دوانە‌ی گە‌ندە‌ڵیی و جاشێتیی!

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هیچ كەس ناتوانێت نكولی لەو گەندەڵییە بكات كە گەیشتۆتە ڕادەیەكی ترسناك و ئایندەی ئەم وڵاتەی خستۆتە بەردەم تونێلێكی تاریك. چونكە نكۆڵیكردن لەو واقیعە نەجێگای بڕوایە و، نە هیچ سودێكیش بەچارەسەركردنی دیاردەكە دەگەیەنێت.
لەلایەكی تریشەوە، هیچ كەس ناتوانێت و كەسی ژیریش نایەوێت بەرگری لەدیاردەی گەندەڵی بكات. چونكە بەوە قوڕەكە خەستتر دەبێتەوە و، ئیدی كۆمەڵگە دەكەوێتە بەردەم پێكدادانێكی زۆر قورس كە بەتەواوی هەموومان لەناو دەریای بێ بنی قەیرانەكاندا
دەخنكێین. ئەڵبەتە زۆرجار دۆخی لەم شێوەیەی كەئێستا لەكوردستان هەیە، لەجێگا و ناوچەكان و وڵاتانی تریش هەبوون و بەپێكدادانی توندی كۆمەڵایەتی كۆتایی هاتووە.
ئەوەش جێگای ترسە گەورەكەیە و، هەركەس خۆی بە دڵسۆزی ئەم خاك و خەڵكە بزانێت، نەك نابێ بەشداری بكات لە گەندەڵیدا، بەڵكو نابێت تەنانەت بە وشەیەكیش بەرگری لێ بكات. بەپێچەوانەوە، پێویستە لەڕەگەوە چارەسەری ئەو دیاردە مەترسیدارە بكرێت و، هەر
ئەمڕۆش دەسپێبكرێت نەك سبەینێ.
ئەگەرچی گۆڕینی كەلتوری كۆمەڵگە زۆرجار چەند نەوەیەكی دەوێت، بەڵام سەرەتاكەی لەخاڵی سفرەوە دەبێت و، پێویستە كەلتوری گەندەڵی بەگوێرەی ڕێوشوێنە پەروەردەیی و یاساییەكان بۆ ئاستی سفر كەم بكرێتەوە. ئەگەرنا، هەموومان لەناو كەشتییەكداین و دواجار شەپۆلەكانی ئەم دەریا بێڕەحمەی گەندەڵی، نوقممان دەكات و، مێژووش بەدێڕێكی پڕ لەنەفرین زیاتر، یادمان ناكات و ئاماژە بەهەبوون و كاریگەریمان ناكات.
بەڵام پرسیارە گەورەكەی ئەم كایەی قەڵاچۆكردنی گەندەڵییە ئەمەیە: ئایا ڕەوایە بۆ لەناوبردنی گەندەڵی، پەنابەرینە بەر جاشێتی؟.
ئایا ئێمە ناچارین لەڕقی گەندەڵێك ببینە جاش؟.
ئەوەی جێگای سەرسامیی قووڵ و نیگەرانیی قووڵترە، ئەوەیە میدیاكان و حیزبە سیاسییەكان، ماوەی چەندین ساڵە بێ پسانەوە خەڵكی هاندەدەن بۆ ئەوەی پرۆسەی جاشێتی بۆ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان ئاسایی بكەنەوە. ئەوان دروستتر لەدۆسیەی نەوت و لەدوای بڕیارە سیاسییەكەی دادگای فیدراڵی ئێراق، بەردەوام ئەوە دەدەنەوە بەگوێیی هاووڵاتییدا كە ڕادەستكردنی نەوتی كوردستان بەداگیركەر، شتێكی ئاساییە و خێری خەڵكی كوردستانی تێدایە.
لێرەدا كە دەپرسیت ئەمە بۆ دەكەن؟ لەوەڵامدا دەڵێت: چونكە لێرە گەندەڵی هەیە.
یاخود كاتێ بەلۆژیك دەیسەلمێنیت كە ڕادەستكردنی نەوت یان هەر شتێكی تر بەداگیركەر، داڕووخانی نیشتمان و بەهاكان و نەتەوەی بەدوادادێت، دەستبەجێ تۆمەتی ئەوەت بۆ دروست دەكەن كە تۆ پشتیوانی لەگەندەڵیی دەكەیت. وەك ئەوەی قەدەری ئێمە لەنێوان
جاشێتی و گەندەڵییدا قەتیس بووبێت و ڕێگەی سێیەممان لەبەردەمدا نەبێت.
ئەوانە لەبیری خۆیانی دەبەنەوە، كەلارەمل بوون و سازشی نەتەوەیەك لەبەردەم دەوڵەتێكی داگیركەردا، ڕازیی بوون بەو داگیركارییە، ڕازی بوون بە زەوتكردنی ئیرادەی نەتەوەیەك و جاشێتی كردن بۆ نەتەوەی سەردەست، دایك و بنەڕەت و شاڕەگی گەندەڵییە. هەموو جومگەكانی گەندەڵی، لەفیكر و بیركردنەوەی دژ بەوڵات و نەتەوەو نیشتمانەوە دیزاینی خۆیان وەردەگرن و ڕەنگڕێژییان بۆ دەكرێت.
لەڕاستییدا شەپۆلی ئەمجارەی جاشایەتی لەمێژووی كورددا مەترسیدارترین شەپۆلە.
چونكە ئەگەر لەقۆناغەكانی ڕابردوودا، جاشێتی لەبەرپاراستنی ڕۆح و بژێوی و لەژێر فشاردا بوبێت، ئەوا جاشێتی ئیستا بە وشیاری تەواوەوەیە و چەندین كەناڵ و حیزب بەبەرنامە و بەئاگایی و بەئامانجی مەدروس فیكری جاشێتی و پاساوی جاشێتی بۆ داگیركەر بڵاو دەكەنەوە، هەموو ئەوەش بەپاساوی دژایەتی گەندەڵی كە خەڵكە سادەكەی پێدەخەلەتێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەر ئەو حیزبانەی كە ئەمڕۆ هانی جاشێتی دەدەن، خۆیان لەبنەڕەتەوە دەستی سەرەكییان لەدروستكردنی گەندەڵی هەیە، تاكو زەمینە سازی بكەن و پاساو دروست بكەن بۆ ئەوەی هانی خەڵك بدرێت ڕازی ببن بە سەردەستەیی نەتەوەیەكی تر بەسەر نەتەوەكەی خۆیاندا.
مەبەستمە بڵێم: ئەم شەپۆلەی جاشایەتی كە چەند حیزب و میدیا و قەڵەم بەدەست،
لەخولگەكەیدا دەسوڕێنەوەو كاری تێدادەكەن، بەشێوەی بەرنامەداری قۆناغ بەقۆناغ و بەوشیاری تەواوەوە كاری لەسەر كراوە، قۆناغی یەكەمیان ئەوەبوو گەندەڵیی و دزی و دەغەڵی لەهەموو سێكتەرەكانی حوكم و كۆمەڵگەی كوردستان بڵاو بكەنەوە، تاكو ڕادەی
ئەوەی خەڵك وا هەراسان ببێت كە قۆناغی دووەم قبوڵ بكات.
قۆناغی دووەمیش ئەوەیە كەبەناوی دژایەتی گەندەڵییەوە داوای ڕادەستكردنی نەوت و بڕیار و سەروەری نەتەوەیەك بە داگیركەر دەكەن. لە قۆناغی سێیەمدا لەبانگەشە دەردەچن و پێ دەنێنە ناو قووڵاییە كردەییەكانی دەریای بێ بنی جاشێتییەوە.
ئیدی سەردەمی پێكدادانە قورسەكەی نێو كۆمەڵگەی كوردستان بەچاوی سەر دەبینین.
چونكە بەملیۆنەها مرۆڤی كورد هەن، كە دژی گەندەڵین و لەهەمان كاتدا دژی جاشێتین و ڕێگە نادەن قەدەری ئەم وڵاتە بەناوی دژایەتی گەندەڵییەوە بدرێتە دەست كۆمەڵێك جاش و لارەملی بەردەم داگیركەرانی ئێراقی.

ھەواڵی زیاتر