ئە‌ی كێ بە‌ڕۆژنامە‌نووسان بڵێ:١٢٤ساڵ زۆرترە‌ یان ٣١ساڵ؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ڕۆژی ٤/٢٢ یادەوەریی ١٢٤ھەمین ساڵەی بڵاوبوونەوەی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی بوو. ھەر ئەو ڕۆژەش كراوە بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی. ئەوەی جێگای سەرسامییە، ڕۆژنامەنووسان كە دەبێ چاوتیژترین توێژی كۆمەڵگەی كوردستان بن، ھاوكات دنیابینی و كارەكانیان، پرۆژە و یادەكانیان، ئەدا و بیركردنەوەیان، لە توێژەكانی تر جیاوازبێت، كەچی بەداخەوە پێچەوانەكەی دەبینین.
لەڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردیدا، ڕۆژنامەنووسان لەبری پێداچونەوە بەكارە زۆر و بۆرەكانیاندا، لەبری سەیركردنی دۆخی سەندیكا كە تەواو پەرێشانەو، چەندین ساڵ بەسەر وادەی ھەڵبژاردنیدا تێپەڕیوە، لەبری دانانی میساقی شەرەفی كاری ئیعامی، لەبری تۆكمەكردنی مافەكانی ڕۆژنامەنووسان بە یاسا، لەبری ھەوڵدان بۆ دەركردنی ڕۆژنامەگەری كوردی لە لۆكاڵی بوون و گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەك بۆ
بەجیهانیكردنی ڕۆژنامەو میدیای كوردی، لەبری و لەبری..ھتد.. سێكتەری ڕۆژنامەگەرییش، نقوم بووە لەو قوڕەدا كە كۆمەڵگەی كوردی بەرھەمیهێناوە. ئەم سێكتەرەش وەك سێكتەرەكانی تر، بووەتە ئاوێنەی كەلتوری كۆمەڵگە. ئەگەر وانیە بەچیدا بزانین كە یادی ڕۆژنامەگەری لەو یادانەی تر جیاوازتر و ڕاقیتر بوو كە لەكۆمەڵگەی كوردستاندا گوێبیستیان دەبین؟.
لەو یادەشدا ڕۆژنامەنووسان كە ھەمیشە خنجێریان لەكێان دەرھێناوە بۆ قسەكردن لە ھەموو شتێكی كۆمەڵگە و برینداركردنی ھەموو لایەك، لەخۆیان نەپرسی: ئەو خەڵاتانەی دابەشكران، لەسەر چ بنەمایەك بوون؟ كێ و كام لیژنە ھەڵسەنگاندنی كرد؟ چۆنە وا دوو كەس لەماڵێكدا خەڵات بیانگرێتەوە؟ بەڵام ڕۆژنامەنووسی تر بەدەیان و سەدان بەشداری قووڵەوە لەكولەكەی تەڕیشدا باسی نەبێت؟ كێ دیاریكرد بەشدارانی كۆنگرە بەناو نێودەوڵەتییەكە كێ بن؟ ئەو كۆنگرەیەی كە تەنانەت بەزمانی كوردی لەسەر تابلۆی بەخێرھاتنەكەی نەنوسرابوو؟ چۆن دەبێ ڕۆژنامەنووس زمانی نەتەوەیی خۆی لەكۆنگرەیەكدا لەبیر بچێت؟ كەسیش قسەی لەسەر نەكات؟ بەڵام ئەگەر بەڕێوەبەری ناحیەیەك، خزمەتگوزاری قوتابخانەی كوێرە گوندێكی دوورەدەست ھەڵەیەكی ئیداری بكات، بابای ڕۆژنامەنووس لە سەدان پەپچ و سایت بڵاوی بكاتەوە؟. كێ بەڕۆژنامەنووسان بڵێ: لەبری دابەشكردنی خەڵات لەناو خۆتاندا، بیرێك لەو نەخۆشییە ترسناكە بكەنەوە كە ئێوە لەناو فەزای ڕۆشنبیری كورددا بڵاوتان كردۆتەوەو، سایت و بڵاوكراوەكانتان كردووە بە خراپترین كۆڵانەكانی شەڕە جنێو و تەشهیر و درۆكردن و بێ ئومێدكردنی خەڵك و توڕەكردنی خەڵك لەھەموو شتێكی كورد؟.
كێ بەڕۆژنامەنووسان بڵێ: ئێوە كەدوای ١٢٤ ساڵ نەتانتوانیوە خەڵك تێبگەیەنن لەوە ی ڕۆژنامەگەری پیشەیە نەك ئینتیمای سیاسی، ئیتر بۆ ڕەخنەدەگرن لەحكومەتی ھەرێم ئەگەر نەیتوانی بێت لە ٣١ ساڵدا كارەكانی ستاندارد بكات و كۆتایی بە كێشەكانی كۆمەڵگە بهێنێت؟ ئایا ١٢٤ ساڵ زۆرترە یان ٣١ ساڵ؟.
كێ بەڕۆژنامەنووسان بڵێت: ئەگەر سایت و پەیچەكانی ئێوە نەبن، خەڵك چ زیانێك دەكات؟ ئێوەیەك كە نەتوانن بە نزیكەی ١٠ ساڵ، ھەڵبژاردنی سەندیكایەكی پیشەیی بەڕێ بكەن، ئیتر بۆ ڕەخنە لە كەرتی نەوتی كوردستان دەگرن كە پەیوەندی بەھەموو بازاڕی وزەی جیهانەوە ھەیە؟. ئێوە كە نەتوانن میوانەكانی كۆنگرەیەك لەسەر بنەمای پیشەیی دەستنیشان بكەن، ئیتر بۆ ڕەخنە دەگرن كە وەزارەتێك نەتوانێ كارەكانی خۆی ڕێك بخات؟.
ئەی ئەبێ كێ بە ڕۆژنامەنووسان بڵێت: ١٢٤ ساڵ زۆرە، ئێوە بۆ تا ئیستا فێرنەبوون كە ئاسایشی نەتەوەیی لەسەروی ھەموو شتێكی ترەوەیە، كامتان بەشێوەی دروست ڕاھێنانتان كردووە لەسەر پاراستنی ئەمنی قەومی، ئەگەر ئێوە دەزانن ئەمنی قەومی چییە، بۆچی وا سایت و پەیچ و دەزگاكانتان ھیچ كارێكیان نیە جگەلە بانگكردنی دوژمن بۆ كورد و تێكدانی میزاجی گشتی خەڵكی كوردستان و دروستكردنی دوژمنایەتی تازە لەنێو خەڵكدا و
ھەڵدانەوەی پەڕەی دوژمنایەتییە كۆنەكان؟.
ھەر بەجدی كێ بەڕۆژنامەنووسان بڵێت: تۆ كێی خۆت ئەخەیتە جێگای دادگا و بەرلەوەی ھیچ سەرەداوێكی تاوانێك یان ڕووداوێك دەربكەون، بەخەتی درشت دەنوسیت: بەپەلە، نهێنی و وردەكارییەكان ئاشكرا بوون!.