د. ڤیان سلێمان
بەردەوام زیادبوونی ڕێژەی سکاڵای ئافرەت لە توندوتیژی پیاو، لە چەندین ڕووەوە مایەی هەڵوێستە لەسەر کردنە، لە لایەکەوە مایەی دەستخۆشییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دامودەزگای تایبەتی بەو پرسە دامەزراندووە.
یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی یاسایەکی بەرکارە لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای چەندین تێبینی و هەوڵەکانی هەموارکردنەوەی، بەپێی پێوەرەکان یاسایەکی پێشکەوتوو و تاکانەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە، تەنانەت لە خودی دەوڵەتی عێراق، تا ئێستا نەتوانراوە یاسایەکی هاوشێوە دەربچووێنرێت.
بە دڵنیایییەوە حکومەتی هەرێم بە هێزی ئەو دامودەزگایانە و بوونی ئەو یاسایە توانیویەتی متمانەیەک بۆ ئافرەت دروست بکات، کە لە کاتی توندوتیژی کردن بەرامبەری، حکومەت پشتیوانی لێ دەکات و لەسەری بە دەنگ دێت و سزای دەستدرێژیکار دەدات.
لایەنێکی دیکەی ئەم پرسە پەیوەندی بە هۆشیاربوونەوەی ئافرەتەوە هەیە، بە دڵنیایییەوە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دیاردەیەک نییە، پێشتر نەبووبێت و لەم ساڵانەی دوایی و لە سایەی دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی هەرێمی کوردستان تەشەنەی سەندبێت، وەک ئەوەی لەلایەن ئاراستەیەکەوە وەک بەرهەمی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی بانگەشەی بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا سەرجەمی ئەو دەستکەوتانەی بزووتنەوەی ئافرەتان بەدەستی هێناوە و هەر خودی
لەدایکبوونی بزاڤی ئافرەتان و ڕێکخراوی ئافرەتان لە هەناوی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردەوە بووە و هەر ئەو بزاڤەش دەرفەتی بەشداری لە خەباتی نەتەوەیی بۆ ئافرەت ڕەخساندووە، بەڵام ئەوەی باس ناکرێت و تیشک ناخرێتە سەری هۆشیاربوونەوەی ئافرەت و بێدەنگنەبوونیەتی لەتوندوتیژی پیاو، ئەو توندوتیژییەی کە بەرهەمی هزری کۆمەڵایەتی پیاوسالارییە و ئەو هزرە ناتوانێت ئافرەت وەک مرۆڤێکی هاوشان ببینێت، لە ئازادی ئافرەت دەترسێت و بەرەنگاری دەبێتەوە.
ئافرەتان لە سەرجەم قۆناخەکانی تەمەن و لە هەر ئاست و توێژێکی کۆمەڵایەتی بن بە شێوەیەک لە شێوەکان بەرەوڕوون لەگەڵ جۆرێک یان زیاتر لە جۆرەکانی توندوتیژی. تەنانەت ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی جیهانیش بەربڵاوە و بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەر سێ ئافرەت یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە. ئێستا کە ئافرەتان هۆشیارن و تاکڕەوی پیاو قبووڵ ناکەن، سکاڵا دەکەن و کێشەکان دەبەنە دەرەوەی خێزان، کاتی ئەوەیە ڕەگەزی بەرامبەر بە تێڕوانین و ڕەفتاری خۆی دابچێتەوە و لە پێکەوەژیان و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ توندوتیژی نەبات، بە سینگی فراوانەوە دان بە هاوشانی ئافرەتدا بنێت و بە ستەم و توندوتیژی هەوڵی کپکردنی دەنگ و ڕای ئافرەت نەدات، زۆر بە سادەیی لەبەر ئەوەی چیتر پیاو لە ڕووی کولتووری و
کۆمەڵایەتییەوە دەسەڵاتی ڕەهای نییە لە خێزاندا، یاخود چیتر ئافرەت بێدەنگ و ملکەچی دەسەڵاتی پیاو نابێت، یان چیتر ئافرەت ئەو بوونەوەرە لاوازە نییە کە کولتوور و مێژووی هزری کۆمەڵایەتی دروستی کردوون، بەڵکوو تێکۆشان بۆ یەکسانی بەها و پێگە دەکات و بەرەنگاری تاکڕەوی و توندوتیژی پیاو بووەتەوە و قبووڵی ناکات. دەبێت لە پیاودا بە دوای چارەسەری ئەم پرسەوە بین، هەوڵی گۆڕانکاری لە دیدی پیاو بۆ ئافرەت بدەین، ئەوە پیاوە ئافرەت بە موڵکی خۆی دادەنێت.
ئەوە پیاوە بەشێک لە بەها و پێگەی خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا بە شێوازی دەرکەوتن، کردە و ڕەفتارەکانی ئافرەتانی خێزان و دەوروبەرەکەی دەبەستێتەوە. ئەوە پیاوە کە شەرەفی خۆی بە جەستەی خۆی و بە بەها مۆڕالی و کردەوەکانی خۆی نابەستێتەوە ؛ بەڵکوو بە جەستەی ئافرەتێک دەبەستێتەوە کە پەیوەندییەکی خێزانی لە گەڵدا هەیە.
ئەوە پیاوە کە خۆی بە بەرپرسیار لە ژیانی ئافرەت دەزانێت و ماف بە خۆی دەدات لە جیاتی ئافرەتەکە بڕیار لەسەر بژاردەکانی ژیانی بدات. هەموو ئەم دید و مایتێکردنانەن کە دەبنە هۆی توندو تیژی. بۆیە؛ ناکرێت پیاو توندوتیژ بێت و لە ئافرەتدا بە دوای چارەسەریدا بگەڕێین، ئەوەی لەسەر ئافرەتە تەنیا ڕەتکردنەوە و قبووڵنەکردنی توندوتیژییە، هەر بۆیە لە چارەسەری ئەم پرسە و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، دەبێت ڕووی پەیام و گوتار و کردەوە لە پیاو بێت و ئەو هۆشیارییەی لای ئافرەت دروست بووە کە توندوتیژی قبووڵ نەکات لای پیاویش دروست ببێت، کە پەنا بۆ توندوتیژی نەبات، ئەوەش ئەرکی هەموو لایەکمانە لە ڕێکخراوەکان و دامودەزگا پەیوەندارەکان.
ڕاستکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئافرەت و پیاو لە پەیوەندییەکی ناهاوسەنگی نابەرامبەر بۆ پەیوەندییەک لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوپێگەیی، گۆڕینی ڕوانینی پیاو بۆ بینینێکی هاوبەش و یەکسان بۆ پێگە، ماف و ئەرک و بەرپرسیاریەتی؛ بەرقەراربوونی ئارامی و خۆشەویستییە بۆ خێزان و سەقامگیری و پێشکەوتنە بۆ کۆمەڵگە.