سفر ھیچ بە‌ دە‌ستە‌وە‌!

فارس نەورۆڵی

ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ بیرکردنەوەی دوێنێی ھێزە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران بکەیت، ئەگەر چی لەبەر ھەلومەرجەکان دروشمی سیاسی جیاوازییان ھەبووبێت، بەڵام ھەمیشە کەڵکەڵەی کوردستانی گەورە لەسەریاندا بووە.
ئێستا ھەرێمی کوردستان بە ھەموو کەم و کورتیەکانیەوە قەڵای ھەر کوردستانییەکە لە ھەرکوێ بێت، جا خۆی بیەوێ یاخود نەیەوێت.
بۆیە کەوتنی ئەم ھەرێمە کەوتنی کۆی کوردستانیانە، لەتبوونی ئەم ھەرێمە لەتبوونی ئایندەی کوردستانە. کەچی ھێز گەلێک تایپێک لە ڕۆشنبیر (ھەرچەندە زۆرێک لەو مەخلوقەی ناوی ڕۆشنبیرە بۆ خۆی بەشێکە لە کارەساتەکە)، ئێستا دێن و تەپڵی دوو ئیدارەیی لێدەدەن. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کێشە لە بیرکردنەوەیاندا ھەیە ھەر لە سەرەتاوە ھێزی بیرکردنەوەیان نەبوەو تەنها نمایش کارن. بە بڕوای من ئەو جۆرە بیرکردنەوانە دەتوانین
پۆلێنیان بکەین بۆ سێ جۆر:
١- ھەندێکی لە نەزانیەوەیەو ھەر ئەوەندەی لێ دەزانێت.
٢- بەشێکیان لە نیەت پاکی و کورتبینیەوەیە، پێیان وایە دوو ئیدارەیی کۆی کێشەکان چارەسەر دەکات و نازانێ دوو ئیدارەیی گورزێک لە کورد ئەسرەوێنێ، کە بۆ سەدەیەکی دیکە ھۆش نەکاتەوە کەچی بەڵایەکی بەسەر خۆی ھێناوە.
٣- بەشێکی لەژێر کاریگەری ئەو شەڕە زیهنییەیە کە دوژمنانی ئەم ھەرێمە بە بەرنامە بەڕێوەی دەبەن.
بۆیە پێویستە ئەم سێ تایپە لە مرۆڤی کورد ڕاچڵەکێنرێن و ھۆشیاربکرێنەوە بەوەی، کە یاداشتەکانی ئەم نیشتیمانە برینی کەمی تێدا تۆمار نەکراوە و پڕە لە کەوتن و لە برین. بۆیە بیرکردنەوە لە دابەشکردنی ھەرێم بۆ دوو ئیدارەیی برینێکی وا قوڵ دەکاتە جەستەی کوردەوە، کە بۆ چەند نەوەیەکی دیکە بۆیان ساڕێژ نەکرێت. بۆیە ئەم بیرکردنەوەیە کەوتنە ئەم کەوتنەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەو ھێز و کەسانە لەسەر بنەمای یەکدژی کاردەکەن نەک بەرمەبنای جیاوازی.
دواجار ئەم نیشتمانە موڵکی ھیچ حزب و کەسایەتیەک نییە، ھەتا وەک کێکی بۆنەکان لەتی بکات، بەڵکو ئەم کوردستانە نیشتمانی ئەو قارەمانانەیە کە خۆیان بۆ کردە قوربانی، نیشتمانی نەوەکانی ئایندەیە. حزب دەڕوات بەڵام نیشتمان ھەر دەمێنێت. کەسەکان دەڕۆن، بەڵام نیشتمان ھەر دەمێنێت.
بۆیە یەک پارچەیی ھەرێم بەشێکی ئەخاقی کوردە و دابەشبوونی ھەرێم بۆ دوو ناوچەی جوگرافی و سیاسی وەک سەرۆک نێچیرڤان دەڵێت: (دوو ئیدارە واتە سفر ئیدارە).
کەواتە ئەگەر ئەم ھەرێمەمان کرد بە دوو ئیدارە واتە سفر ھیچ بە دەستەوە.

ھەواڵی زیاتر