چۆنیەتیی گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردە

بەكر كەریم حەسەن*

زانا و نووسەری ئەمریكی مارگریت مید دەڵێ “دەبێ منداڵەكان فێر بكەین چۆن بیر دەكەنەوە، نەوەک بۆچی بیردەكەنەوە”.
پێویستە لە سەر سەرجەم دام و دەزگاكانی پەروەردەیی و فێركردن بە هەموو جۆرەكانیەوە گرنگی و بایەخی زۆر بە چۆنیەتی فێركردنی بدەن و، تەنها ڕاپەرموون و متمانە و پشتبەستن نەبێ بە تاقیكردنەوەکانی نوسین، بەڵكو بۆ زانینی چۆنیەتی ئاستی قوتابیان پێویستە جۆرەها هۆكار و شێوازی جۆراوجۆر بە كاربهێنن بۆ چۆنیەتی بیركردنەوەی قوتابیان و زانینی ئاستیان وەكو تاقیكردنەوەی زارەكی و، هەروەها مامۆستا دەكرێ كۆمەڵێ پرسیاری جیاواز لە ناو پۆڵ لە قوتابییەكانی بكات لە كاتی وانە ووتنەوە، جودا لەوەش پێویستە ناوە ناوە دەرگای گفتوگۆ و گەنگەشە و چەندوچۆن لەگەڵ قوتابیان بكاتەوە.
گومانی تێدا نییە فێركردن بەردی بناغەی هەر پێشكەوتن و گەشەسەندنی میڵەت و وڵاتانە لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەكان، تایبەت لە وڵاتان گرنگی و بایەخی تایبەتی هەیە بۆ ناساندن و بەرەوپێش چوون و پێشكەوتنی ئەو وڵاتانە لە بوارە جیاوازەكان، وە بۆ ئەوەی فێركردنێكی گەشەسەندوومان هەبێت، پێویستە ئەستوندە و كۆلەگەكانی فێركردن پەرەیان پێ بدەین لە هەموویان گرنگتر مامۆستایە كە هەمیشە ڕۆڵی سەرەكی و گرنگی هەیە لە تەواوی پرۆسەكە، بۆیە هەركاتێك بیر لە گەشەكردن و پێشكەوتنی سیستەم و پرۆسەی فێركردن دەكەینەوە، ئەوا پێویستە سەرەتا جەخت لە پێشخستنی توانای مامۆستا بكەینەوە ئەویش بە كردنەوەی خولی ڕاهێنانی بەردەوام بە جۆرەها شێواز بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی مامۆستا و زانینی لە سەر جۆرەها شێوازی وانە ووتنەوە و بەردەوامیدان بە سەركەوتنی پرۆسەكە؛ لە هەمان كاتیشدا لە كاتی دەستنیشانكردن و هەڵبژاردنی مامۆستای باش، پێویستە كۆمەڵێ مەرج و پێوەر لە خودی مامۆستادا هەبێ، وەكو كەسایەتیەكی پێشەنگ و باش و جێگیر و خاوەن ڕەوشت و ئادكاری جوان بێت و لەسەرخۆ و پشوودرێژ و پەروەردەیی بێت، چونكە ڕۆڵی مامۆستا تەنها گەیاندنی زانست و زانیاری نییە، بەڵكو چاندن و ڕواندنی كۆمەڵێ بەها و پڕەنسیپ و بنەما و ڕێسا و بیروباوەڕی ڕەوشتی جوان و جێگیر و بەرزە لە ناخ و دەروونی قوتابیان، بۆیە پێویستە دام و دەزگاكانی پەروەردە و فێركردن كۆمەڵێ تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بكەن بۆ هەڵبژاردن و دەست نیشان كردنی
مامۆستای باش و بەردەوامیش بەشداری پێ بكەن لە خولی راهێنانی جۆراوجۆر.
دوای مامۆستا پێویستە گرنگی و بایەخی زۆر بدرێت بە پرۆگرام و بابەتەكانی خوێندن و چۆنیەتی كوالێتی و گوتنەوەی بۆ قوتابیان بە شێوەیەكی ڕاست و دروست. وە پێویستە پرۆگرامەكان تێكهەڵكێش و تەواوكەری بازاڕی ئیش بن، كاتێ كە قوتابی دەردەچێ و خوێندن تەواو دەكات لەوەش گرنگتر پێویستە پرۆگرامەكانی پاڵپشتی و پشكی بەهێز بن لە داچاندن و ڕواندنی بەها پیرۆزەكانی ئایین و ڕەوشتی جوان و بەها كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان و كارامەییەكانی ژیان بە گشتی، ڕەگ داكوتان لە ناخی قوتابیان و پتەوكردن و چەسپاندنیان لەگەڵ گرنگیدان بە زانینی زمانەكان كە لە داهاتوو پێویستە قوتابیان فێری ببن.
جودا لەوانەش ناكرێ ڕۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی كارگێڕی قوتابخانە لەیاد بكەین لە چۆنیەتی گەشەكردن و پێش خستنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بە تایبەتی ڕۆڵی بەڕێوەبەری قوتابخانە، چونكە هەردەم كارگێڕی قوتابخانەی ڕاست و دروست دەبێتە مایەی دەستەبەری و مسۆگەری و بەرپرسیاریەتی سەركەوتنی پرۆسەكە، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەری قوتابخانە هەردەم دروشمی پەروەردە پێش فێركردن بێ و لە هەمان كاتیشدا دەبێ دیدگا و ئامانجی ڕۆشن و ڕوونی هەبێت، لە ناو قوتابخانەشدا زەمینەیەكی ڕەخساو
یەكسان و هاوبەش بۆ هەموو ئەندامانی قوتابخانەكە فەراهەم بكات.
ماوەتەوە بڵێم بۆ ئەوەی بەردەوام گەشەسەندن و پەرەسەندن لە پرۆسەی فێركردن بەردەوام بێت، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان و وەزارەتی پەروەردە داكۆكی و جەخت لە سەر كۆی خاڵ و بنەماكانی گەشەكردنی پرۆسەكە بكەنەوە، لەوانیش بەڕێوەبەری قوتابخانەكان تایبەت ئەو قوتابخانانەی بەمەرج و پێوەر قوتابی وەردەگرن كە هەموو قوتابییەك ناتوانێ لەو قوتابخانانە وەربگیرێ، پێویستە گۆڕانكاری ناوە ناوە لەو بەڕێوەبەرانە ئەنجام بدرێ هەم هەلی یەكسان بۆ هەموولایەك دەڕەخسێنێ هەمیش لەوانەیە نیمچە دەسەڵاتێكی ڕەها و زۆر دراوەتە ئەو بەڕێوەبەرانە لەو قوتابخانانە كە بە دڵنیایی ئەمەش كاردانەوەی پێچەوانەی دەبێ لەسەر گەشە كردنی پرۆسەی پەروەردە و ڕەخساندنی ژینگەیەكی پەروەردەیی تەندروست و پاڵپشت بۆ قوتابی، كە هەردەم خاڵی وەرچەرخان و قەپاخی پارێزەری پاشەڕۆژی چاوەڕوانكراوە.

ھەواڵی زیاتر