عاقیبه‌تی ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی ستۆپ کردنی پارتیان داوه‌

سیامند سێلکی

به‌درێژایی مێژوو داگیرکه‌رانی کوردستان ، به‌و نیه‌ته‌ی که‌ بتوانن ناوی کوردو کوردستان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بسڕنه‌وه‌ .هه‌ولیانداوه‌ ستۆپ به‌ڕێبازی بارزانی نه‌مرو پارتی بکه‌ن .به‌لام به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌کانی نێو مێژوو شاهیدی ئه‌وه‌ن که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌وله‌یانداوه‌ به‌سه‌رشۆڕی چوونه‌ته‌ نێو زبڵدانی مێژوو کوتاییان پێ هاتووه‌و ، ڕێبازی بارزانی نه‌مرو پارتیش هه‌ر به‌هێزو شکومه‌ندی ماونه‌ته‌وه‌و ڕابه‌رایه‌تی بزۆتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی کوردستانیان کردووه‌. هه‌لبه‌ت وه‌کو تاکه‌ هێزی متمانه‌ پێکراوی کوردستانیان تا لوتکه‌ی سه‌رکه‌وتن که‌ دامه‌زراندنی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌ به‌و هێزو شکومه‌ندیه‌ ده‌مێننه‌وه‌.
دیاره‌ بۆ یه‌که‌م جار ده‌وله‌تی عوسمانیه‌کان به‌ختی خۆی له‌و باره‌یه‌وه‌ تاقیکرده‌وه‌و شێخ عبدولسه‌لامی بارزانیان له‌سێداره‌داو ، پێیان وابوو به‌و تاوانه‌ کوتایی به‌بارزان و بزۆتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی دێت ! به‌لام شێخی بارزان له‌ژێر په‌تی سێداره‌دا په‌یامی به‌رده‌وام بوونی ئه‌و ڕێبازه‌ی به‌هه‌موو جیهان ڕاگه‌یاندو فه‌رمویی (خۆلی ب سه‌رێ هنگۆ ب کوشتنا من کورد خه‌لاس نابن ،هه‌ر قه‌تره‌کا خوینا من دێ بیته‌ گۆڕیه‌کا ئاگری و دێ ل بارزان بلند بیت و هنگۆ سۆژیت) به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه‌ بارزان بوو به‌قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان و ئه‌وانه‌ی له‌و قوتابخانه‌یه‌ پێ گه‌یشتن هه‌میشه‌ له‌پێناو رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا مردنێکی سه‌ربه‌رزو شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یان هه‌لبژاردووه‌ . به‌م بیروباوه‌ڕه‌ به‌هێزه‌وه‌ بارزان به‌هێزو شکومه‌ندی مایه‌وه‌و عوسمانیه‌کانیش خه‌ونه‌کانی خۆیان برده‌ گۆڕه‌وه‌و کوتاییان پێهات.
دوای عوسمانیه‌کان مه‌لیکی یه‌که‌می ئێراق به‌پشتیوانی هێزی به‌رتیانیاو هاوکاری کومه‌لێک سه‌رۆک هۆزی خائین به‌هه‌مان نیه‌تی عوسمانیه‌کان هه‌ولی ستۆپ کردنی رێبازی بارزانی نه‌مری دا.به‌لام مه‌لیک و سه‌رۆک هۆزه‌ خائینه‌کانیش وه‌کو ده‌وله‌تی عوسمانی خه‌ونه‌کانی خویان برده‌ گۆڕه‌وه‌و ڕێبازی بارزانی نه‌مریش سه‌ربه‌رزانه‌و خۆڕاگرانه‌ مایه‌وه‌و به‌رده‌وام بوو له‌ڕابه‌رایه‌تیکردنی بزۆتنه‌وه‌ی شۆڕشگێری کوردستان.
دوای کوماری کوردستان هیزی داگیرکه‌ری شای ئێران و ده‌وله‌تی ئێراق و تورکیا به‌هاوکاری کومه‌لێک سه‌رۆک هۆزی خیانه‌تکار به‌خه‌یالی خۆیان هه‌ولیاندا بۆ ستۆپ کردنی ڕێبازی بارزانی نه‌مرو پارتی . ئه‌مجاره‌ش بارزانی نه‌مرو شۆڕشگێڕانی بارزانی ڕووبه‌ڕووی سوپای سێ ولاتی داگیرکه‌ر بوونه‌وه‌و ،سه‌ربه‌رزانه‌ ڕێڕه‌وه‌ مێژوویه‌که‌ی ئاراسیان ئه‌نجامداو له‌ڕێگای ئه‌و سه‌روه‌ریه‌ مێژوویه‌وه‌ پرسی کوردیان وه‌کو پرسێکی ره‌وا به‌هه‌موو جیهان ناساند .
له‌سه‌روبه‌ندی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلولدا دیسان به‌غدا به‌هاوکاری گرۆپێکی کوردی که‌ به‌حساب ئه‌فه‌ندی و خوێنده‌وار بوون، به‌هه‌مان نیه‌تی ئه‌وانه‌ی پێش خویان هه‌ولیاندا ستۆپ به‌ڕێبازی بارزانی نه‌مرو پارتی بکه‌ن . به‌لام وه‌کو ئه‌وانه‌ی پێش خویان خه‌ونه‌کانیان برده‌ گؤڕه‌وه‌و بارزانی و پارتیش سه‌ربه‌رزانه‌ مانه‌وه‌و به‌غدایان ناچار کرد له‌چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنی یازده‌ی ئازاردا بۆ یه‌که‌مجار له‌مێژوودا دان به‌مافه‌کانی کورددا بنێت .که‌ ئه‌مه‌ بۆ کورد ده‌سکه‌وتێکی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ پارتی و بارزانیش سه‌روه‌ریه‌کی مێژوویه‌.
دیسان له‌سالی (1975) شای ئیران و سه‌دام له‌ڕێگای ڕێککه‌وتنی خیانه‌تکارانه‌ی (6)ی ئازاره‌وه‌ هه‌ولیاندا ستۆپ به‌پارتی و بارزانی بکه‌ن .به‌لام ئه‌مجاره‌ش به‌بڕیارێکی حه‌کیمانه‌ ئه‌و پیلانه‌ مه‌زنه‌ بێ ئه‌نجام بوو ، بارزانی و پارتی خوڕاگرانه‌و سه‌ربه‌رزانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ مه‌یدانی شۆڕش و خه‌بات و شۆڕشی گولانیان ده‌ست پێکرد .
له‌سالی (1978) دیسان ئه‌و گروپه‌ کوردیه‌ی خۆیان به‌خوێنده‌وارو ئه‌فه‌ندی ده‌زانی به‌نیه‌تی کوتایی هێنان به‌پارتی و بارزانی و به‌پشتیوانی داگیرکه‌رانی کوردستان هێزێکی هه‌زار که‌سیان له‌ده‌ڤه‌ری سورانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ بادینان کردو نه‌فیر عامیان دژی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ڕاگه‌یاند . به‌لام ئه‌م خه‌ونه‌شیان له‌گه‌ل خویان برده‌ گۆره‌وه‌و پارتی و بارزانیش وه‌کو هیزی متمانه‌ پێکراوی هه‌موو کورد سه‌ربه‌رزانه‌ له‌مه‌یداندا مانه‌وه‌و درێژه‌یان به‌شۆڕشی گولاندا .
له‌سالی (1995) سه‌رکرده‌کانی هێزه‌ به‌ناو سوسیال دیموکراته‌که‌ی کوردستان و پ ک ک به‌هاوکاری هێزی ئیرانی بۆ جاری سێیه‌م به‌ختی خویان له‌و باره‌وه‌ تاقیکرده‌وه‌ .به‌لام ئه‌م جاره‌ش به‌خت یاوه‌ریان نه‌بوو خراپ تێکشکان .سه‌رکرده‌که‌ی پ ک ک که‌وته‌ زیندانه‌وه‌و په‌شیمانی خۆی له‌کورد بوون ده‌ربری و ئه‌وانی دیکه‌ش به‌و خه‌ونه‌وه‌ سه‌ریان نایه‌وه‌و ، پارتی و بارزانیش به‌هێزو شکومه‌ندیه‌وه‌ مانه‌وه‌و پرسی کوردیان گه‌یانده‌ قوناغی بنیاتنانی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ریفراندومیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئه‌نجامدا . دوای تۆمارکردنی ئه‌و سه‌روه‌ریه‌ مه‌زنه‌ گروپێکی ناو یه‌کێتی به‌ده‌ست له‌پشتدانی داگیرکه‌رانی کوردستان و به‌خه‌یالی کوتایی هێنان به‌پارتی و بارزانی بۆ جاری چه‌نده‌م به‌ختی خویان تاقیکرده‌وه‌و خیانه‌تی شازده‌ی ئوکتوبه‌ریان ئه‌نجامدا .ئه‌مجاره‌ش پێشمه‌رگه‌ی پارتی و ڕێبازی بارزانی نه‌مر به‌سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌پردێ و سحێلا به‌پانکردنه‌وه‌ی لوتی هیزی داگیرکه‌ران و خیانه‌تکاران سه‌روه‌ریه‌کی مه‌زن و بێ وێنه‌یان تۆمار کرد ، که‌ تا کورد هه‌یه‌ شانازی به‌و سه‌روه‌ریه‌ مه‌زنه‌وه‌ ده‌کات.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و هه‌لوه‌سته‌ له‌سه‌ر کردنه‌ خه‌لکێک هیچ وانه‌یه‌کی له‌م هه‌موو ئه‌زمون و ڕووداوه‌ مێژوویانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌دریژایی سه‌د سالی ڕابوردودا داگیرکه‌رانی کوردستان و خیانه‌تکارانی ناوخۆیی به‌ده‌ستیان نه‌هێناوه‌ .ئه‌وان وه‌کو کومه‌لێک کالفام و هه‌رزه‌ی سیاسی به‌ده‌ستی دێنن !
بێ گومان ئه‌وانه‌ی به‌م خه‌یاله‌ ده‌ژین ، با دلنیابن ئه‌وه‌ی ماموستاکانیان به‌پشتیوانی هێزی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ده‌ستیان نه‌هێناوه‌ ئه‌وانیش هه‌رگیز به‌ده‌ستی ناهێنن و هه‌وله‌کانیان له‌و باره‌وه‌ خه‌ونێکی نه‌زۆکه‌و هه‌رگیز به‌چاوی خۆیان نابینن . ئاخر مێژوو پێمان ده‌لێ: ئه‌وان و ئاغاکانیان پێیان خۆش بێت یان نه‌ ، پارتی و بارزانی وه‌کو تاکه‌ هێزی متمانه‌ پێکراوی کوردستان شه‌رعیه‌تی ڕابه‌رایه‌تی کردنی بزۆتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستانیان له‌سه‌روه‌ریه‌کانی مێژوو وه‌رگرتووه‌و هیچ هێزێکیش ناتوانێت نه‌ئه‌وشه‌رعیه‌ته‌یان لێوه‌رگرێت نه‌ستۆپیان پێ بکات . بویه‌ به‌پشت به‌ستن به‌و شه‌رعیه‌ته‌و پشتیوانی فراوانی کوردستانیان . دوور یان نزیک ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیش له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانی داده‌مه‌زرێت.