتر