نه‌وت ڕاده‌ست بکه‌ن دنیا ده‌بێته‌ شامی شه‌ریف!


سیامند سێلکی
وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ڕاگه‌یێنراوێکی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزدا، ده‌لێ: کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بڕیاری دادگای فیدرالی به‌سه‌ر کوردستاندا جیبه‌جێی بکه‌ین ! واته‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕێگای هێزه‌وه‌ بڕیاری دادگای به‌ناو فیدراڵی عێراق له‌باره‌ی نه‌وتی کوردستانه‌وه‌ جیبه‌جێی ده‌کات و ده‌ست به‌سه‌ر نه‌وتی کوردستاندا ده‌گرێت !
له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی ڕاگه‌یێنراوه‌که،‌ به‌رپرس و په‌رله‌مانتارانی (یه‌کێتی و گۆڕان و، ئیسلامی سیاسی و نه‌وه‌ی نۆێ) وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌نگیان له‌داردا دۆزیبێته‌وه‌ له‌میدیاکانیانه‌وه‌ و، دوور له‌لۆژیک و ئه‌قڵانیه‌ت و له‌پێناو ڕازیکردنی دڵی نه‌یارانی کورد لێکدانه‌وه‌ی عه‌جیب و غه‌ریب بۆ ڕاگه‌یێنراوه‌که‌ ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن وا لای خه‌ڵک وێنا بکه‌ن که‌ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که‌ جێبه‌جێ بکرێت و نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بکرێت، دونیا بۆ کورد ده‌بێته‌ شامی شه‌ریف و پارتی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبیه‌کانی خۆی نه‌وت راده‌ست ناکات !
بێگومان ئه‌گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌رشیفی ڕاگه‌یاندنه‌کان، به‌ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌بینین و ده‌بیستین که‌ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی ئێستا کوێرانه‌ پشتیوانی له‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای به‌ناو فیدرالی ده‌که‌ن و داوای راده‌ست کردنی نه‌وتی کوردستان ده‌که‌ن، پێش ڕووداوه‌کانی خیانه‌تی شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ریش به‌م ئه‌قلیه‌ت و بیرکردنه‌وه‌یه‌ دژی ئه‌وه‌ بوون کورد ته‌حه‌کوم به‌نه‌و‌تی کوردستانه‌وه‌ بکات و، ده‌یان گوت: ئه‌گه‌ر نه‌وتی که‌رکووک به‌ده‌ستی به‌غداوه‌ بێت، داهاته‌که‌ی بۆ خه‌لکی که‌رکووک ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌و خه‌لکی که‌رکووک خه‌نی ده‌بن !
به‌لام هه‌روه‌ک بینیمان دوای خیانه‌تی شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ر که‌ نه‌وتی که‌رکووک که‌وته‌ ده‌ست حه‌شدی شه‌عبی، نه‌ک ته‌نها داهاته‌که‌ی بۆ که‌رکووکیه‌کان نه‌گه‌ڕایه‌وه ‌و پێی خه‌نی نه‌بوون وه‌کو ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ ئیدعایان بۆ ده‌کرد، به‌ڵکو سه‌روماڵی خه‌ڵکی که‌رکووکیش له‌لایەن حسن پلایس و هاوڕێکانیه‌وه‌ حه‌ڵاڵ کرا !
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر کردنه‌ ئه‌وانه‌ی تا ئه‌و کات دژی ئه‌وه‌ بوون نه‌وتی که‌رکووک به‌ده‌ست کورده‌وه‌ بێت و پێیان وابوو ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست به‌غداوه‌ بێت خه‌ڵکی که‌رکووک خه‌نی ده‌بێت . ئێستا جورئه‌ت ناکه‌ن به‌ سوکه‌ ڕه‌خنه‌یه‌کیش باس له‌و زولم و ناحه‌قیه‌ بکه‌ن که‌ ڕۆژانه‌ له‌لایەن حسن پلایس و هاوڕێکانیه‌وه‌ ده‌رحه‌قی خه‌ڵکی که‌رکووک ده‌کرێت. که‌چی بێ شه‌رمانه‌ پشتیوانی له‌بڕیاره‌ شۆڤینیه‌که‌ی دادگای به‌ناو فیدرالی عێراق ده‌که‌ن و داوا ده‌که‌ن که‌ هه‌ولێر نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بکات!
بێ گومان دوای خیانه‌تی شازده‌ی ئوکتوبه‌ر نه‌وتی که‌رکووک چه‌ند بۆ خه‌لکی که‌رکوک بوو ، ئه‌گه‌ر نه‌وتی کوردستانیش ڕاده‌ست بکرێت هه‌ر هێنده‌ بۆ خه‌لکی دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانی ده‌بێت .
به‌م پێیه‌ تاکه‌ چه‌ک و تاکه‌ کارت که‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ قه‌واره‌ی فیدرالی به‌ده‌ست کورده‌وه‌ مابێت نه‌وتی کوردستانه‌. تا کورد نه‌وتی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت ئه‌وه‌ سه‌روماڵ و که‌رامه‌تی مرۆڤی کورد و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پارێزراو ده‌بن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌وت ڕاده‌ست بکات، کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاڵی سفر و هه‌موو شتێکی له‌ده‌ست ده‌چێت و، ناتوانێت خاوه‌ندارێتی له‌سه‌روماڵ و که‌رامه‌تیشی بکات.
ئه‌مه‌ ڕاستیه‌ و دوژمن و نه‌یارانی کورد و ئه‌کراده‌کانیان به‌ر له‌هه‌ر که‌سێک ئه‌م راستیه‌ ده‌زانن، بۆیه‌ پێکه‌وه‌ و به‌نه‌فه‌سێکی دوژمنکارانه‌ هه‌موو رێگایه‌ک تاقی ده‌که‌نه‌وه‌ تا بتوانن ئه‌و چه‌که‌ به‌هێزه‌ له‌ده‌ست کورد ده‌ربێنن. له‌م سۆنگه‌وه‌ و له‌پێناو پاراستنی شکۆی مرۆڤی کورد و گه‌رانتی کردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ کوردستانیان، پارتی و هه‌ولێر نرخه‌که‌ی هه‌رچی بێت ده‌ست به‌و چه‌که‌ به‌هێزه‌وه‌ ده‌گرن و پارێزگاری لێ ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ت مێژووش پێمان ده‌لێ : ته‌سلیم بوون له‌فه‌رهه‌نگی سیاسی ڕێبازی بارزانیی نه‌مر و پارتیدا نه‌بووه ‌و ناشبێت.