منداڵ بۆ جنێو دە‌دات؟

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی *

جنێودان دیاردەیەكە، كەم تا زۆر لە هەموو شارستانیەتەكانی دنیادا هەیە و بەدەگمەن دەکرێ بەری لێ بگیرێ كە هەموو لایەكی تەنیوە و تا مرۆڤایەتی مابێ ئەم دیاردەیە بەردەوامە، نەخاسمە لەو شوێنانەی مرۆڤ لە کەشوهەوایەكی پڕ لە توندوتیژیدا گەورە دەبێت.
جنێودان بەرگریكردن لە خۆیە بەتاڵكردنلەوەی ناخە بۆ گوزارشتكردن بەرامبەر هەڵوێستێك كە ئەو كەسە نەتوانێ بەرگەی زیاتری هەڵسوكەوت و ڕووداوەكان بگرێ یاخود پەیامێكە بیەوێ بەو هۆیەوە كەسی بەرامبەر لەكەدار بكات و هەست و نەستی بجووڵێنێ.
ئەوە لێرەدا مەبەستە لەسەری بوەستین ئەوەیە: بۆچی منداڵ
لە تەمەنێكی زۆر زوودا فێری جنێو دەبێ لە كاتێكدا بێ ئەوەی بزانێ ئەو وشەی لە دەمیەوە دەردەچێ و ئەو قسانەی فڕێی دەدات مانای چیە؟
ئیمامی عەلی وتەیەكی جوانی هەیە، دەفەرمێ منداڵ وەكو زەویەكی بەتاڵ وایە، هەرچیەكی بۆ هەڵدەی، وەریدەگرێ.
منداڵ كاریگەری یەكەم بەسەریەوە ماڵە كە لەوەوە پریشكی ئەو حاڵەتە بۆ كۆمەڵگا و ژینگەی دەوروبەر دەپەڕێتەوە كە ئەگەر خووی پێوە گرت، ئەوە دەبێتە بەشێك لە ڕەفتاری ئەو كەسە.
زۆرێ لە دایبابان لە تەمەنێكی كورت و دیاریكراودا وا لە ڕۆڵەكانیان دەكەن بە جنێودانەوە فرچک بگرێ، بە كلۆجێ باش دەزانن ئەوەی دەیکەن گەمە و گاڵتە و گەپ نیە، بۆ نموونە منداڵ هەیە هێشتا ڕەش و سپی لێك جیا ناكاتەوە كەچی باوك بە جنێودان متووی دەدات و لەسەر جنێودان گۆشی دەكات كە جنێوی پێ بدات و بە لاساییكردنەوەی ئەو قسانەی ئەم دەیكات و ئەو منداڵە دووبارەی دەكاتەوە، لەجیاتی دانانی سنوورێك بۆ ئەو قسانە، دایك و باوك بە شانازیەوە پێی دەكەنن، خۆیان لەئاستی بێدەنگ دەكەن، ئەوەش دەبێتە ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەو منداڵ وابزانێ بەو قسانەی دەیكات، دایك و باوكی پێی دڵخۆش دەبن، بۆیە منداڵ بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە ئەو كەسە كێ یە، بیناسێ یان نەیناسێ، بەتایبەت كاتێك میوانیان دێ، هەمان جنێو بۆ دڵخۆشی خۆی و دەوروبەرەكەی كە لەسەری ڕام بووە و ئەو جنێوانەی پێشتر بە دایك و باوكی دەدا، هەمان جنێو بە‌ میوانەكە دەدات، بێ ئەوەی بزانێ ئەو كەسە لەو گەورەترە یان نا؟ یان مانای ئەو جوێنە چیە؟ بەمەیش دایك و باوك دەشڵەژێن و لەپێش چاوی میوان دەكەونە سەرزەنشتكردنی منداڵەكەیان و هەندێ جار پەنا دەبەنە بەر لێدان و لێی دەدەن، ئەمەش بە درێژا سەردەكێشێ بۆ چاندنیی ڕق و كینە و ئەو جنێوە دەبێتە بەشێك لە كەسایەت ئەو منداڵە.
ئەركی دایك و باوك ئەوەیە بە ئەدەبەوە دەستپێشخەری
بكەن پێش ئەوەی منداڵەكانیان لەدەست دەربچێ، لەكاتێكدا ئەو قسانەی دایك و باوك لەبەردەم منداڵ بە یەكی دەدەن بەتایبەت جنێوێ، جا گەورەبێ یا بچووك، منداڵ لەڕووبەڕوو بوونەوەی هەر توندوتیژیەك پەنا دەبەنە بەر هەمان قسە و پێیان وایە وەكو دایك و باوكیان دەتوانن بەو دەربڕینە گوزارشت لە ناخی خۆیان بكەن. پێویستە سەرەڕای ڕاگرتنی هاوسەنگی نێو ماڵ لەو وشە ناجۆر و قورسانە، دایك و باوك بە جۆرێ منداڵەكانیان پەروەردە بكەن كە چوونە دەرەوە بزانن هاوڕێیەتی كێ دەكەن؛ بەدواداچوون بۆ كەسایەتی ئەوانە بكەن كە دەبنە هاوڕێی منداڵەكانیان، بزانن ئایا جنێوفرۆش و توندڕەون یان ئەوەتە كەسایەتیەكی هێمن و ئارامیان هەیە؛ چونكە ئەوەی لەسەرخۆو هێواش مامەڵە بكات، توانای بەرگەگرتنی نەهامەتی و ناخۆشیەكانی هەیە، دەتوانێ بەسەر فشارو تووڕەیی دەروونی خۆی زاڵ ببێ و لەوپەڕی تووڕەیی خۆیدا جڵەی نەفسی بگرێ و جنێو نەدات.
وەلێ ئەفسووس ئەگەر نەیانتوانی هاوڕێیەكی باش و گونجاوی
لەم جۆرە بۆ منداڵەكانیان بدۆزنەوە ئەوە با منداڵیان هەر لەسەر بێدەنگی و خۆگرتنەوە و جنێودان گۆش بكەن، ناتوانن بەر بەو لێشاوە بگرن كە تێكەڵ بە خەڵكانێك دەبن كە سەری زمان و بنی
زمانیان جگە لە جنێودان، هیچی تر نیە. جنێودان هۆكارە بۆ تووڕەیی، تووڕەیی دەبێتە هۆی لێك عیدز بوون و شەڕ و چاندنی ڕق و كینە.
بۆ پەروەردەیەكی بێوەی مناڵەكەت فێری ئارامگری و لێبووردەیی بكە، چونكە بە ئارامگرتن دەبێتە كەسێكی لێبووردە، ئەوانەی لێبووردەن هەرگیز پەنا بۆجنێونابە‌ن.

ھەواڵی زیاتر