هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

چاكسازی ھەمیشە لە پێش شەڕ و خەباتەوەیە

بەكر كەریم حەسەن

توێژەر و نوسەر و ڕاهێنەری بواری كارگێڕی و سەركردایەتی كوەێتی دكتۆر تاریق سویدان دەڵێ” چاكسازی هەمیشە لە پێش شەڕ و خەبات كردندایە”.
شك لەوەدا نییە گەر بمانەوێ هەر میڵەت و كۆمەڵگەیەك بناسین دەبێ سەرەتا بزانین پەروەردە و فێركردنی لە چە ئاستێكدایە و تا چەند گرنگی بەو بوارە دەدەن، چونكە هەمیشە پەروەردە و فێركردن بزوێنەر و جولێنەری سەرەكین لە پەرەپێدان و پێشكەوتنی هەر میڵەت و نەتەوە و كۆمەڵگە و وولاتێك، بۆیە دەبێ بە گرنگییەوە بڕوانینتە بایەخ پێدانی هەر حكومەت و وولاتێك بە بواری پەروەردە و فێركردن، لەگەڵ ئەوەشدا ناوە ناوە یان چەند سالێك جار یان لە كاتی هەبوونی كێشەو تەنگژە و تەنگ و چەلەمە پێویستە چاكسازی لە پەروەردە و فێركردن بكرێ بەرەوباشتركردنی و سوودگەیاندنی زیاتر بە كۆمەڵگە و وولات.
گەر بیر لە پێشكەوتنی وولات بكەینەوە بە هەموو ووردەكارییەكانی دەبێ لە پەروەردە و فێركردن بێ دوو دڵی و ترس دەست بە چاكسازی بكەین لەو بوارە دا، چاوخشاندنێكی كورت بە چەند وولاتێك كە چۆن چاكسازییان كردوە لە پەروەردە و فێركردن.
۱-وولاتی مالیزیا لە كۆتایی سەدەی بیستەم دەستی كرد بە چاكسازی پەروەردەیی كە دیدگایەكی نوێی داهێنا بۆ پڕۆگرامەكانی خوێندن لە قۆناغەكانی بنەڕەتی و دواناوەندی، چۆن قوتابیانیان فێری كارامەییەكانی بنەڕەتی بكەن لە زمان و بیركاری و پڕەنسیپە گرنگەكان، كە چۆن تاكێكی بەرهەم هێن دروست بكەن، تاكێك پڕ لە تەكنەلۆژیا و ئابوری و داهێنەر و باوەڕ بە خۆ بوو و خاوەن متمانەی بەرز، جودا لەمەش هەردەم ڕۆشنبیری گشتی بداتە قوتابیان و جەخت كردنەوە لە پڕەنسیپەكانی ڕەوشتی جوان و دورست بەكارهێنانی زانیاری.
۲- وولاتی ژاپۆن لە ساڵی ۱۹۸٥ سەرەتایەكی بێ وێنە بوو لە كۆمەلێ چاكسازی پەروەردەیی، سەرەتا ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ چاكسازی پەروەردەییان دامەزراند كە گرنگترین چاكسازییەكانی بریتی بوون لە ..
*وەزارەتی پەروەردە كاری كرد لە سەر ئەوەی دام و دەزگاكانی فێركردنی وولات ببنە مەڵبەندی فێركردنی دانیشتوانی ژاپۆن.
*وەزارەتی پەروەردە كاری كرد بۆ قول كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ خێزان و كۆمەڵگە.
*وەزارەتی پەروەردە كاری كرد بۆ دامەزراندنی نوسینگەیەك بۆ پەروەردەی بەردەوام لە ناوە وەزارەت بە ئامانجی گەشەكردن و پەرەپێدانی بەردەوامی تواناكانی مامۆستایان. *دانانی بەرنامە بۆ یارمەتیدانی قوتابیان.
۳-وولاتە یەكگرتوونەوەكانی ئەمریكا بەوە ناسراوە كە گرنگترین بزووتنەوەی چاكسازی پەروەردەیی ئەنجامدا لە ساڵی ۱۹۸۹ كە لوتكەی سەرۆكایەتی بەست دەربارەی بارودۆخی پەروەردە و فێركردن كە سەرۆكی ئەو كاتەی وولات جۆرج بۆشی باوك سەرۆكایەتی بەستنی لوتكەكەی كرد لە ۲۸ی ئەیلول لە شاری تشارلوتزفیل لە ویلایەتی فیرجینیا، كە ناوی لوتكەكە نرا لوتكەی سەرۆك و حاكمی ویلایەتەكان بۆ پەروەردە، دواتریش لە سەر بنەمای ئەو لوتكەیە بەیانێكی راگەیاندنیان بڵاوكردەوە بە بەڵگەنامەیەك بە ناونیشانی ئەمریكا ساڵی ۲۰۰۰ ستراتیژیەتی بۆ پەروەردە، كە كۆمەلێ سیما و ئەدكاری بزووتنەوەی چاكسازی پەروەردەیی گشتگیر و هەمەگیر دەگرێتە خۆ ك ئەمریكا دەگەرێنێتەوە بۆ سەركردایەتی گشتی لە سەدەی بیست و یەك، كە ئێستا لە سەر زەوی وا دەیبینین. گەر سەرنجی خێرا لە نموونەی ئەو (۳)سێ وولاتە بدەین كە باسمان كرد بە كورتی كاتی بڕیاری چاكسازییان داوە لە پەروەردە و فێركردن لە چ قۆناغێك بوون و دوایی چاكسازیەكە ئێستا لە چ قۆناغێك دان هەموومان هەست بەو گۆڕانكاری زۆر باش و چوونەپێشی گرنگ دەكەین و دەیبینین.
گەر تەماشای بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە گشتی و پەروەردە و فێركردن بە تایبەتی بكەین دەبینین لەو قۆناغەدا چاكسازی كردن لە بواری پەروەردە و فێركردن لە پێویستییە هەرە گرنگەكان دەبینم، بۆیە گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە بە دیراسە و توێژینەوەی مەیدانی و زانستی و پاڵپشت بە بەڵگە و ڕای پسپۆڕان و شارەزایان و خەڵكی سادە لە هەموو چین و توێژەكانەوە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەندێ وولات بێ ترس و ڕاڕا و دوو دڵی و تاكە ئامانج لێی مرۆڤ و كۆمەڵگە و خاك و نیشتمان بێت، هەنگاوی جدی بنرێ لەو قۆناغە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان، كە زۆر لە مێژە چاكسازی لەو بوارە ئەنام نەدراوە، چاكسازی لە زۆربەی زۆری بڕگە و جومگە و بوارەان ئەنجام بدرێت بە پێی پلانێكی ووردی دیراسەت كراو بۆ ئەوەی چاكسازییەكی باش و ئەرێنی و سوودبەخش بێت و ئەنجامی زۆر باشی هەبێت، جەخت لەوە دەكەمەوە كە پێویستە دیراسە و توێژینەوەی قول هەبێت لەسەر كۆی ڕاستی و دروستی و كەتوار و بوپەری پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن، لەگەڵ چاودێریكردنی هەر گۆڕانكارییەك كە دێتە ئەنجامدان. بە پاڵپشتی خوای گەورە لە ووتارەكانی داهاتوو ووردەكاری زیاتر لە سەر چاكسازی لە پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان دەیخەمە بەردیدی خوێنەرانی ئازیز