زمانی زبر و نەمانی متمانە

زكری موسا

بەکارهاتنی زمانی زبر و جنێوفرۆشی بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەداخەوە هەر لە برەوی بەردەوامە. کاریگەرییە کولتوورییەکانی بەکارهاتنی ئەم زمانە دژەکولتوورییە کارەساتبارن.
ڕۆژانە سەتانهەزار منداڵ و مێردمنداڵی کورد ئەم زمانە نزمە دەبینن و لێی فێری ڕق و ئاستنزمی دەبن.
بە داخەوە هەر لە سەرەتاوە بەشێک لە سیاسییەکان لە پشتەوەی ئەم بێ بەهاکردنە بوونە.
ئەمە دەرئەنجامێکی تریشی دەبێت. ئەویش بێ بەهابوون و خاڵیبوونی سیاسەتە لە ئیسلاح و چاکەخوازی و بەرژەوەندیی گشتی.
ئاخر سیاسەت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کاروباری گشتی هەیە و ئەرکی بریتییە لە ڕێکخستنی ژیانی دەستەجەمعیی کۆمەڵگا، نەک تێکدانی ژیانی گشتی و کولتوور.
جنێو و زمانی زبر زەڕبە لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنیش دەدا کە سەتان ساڵە گەلی کوردستان شانازی پێوە دەکات.
زمانی زبر و نووسینی بێ بەها متمانەی نێوان تاکەکانیش ناهێڵێ و پەیوەندییەکان بێڕۆح و ساختە دەکات.
زیانەکانی زبرنووسی و جنێوفرۆشی لە هەژمار نایەن. دەبێ خۆمان لەسەر ئەوە ڕابێنین زبر نەنووسین و نووسینی زبریش نەخوێنینەوە.
دەبێ هەموومان یارمەتیی یەکتر بدەین بۆ ئەوەی کەرامەت بۆ وشە و دەق و دەنگ و زمان بگەڕێتەوە.

ھەواڵی زیاتر