ھەڵوێستێكی مێژوویی

زكری موسا

زكری موسا

فەرەنسا دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستانە و لە زۆر وێستگەدا پشتیوانی گەلی كوردستان بووە.
پشتگیریی فەرەنسا بۆ دانانی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی گەلی كوردستان و دانانی ئەنستیتۆی كورد لە پاریس و هەوڵەكانی فرانسوا میتران و دانیال میتران بۆ یارمەتیدانی كورد و سەردانی سەرۆك هۆڵاند لە سەرەتای شەڕی داعش و سەردانی سەرۆك ماكرۆن بۆ هەولێر و دەیان نموونەی تر نیشانەی ئەوەیە كە فەرەنسا لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كوردستان جیاوازییەكی جەوهەری لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی هەیە و بە گۆڕینی سەرۆككۆمار و حكوومەت هەڵوێستیان بەرانبەر كورد گۆڕانی بەسەردا ناهێت. فەرەنسیەكان خۆیان دەڵێن لەناوخۆدا ڕەنگە لەسەر زۆر بابەت هاوڕا نەبین بەڵام هەمیشە لە پشتگیریكردنی گەلی كوردستان لەگەڵ یەكتردا هاوڕاین. ئەم پەیوەندییە دێرینە و بۆ شۆڕشی ئەیلوول دەگەڕێتەوە.
لە ساڵی ۱۹٦۷ لە سەردەمی سەرۆك دیگۆلدا مامەڵەیەك لەنێوان دەوڵەتی فەرەنسا و حكوومەتی عێراق لە كاتی عەبدولرەحمان عارفدا هەبوو بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی شەڕكەری جۆری میڕاژ. لەو كاتدا جەنابی بارزانیی نەمر نامەیەكی بۆ سەرۆك دیگۆل نارد و داوای كرد ئەو سەفەقەیە هەڵوەشێتەوە چونكە فڕۆكە میڕاژەكان بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردستان و كوشتنی ژن و منداڵی كورد بەكار دەهێندرێت. ئەوە بوو سەرۆك دیگۆل مەرجی بۆ فرۆشتنی میڕاژەكان دانا كە بۆ شەڕی گەلی كوردستان بەكار نەهێندرێن و سەفەقەكەی هەڵوەشاندەوە.