زمانی دیپلۆماسی و لۆژیكی سیاسیی

بورهان محەمەد فەرەج

قەیرانی پێکهێنانی حكوومەت لە عێراقدا سبەی ٦ی مانگ ڕۆژی چوارشەممە سەنگی مەحەکە بۆ زمانی دیپلۆماسییەت لە پێناو بەرژەوەندیی وڵاتدا، ئەگەر حیزب و قەوارە سیاسییەکانی عێراق نیشتمانی بن، یان گەل و نیشتمان و ژیانی خەڵکیان لا مەبەست بێت . ئەوا ڕێک دەکەون و سەرکۆمار ھەڵدەبژێرن و عێراق دەپارێزن لە کەوتنە بۆشایی دەستووریەوە، کە سبەینێ بە پێی بریاری دادگایی فیدراڵی عێراق دوایین ڕۆژە.
پاش ئەو ڕۆژە، لەکاتی نەگەیشتن بەڕێک کەوتنی لایەنەکان ئەو کات کۆمەڵێک ئەگەر دێتە گۆڕێ: لەوانە دەسپێکی چەخماخەی شەڕی نێوخۆییە. ئەگەرێکی تر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە، ئەویش
دیسان تێچووی بودجەیەکی زۆرە.
عێراق خۆی لە بارودۆخێکدایە، پێویستی بە حكوومەتێکی خزمەتگوزار ھەیە، بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان.
جا لێرەدا ئاستی لۆژیکی ئەقڵ و مەنتیق سیاسیی و بەرژەوەندی باڵای گەلو وڵات گوڕوتینێک بە زمانی دیپلۆماسی دەدەن.
ئایا زمانی دیپلۆماسی ھیوابەخشە؟ یان ئەو زمانە پێویستە لە ھەموو کاتدا یان ھەژموونی ڕەقی و بێمنەتی زاڵ بێت؟!!
ئۆکرانیا و ڕوسیا وەک نموونە وەگرین، کە دوو
دەوڵەتن لە شەڕێکی خوێناویی نابەرامبەردان لە ڕووی فاکتەوە.
روسیا وەک زلھێزێکی گەورە و خاوەن بەرنامەیەکی ئەتۆمیی گەورە، تەعدایەکی بێهەژماری دوور لە یاسای نێودەوڵەتی لە ئۆکرانیا دەکات.
بەڵام بۆ چرکەیکیش زمان و کاری دیپلۆماسی نەوەستاوە، لەبەر ئەوەی تائێستاش ھیوایان بە رێککەوتن ھەیە، بۆ ڕزگار بوون لەو نەھامەتییە، کۆتاییھێنان بەو شەڕەخوێناوییە. ئەی ھەرێمی کوردستان لەم ھاوکێشە نێو خۆی و ئەقلیمی و نێو دەوڵەتییەدا ڕۆڵ و کاریگەری و بەشی چییە؟
لە ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵاتدا، لەو کاتەدا ئەگەر عێراق زیانی گەورەی بەر بکەوێت، ئەوا زیانەکەی کوردستان چەند جار بەرامبەر قورستر دەبێت.
دڵنیام دەپرسن بۆ؟
چونکە ئاشکرایە عێراق دەوڵەتە و دەوڵەتانی دونیا بەشێوەیەکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
سەرەڕای ئەوەی قەبارەی بەرژەوەندییەکانی گەورە تر و قەبەترە لە چاو بەرژەوەندییەکانی وڵاتە زلھێزەکان لەگەڵ کوردستاندا. ئەوەش ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە، دەبێت بیزانین.
سەرەڕای ئەوەش بارودۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەعێراق کێشەی نییە، نەوت بە نرخێکی بەرز لە بازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشن.
جا بۆیە پارتی و یەکێتی پێویستە زمانی دیپلۆماسییان لە ھەمووکات زیاتر بەبڕشتتر و زاڵتر بێت، نەک زمانی زبر و شەڕی میدیا و ئەڵەنگارییەکی تر.

ھەواڵی زیاتر