کاریگەری ڕۆڵ لە بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت

د. ڤیان سلێمان

ئێمەی مرۆڤ هەر لە سەرەتای هاتنمان بۆ دونیا بە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا گوزەر دەکەین، لە ڕێگەی ئەو پرۆسەیە و کەناڵەکانییەوە ڕۆڵمان بۆ دیاری دەکرێت یاخود ڕۆڵمان لێ چاوەڕوان دەکرێت، بەو پێیەش هەر کەسێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەدا ڕۆڵی خۆی هەیە. ڕۆڵەکان یان بەپێی یاسا دیاری دەکرێن یاخود بەپێی نوورم و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، دیاریکردنی ڕۆڵ لەسەر بنەمای ڕەگەز یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە نەریتییەکان، ئەوەش چەندین کێشەی جۆراوجۆر و نایەکسانی و ناهاوسەنگی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕۆڵە جێندەرییەکان کۆمەڵێک پێوەرن کۆمەڵگە بۆ هەریەکە لە ڕەگەزەکان بە شیاو و پەسەندی دەزانێت کە هەر لە سەرەتاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەست پێ دەکەن و بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبن و ڕەنگدانەوەیان لەسەر بوارەکانی تر دەبێت.
لە کاتێکدا باس لە پەیوەندی نێوان دوو چەمک دەکەین کە پەیوەندییەکی بەردەوامی بازنەیییان هەیە، واتە لە کاریگەرییان لەسەر یەکتر بەردەوام لە جێگۆڕکێدان. ڕۆڵ کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دیاری کردنی پێگە و ئاستی گرنگی و پشت بەستنی بەو کەسە، ڕوونتر دەتوانین بڵێین ڕۆڵی هەر کەسێک هەتا ڕادەیەکی زۆر پێگەی کەسەکە و قورسایی لە نێو دەوروبەرەکەیدا دیاری دەکات. پێگە، زۆربەی جار ڕۆڵی جیاواز بە کەسەکان دەبەخشێت و دەتوانین بڵێین پێگەیە کە ڕۆڵ دەستنیشان دەکات و جیاکاری دەکات.
بێگومان لە کاتێکدا ئێمە وەک ئەزموونی کارکردنی چەند ساڵەمان لە بواری مافی ئافرەت گەیشتووینەتە ئەو ڕاستییەی، کە بەشی هەرە زۆری پرسی ئافرەت و بەتایبەت توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت پەیوەندی بە پێگەوە هەیە، ئەو پێگە بەهێزەی ڕەگەزی بەرامبەر هەیەتی و لە ڕێگەیەوە ڕۆڵی ئافرەتی لاواز و نادیدە کردووە و بەم میکانیزمە بەردەوامی دەدات بە هەژموونی خۆی. هەر وەک سنووردارکردنی ڕۆڵی ئافرەت یاخود بێبەشکردنی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ناوەندی بڕیار، نەبوونی ڕۆڵی یەکسان لە خێزاندا کاریگەری هەیە لەسەر لاوازبوونی پێگەی ئافرەت بەرامبەر پیاو.
لە سەرەتای ڕەوتی ژیانی مرۆڤ تایبەتمەندی فیزیۆلۆجی منداڵبوونی ئافرەت پێگەیەکی بەرزتری پێ بەخشی و لە ئەنجامدا ڕۆڵ و کاریگەری و دەسەڵاتی لە ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە پیاو بەهێز تر بوو تا ڕادەی پیرۆز کردن و تەنانەت خواوەندەکانیش بە مێ مەزەندە دەکران؛ بەڵام لەگەڵ گەشەی ئاوەزی مرۆڤ و داهێنانەکانی و بەکارهێنانی سروشت و خستنە ژێر ڕکێفی خۆی و بە هۆی تایبەتمەندی هێزی جەستەیی، پیاو پێش ئافرەت کەوت و ئەمجارە تایبەتمەندی هێزی بازوو، پێگەیەکی بەرز و باڵاتری بە پیاو بەخشی و دەرفەتی بۆ ڕەخساند بەسەر ڕۆڵە نەریتی و سروشتییەکەی باز بدات و یاخی بێت، بەم شێوەیە ڕۆڵی سەرەکیتر و فراوانتری بینی و بە دوای بەها و پێگەی بەرزتر گەڕا و لەوەشدا سەرکەوت.
لەم ناوەندەدا تایبەتمەندییە فیزیۆلۆجییەکەی منداڵبوون، ڕۆڵە کاریگەرەکەی لە دەست دا و بە پێچەوانەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئافرەت لە لایەن پیاوەوە وەک هەر کەرەستەیەکی تری سروشت بەکار بهێنرێت و لە ئەنجامدا ئافرەت لە پێگەی پێکهێنەری ژیان هاتە پێگەی موڵک بوون. لەم پێگەیەدا ڕۆڵی لە چوارچێوەی ڕۆڵە نەریتی و سروشتییەکە دەرباز نەبوو و بە ڕێژە و شێوەی جیاواز لەو ئاستەدا مایەوە؛ بەڵام هەمان واتا و کرۆک لە تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. بە درێژایی مێژوو ڕێژەیەک ئافرەت بەرچاو دەکەون کە بەرەنگاری ڕۆڵ و پێگە نەریتییەکەی ئافرەت بوون و دەبنەوە، هاوشێوەی پیاوان بە دوای بەها و پێگەی بەرزتر کەوتوون و توانیویانە ناویان لە مێژوودا تۆمار بکەن بەڵام ڕێژەکە لە چاو ڕێژەی پیاوان زۆر کەمە؛ بۆیە نەگەیشتووە بە ڕادەی چاولێکەری و باوبوون لە ناو ئافرەتان دا کە ببێتە هۆی دەربازبوونی ئافرەت لە پێگەی موڵکیەتی بۆ پێگەی هاوبەشی پیاو لە ژیاندا.
لە ڕووی مێژووییەوە ئافرەتی کورد ڕۆڵی کاریگەری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت سیاسی گەلی کورد هەبووە، هاوکات بەشدار و پشتیوانی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بووە، ئەوەش وای کردووە کە پێگەی ئافرەتی کورد بەراورد بە پێگەی ئافرەتانی نەتەوەکانی دەوروبەر بەهێزتر و کاریگەرتر بێت، بەڵام بە چەندین هۆکاری خودی و بابەتی ئەو ڕۆڵە لاوازتر بووە و ئەو پێگە بەهێزەش بەردەوامی نەبووە.
هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتی بوون دروست بووە و هەر دوو ڕەگەز بەرامبەر یاسا یەکسانن، هیچ ماددەیەکی یاسایی ڕۆڵێکی لە ئافرەت قەدەخە نەکردووە و هیچ کار و پێگەیەک بۆ ئافرەت بە ناڕەوا دانەنراوە، بەڵام کە دێینە سەر واقیع، دەبینین ڕۆڵی ئافرەت لە هیچ بوارێکدا بەرامبەر پیاو یەکسان نییە، لە سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە بازاڕی کار و بازرگانی و وەرزش و هونەر و بوارەکانی دیکەش، بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی پیاو زیاترە بەو پێیەش پێگەی پیاو لە ئافرەت بەهێزترە، ئەمەش وای کردووە هەژموونی پیاو لەسەر ئافرەت بە هێز تر بێت.
لەم هەلومەرجەدا کە بە شێوەیەکی هەرە بەرچاو نایەکسانی لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزە هەیە و پێگەی پیاو لە تەواوی کایەکانی ژیان و جومگەکانی بەڕێوەبردن لە ئافرەت بەهێزترە، کە ئەوەش سەرچاوەی بەشێکی زۆری هەموو ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەیە کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن، بە تایبەت ئەو توندوتیژییانەی لە چوارچێوەی خێزاندا بەرامبەر ئافرەت دەکرێن و ئەو نایەکسانییانەش کە لە پانتایی گشتی ژیانی کۆمەڵگەدا هەیە.
بە چەندین ڕێگە و میکانیزم دەتوانرێت پێگەی ئافرەت بەهێزتر بکرێت و لەگەڵ ڕەگەزەکەی دیکە یەکسان بکرێت، یەکێک لەو میکانیزمانەش کە ڕەنگە گرنگترین بێت، بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتە لە خێزاندا ئەویش لە ڕێگەی هاوبەشبوونی لە ئابووری خێزاندا هەم وەک سەرچاوەیەکی داهات و هەم هاوپشک لە خاوەندارێتی داهات و سامانی خێزان . دەستخستنی داهاتی سەربەخۆ لە ڕێگەی کار و فێربوونی پیشە و یان بیمەی کۆمەڵایەتی، هاوبەشی لە سامانی خێزان لە ڕێگەی چاکسازی لە یاسا و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یەکسانی و چەندین میکانیزمی دیکەش کاریگەرییان دەبێت لەسەر بەهێزکردنی پێگە و ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا، کە وەک گوتمان پەیوەندییەکی بازنەیی لە نێوانیاندا هەیە و کاریگەری بەردەوامیان لەسەر یەک دەبێت.

ھەواڵی زیاتر