پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

چۆن پرۆسە‌ی سە‌رپە‌رشتیكردنی پە‌روە‌ردە‌یی نوێ بكرێتە‌وە‌

بەكر كەریم حەسەن*

مامۆستا و تاربێژ ئەمریكی ئیدوارد ئیفریت دەڵێ ” فێركردن وڵات دەپارێزێ باشتر لە سپایەكی رێكخراو”.
سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی بەشێكی دانەبڕاوە لە كارگێڕی پەروەردەیی و پرۆسەیەكی گرنگە لە سیستەمی پەروەردەیی بە تایبەت پرۆسەی فێركردن و فێربوون، ئامانج لێی گەشەكردن و پەرەپێدان و باشتركردنی توانا پیشەیی و كەسییەكانی كارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان و قوتابیان بە گشتیی باشتركردنی پرۆسەی فێركردن و فێربوون. لە ئەنجامی چاودێری كردن و بەدواداچوون و چالاك كردنی گەشەی بەردەوام لە كۆی پرۆسەی پەروەردە و كاراكتەرەكانی پرۆسەكە بە گشتی، واتە كارگێڕی پەروەردەیی پێویستی بە سەرپەرشتیاری كردنی پەروەردەیی هەیە، كە هەردەم پێویستە یارمەتیدەر بێ لە دۆزینەوەی كەموكوڕی و هەلەكان و چارەسەركرنیان و گەشەكردنی ئاستی ئەدای پەروەردەیی قوتابخانەكان بە گشتیی لە هەموو ڕوویەكەوە لە پێناو چاككردنی زیاتری كۆی پرۆسەكە، لەبەر ئەو گرنگی و بایەخەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پرۆسەی پەروەردە بە گشتیی كە باسمان كرد، جگە لەوەش نامەوێ بە درێژی باسی ئەرك و گرنگی بەرپرسیاریەتی كەسی سەرپەرشتیار بكەم كە چاودێری كردن و سەرپەرشتی كردنی كۆی پرۆسەی فێركردن و فێربوونی لە سەر شانە بە هەموو وردەكارییەكانەوە لە قوتابخانە و كارگێڕی و مامۆستا و قوتابی و پرۆگرام و خولەكانی ڕاهێنان و بەدواداچوونی بەردەوام لە سەر هەڵسەنگاندن و بەهێزكردنی كۆی پرۆسەكە و جێگیریی كەسایەتی پەروەردەیی وشارەزایی لە رێنماییەكان و ویژدان زیندوویی و بە ئاگایی و دادپەروەری و هەبوونی باكگراوندی ڕۆشنبیری كە ئەوانە هەموویان ئەلف و بێی كاری سەرپەرشتیارین، لێرە نامەوێ باسیان بكەم. ئەوەی كە لام گرنگە لەو وتارەدا چۆن پرۆسەی سەپەرشتیكردنی پەروەردەیی نوێی بكرێتەوە بە بەردەوامی و مەرج و پێوەرەكانی هەڵبژاردنی سەرپەرشتیار چی بێت؟
بێگومان گرنگە وەزارەتی پەروەردە گرنگی زیاتر بە پرۆسەیەی سەرپەرشتیكردن بدات و لەلایەن ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی سەرپەرشتیاری لە وەزارەتی پەروەردە زیاتر جەخت لە سەر وردەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە بكەنەوە، ئەویش بە دۆزینەوە و دانانی كۆمەلێ مەرج و پێوەری نوێی دیاری كراو بۆ هەڵبژاردنی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە گشتیی و داڕشتنەوەی كۆمەلێ ئامانج و دەرئەنجامی ڕوون و دیار لە پرۆسەی سەرپەرشتیكردن و دیاری كردنی ئامانجەكانیان و بەشداری كردنی سەرپەرشتیاران لە خول و بەرنامە پەروەردەییەكان، پێویستە ئەو كەسەی دەبێتە سەرپەرشتیار بە كردار لە ناو قوتابخانە و مامۆستایەتی كردبێ و وانەی بە قوتابیان گوتبێتەوە لە زۆربەی قۆناغەكان و، كاری بەڕێوەبەری قوتابخانەی كردبێت و شارەزایی هەبێت لە كاری بەڕێوەبەری و مامۆستایەتی و قوتابی و قوتابخانەی دیتبێت، چەندەها ساڵ بە كرداری لە قوتابخانە ڕۆلی مامۆستایەتی یان كارگێڕی هەبوو بێت، خاوەن بڕوانامەی بە كالۆریۆس بێت و كەسێكی بەتوانا و شارەزا و پسپۆڕ و دڵسۆز بێت و هیچ سزایەكی پەروەردەیی نەبێت و بەئاگا و وشیار بێت و زانیاری هەبێت لە سەر كاری پەروەردەیی و سەرپەرشتیاری لە وڵاتە پێشكەوتووەكان و، لە هەڵسەنگاندنەكانیش بە گشتیی شارەزایی پەروەردەیی باشی هەبێت، جگە لەوەش پێویستە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ سەرپەرشتیاران بە گشتیی ئەنجام بدرێت و مەرج نییە ئەوەی ببێتە سەرپەرشتیار ئیتر تەواو تا خانەنشینی هەر سەرپەرشتیار بێت و دەست لە خۆی بەر بدات، پێویستە بەردەوام سەرپەرشتیاران خۆیان ئەپدێت بكەنەوە و گرنگی بە تواناكانیان بدەن و لەلایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی ورد لە سەر ئەدا و توانا و شارەزایی و چالاكییەكان بكرێ و ئاگادار بكرێنەوە، ئەو كات زیاتر گرنگی بە كۆی پرۆسەكە دەدرێ، دەتوانرێ بە بەردەوامی دەستەبژێرێك لە سەر پەرشتیارانی دڵسۆز و بەتوانا و شارەزا و بە ئەزموون بەردەوامی بە پرۆسەكە بدەن و بەردەوام ڕاپۆرت و توێژینەوەیان هەبێ لە سەر كۆی ڕووداو ئەگەر و پێشهاتە پەروەردەییەكان و پێشنیار و ڕاسپاردەیان هەبێت لە سەر كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و فێربوون بە گشتیی.