هاودەنگ فاروق
ئەوانـــەی لە هەڵبژاردن تۆقیون، دەزانن هەر چەنـــد مانگێكی ماوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆســـە یاســـایی و سیاســـییە، كەچی لەبری ئەوەی بە خۆیانـــدا بچنەوە، زیاتر دەســـتیان خســـتۆتە بینەقاقای هاووڵاتییان. لەباتی ئەوەی كارئاســـانی بكەن و ژیان ئاسایی بكەنەوە، بەپێچەوانەوە، دەبینین سزای دەنگدەرانی زۆنەكەیان دەدەن و پارەی بانك دەبەن و، خانەنشـــینانی شـــارەكە، بەدەردێك دەبەن كە جارێكی دی بیر لەوە نەكەنەوە دەنگیان پێ بدەن.
هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە هاونیشتمانیان دەسەڵاتی ئایندەی خۆیان دیاری بکەن، بەو ئامرازەیش، دیسان نیشتمان ڕێک بخەنەوە و چارەسەرێک بۆ قەیران و کەموکووڕییەکان بدۆزنەوە.
هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە تا هاووڵاتیان، حزب یان چەند حزبێک هەڵبژێرنەوە بۆ حوکمڕانییەكی باشـــی لەمەولایـــان؛ بیانكەنە نوێنەری خۆیان و بەو شـــێوەیە لـــە بەڕێوەبەرایەتی وهەڵسووڕاندنی كاروباری وڵاتدا بەشدار بن.
لە ڕوانگەی پارتییەوە، هەڵبژاردن بنەما سروشـــتییەکەی دیموکراســـییە و دەبێ گەلی كوردستان ئەو نەریتە بیپارێزێ و باشترگەشەی پێ بدات نەك حزبەکان بیمرێنن. متمانەدان بە حیزبە سیاســـییەکان یان متمانەوەرگرتنەوە لێیان، ئەركی خەڵكە، ئەمە ئـــەو ئەرکە گرینگەیە کە تەنیا هاووڵاتیانی دەنگدەر ڕۆڵی ســـەرەکیی تێدا دەگێڕن و بڕیاری لەســـەر دەدەن، بۆیە دۆڕاو و ســـەرکەوتوو، ئاکامی هەر هەڵبژاردنێکە و دەبێ وا بێت!
بۆ حزبە دۆڕاوەکانیش، بەخۆداچوونەوە باشـــتر دادیان دەدات، لەوەی پاساوی ناژیرانە و نالۆژیکی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بهێننەوە، ئاخر ئەوەی پەرێزی خاوێن و كارنامەی خزمەتكردنی ڕوون و مرۆییانە و نیشـــتمانی بێت و، دەســـتی لە ناو ئیشدا بێت، نابێ لـــە هەڵبژاردن بترســـێت، خۆ ئەوانەشـــی نەیانتوانیوە و ناتوانن لـــە خزمەتی گەل و نیشـــتماندا بن، باشـــتر وایە یان بكشـــێنەوە یان بەرنامە و پرۆگرامی خزمەتی گەل و نیشتمان بكەنە بنەمای كردار و سیاسەتەكانیان و ئەوكات سەربەرزانە و بەبێ دڕدۆنگی بەشداری هەڵبژاردنەكان بن. دواجار ئەوەی دەیباتەوە، تەنیا ئەو لایەنانانەن كە هەموو جووڵەیەكیان لەپێناوی خزمەتكردنی گەل و نیشـــتماندایە، نەك ئەوانەی لە كەڕەنا و شەیپووری دووبەرەكی دەتووڕێنن..
ئـــەو حزبانـــەی تۆقیون لە هەڵبژاردن و مەرگی خۆیانی تێـــدا دەبیننەوە، هەقە لێیان بپرسین كێ دەستی گرتوونە كە پارەی بانكەكان بهێننەوە و، بە شێوەیەكی شارستانی خزمەتی دەڤەرەكەیان بكەن؟ ئەوە باشتر نییە لە كێشەنانەوە بۆ هەڵبژاردن و ترسان لەو پرۆسەیە؟