ھە‌ڵھاتن یان دۆڕاندن!

زانا توفیق بەگ

لەدوای دەرکردنی مەرسومی سەرۆکی هەرێم بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، کە دەکاتە ١٠/١ /٢٠٢٢ هەندێ هێزی سیاسی لە چەند بەلاغێکدا، داوای دواخستنیان کرد، بە پاساوی هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆن هاوکات گوڕانکاری لەدەستەی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆن وە بانگەشەی ئەوەیان کرد ، کە پابەند نابن بە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەوە.
دەمەوێ لێرەدا هەندێ سەرنج بخەمە ڕوو لەسەر هەندێ هێزی سیاسی یان ئیسلامی ، کە ئاستەنگ دەخەنە بەردەم پڕۆسەی هەلبژاردن وە نایانەوێ لەو واقیعە تێبگەن کە ڕێژەی دەنگەکانیان کەمی کردووە .
لە جیهاندا هیچ هێزێکی سیاسی نادۆزیتەوە کە بەدواداچوون نەکات بۆ ڕێژەی دەنگەکانی، یان لایەنی کەم هەوڵی ئەوە نەدا بزانێت هێزی جەماوەری حیزبەکەی لەچ ئاستێکدایە، بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانی، تا لە ترێمی داهاتووی هەڵبژاردندا بتوانێ کێرڤی دەنگەکانی زیاد بکات. ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ کە پێداگری دەکەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردن باقی هێز و گروپە سیاسیەکانی دیکە لە پەلەقاژییەی دواخستنی ڕۆژی هەڵبژاردنن لە ڕێکەوتی دیارکراودا .
یەکێتی نیشتمانی کوردستان موکڕە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، چونکە لە هەندێ سەرچاوەی نافەرمیەوە باس لە وە دەکرێ ، کە ڕێژەیەکی زۆری دەنگەکان لە ئەگەری هەڵبژاردندا دەچێت بۆ نەوەی نوێ و پارتی. وە خۆری یەکێتی لە ئاوابووندایە لە زۆنی سەوزدا وە کەم بوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی لە ناوچەی سلێمانی و دەروبەردا یەکسانە بە نەمانی دەستبەسەراگرتنی داهاتی سلێمانی و کەم بوونەوەی هێزی سەربازی یەکێتی و لاواز بوونی پێگەی سیاسی لە ناوخۆ و هەرێمایەتیدا .
لێکەوتەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردن و بەشدارینەکردنی قەلەمڕەوی یەکێتی لەترسی کەمبوونەوەی دەنگەکان، کاریگەریەکی نەگەتیڤی بۆسەر سومعەی سیاسی و کۆی دامەزاوەکانی هەرێم دروستدەکات بەتایبەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی دیموکراسی و ئەورپاییدا . لەناۆخۆی کوردستان تاکە هەناسەیەک بۆ داهاتووی هاونیشتمانی ، بریتیە لە سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئاڵوگوڕی دەسەڵاتی سیاسی و باشترکردنی دۆخی ئابووری و سیاسی، کە مافێکی سروشتی خەڵکە، وە هەر هەنگاوێک بە ئاڕاستەی لێسەندنەوەی ئەو مافەی هاونیشتمانی وە ڕێگری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هەر هێزگەلێکەوە بێت . واتای چوونە دەرەوەیە لە گەمەی دیموکراسی و سیاسی وە دروستکردنی کەڵکەڵەی دیکتاتوری لەناو دەسەڵاتی سیاسیدا . هەر بۆیە لەم دیدگایەوە دۆڕاندن باشترین بژاردەیە بەراورد بە هەڵهاتن بۆ ئەو هێزانەی کە دژی پڕۆسەی هەڵبژاردنن.