مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، چەندین كەسایەتی و نوسەر و پەرلەمانتار و بەرپرس لە نەیارەكانی پارتی، باس لەبەرەنگاربوونەوەی پارتی و ستۆپكردن بە پارتی دەكەن.
ئەڵبەتە وەك بنەمایەكی كاری سیاسی، هەموو ڕكابەرەكانی گۆڕەپانی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ستۆپ بەڕكابەرەكانیان بكەن. بەڵام پرسیارە لۆژیكیی و سیاسی و یاساییەكە لەم نێوەندەدا ئەمەیە: ستۆپكردن بەچی؟ بەستراتیژ و بەرنامە و خزمەتگوزاری؟ یان بەتێكدان و ئینشا؟.
من نازانم چانسی پارتییە یان نەگبەتی پارتییە كە دەبینین كاراترین
گورزی نەیارەكانی بریتییە لە ئینشا. هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەم كێشمەكێشمەوە، تا هەنووكەی نوسینی ئەم چەند دێڕە، جیاوازی سەرەكی نێوان پارتی و نەیارەكانی ئەوەیە كە پارتی دەستپێشخەری
هەبووە، بەڵام ڕكابەرەكانی هەمیشە كاردانەوەیان هەبووە.
ئەمە جەوهەری هاوكێشەكانی هەرێمی كوردستانە. ڕاستە لارەسەنگییەك هەیە لەو هاوكێشەیەدا و، هەمیشە هاوكێشەكان لەبەرژەوەندی پارتی دەكەونەوە. بەڵام كێشەی نەیارەكانی پارتی ئەوەیە كە نەیانتوانیوە بە قەبارەی پارتی بیربكەنەوە. نەیانتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: بۆچی هاوكێشەكان هەمیشە
لەبەرژەوەندی پارتی كۆتاییان دێت؟.
لەكاتێكدا شایەتحاڵێك لە كەناڵێك، یان سەركردەیەكی حیزبێكی
كوردی دێتە سەر باسكردنی ژێرخانەكانی خزمەتگوزاری لە هەولێر و دەڤەرەكانی دیكەو بەراوردیان دەكات بە ناوچەكانی تر. ئێمەی چاودێر دەخاتە بەردەم فاكتێكی یەكجار زۆر گرنگ، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت بۆ فاكتێكی تری وا بگەڕێین تاكو لێیەوە بەراورد بكەین
لەنێوان دەستی كاری پارتی و دەستی كاری نەیارەكانی.
كەچی ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو بەرپرس و نوسەر و میدیاكارانەی كە بوونەتە عەڕابی ڕكابەرایەتیكردنی پارتی، وەك ئێمە بەدوای فاكتی بەرانبەردا ناگەڕێن، بەڵكو پەنا دەبەنەوە بەر كۆمەڵێك ڕستەی ئینشایی كە هیچ تازەگەری و داهێنانێكیان تێدا نیە.
چونكە لەسەرەتاوە تاكو ئێستا، هەموومان دەزانین كە ئێوە دەتانەوێت ستۆپ بەپارتی بكەن، بەڵام قەت نەمانزانی ئەو ستۆپكردنە بەچ میكانیزمێك دەكەن؟ ئێوە جگەلە ئینشا بەچیتر ئەو ململانێیە دەكەن؟.
ئەو ئامانجە (ستۆپكردن بەپارتی) ئامانجێكی ئەوەندە دەڵب و كۆنە، لەماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا، هیچ ڕۆژێك نەبوە بەرگوێ و بەردیعدەی خوێنەرمان نەكەوتبێت، بەڵام لەوساوە تاكو هەنووكە جگەلە ڕستەیەكی پۆپۆلیستی، ئیدی بەرنامەیەك، میكانیزمێك، ئەبجەدیاتێك، مۆدیلێكی بەڕێوەبردن و خزمەتگوازری، ڕەفاهێك، گوتارێكی كردارەكی، مۆدیلێكی نوێی لەهیچ سێكتەرێكی ژیانی
كوردەواری، چ لەشاخ چ لەشار، لەپشتەوە نەبووە.
خەیاڵدانی ڕكابەرەكانی پارتی، خاڵییە لەپرۆژەی عەمەلی، قەت پێمان ناڵێن: بەگوێرەی چ میكانیزمێك و بەپێی كام پرۆژەی ڕوون ستۆپ بەپارتی دەكەن! هەروەها ناشتوانن وەڵامی ئەو پرسیارەمان بدەنەوە، كە ئێمە وەك چاودێرانی بێلایەن بەمافی خۆمانی دەزانین قوتی بكەینەوەو، بڵێین: ئایا ستۆپكردن بەپارتی خودی ئامانجەكەیە؟ گریمان دەتوانن ستۆپ بەپارتی بكەن، بەڵام دوای ئەوە چی؟ ئەو ستۆپكردنە لەكوێدا لەبەرژەوەندی كورددایە؟ لەكوێدا خزمەت دەكات
بەكۆمەڵگە و مێژووی كورد؟.
بەبارێكی تریشدا، مافی خۆمانە بپرسین: گریمان ستۆپتان بەپارتی
كرد، ئایا ژێرخانە خزمەتگوزارییەكانی ناوچەكانی ژێردەستی پارتی دادەبەزێنن بۆ ئاستی ناوچەكانی تر؟ ئەگەر نا، ئێستاش دەتوانن بەبێ ستۆپكردن بەپارتی ئاستی ناوچەكانی خۆتان بگەیەننە ئاستی ناوچەكانی پارتی؟ كێ دەستی گرتوون ئەو هەنگاوە بنێن، بەبێ ئەوەی خۆتان ماندوو بكەن و وزەی خۆتان خەرج بكەن لەستۆپكردن بەپارتی بە ئینشا؟ كاتی ئەوە نیە لەجیهانی ئینشا بێنە دەرێ وە كەمێك واقیعیانە سیاسەت بكەن؟ بەمیكانیزمی خۆی هاوكێشەكان بخوێننەوە، نەك بە خەیاڵدانی مەست بە شەڕی كۆنە قین و نكولی
كردن و ئینكاری و ژیان لەسەر ئەدەبیاتی كۆنی شەستەكان و حەفتاكانی قەڕنی ڕابردوو!.