هزری چەوتی شەرەفپارێزی: دوو تاوانلێکراو :ئافرەت؛کوژراو و سزادراو بە سزای کوشتن، پیاو؛بکوژ و جێبەجێکاری سزا و لە ڕاستییدا لە هەمانکات سزادراو بە عەزابی ویژدان، سزای یاسایی و سزای خوایی و ئاسمانی

د. ڤیان سلێمان

ئامارەکانی کوشتنی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان لەمساڵدا بەشێوەیەکی ترسناک ڕوو لە زیادبوونە، برایەک خوشکەکەی، باوکێک کچە پازدە ساڵانەکەی، هاوسەرێک هاوسەرەکەی و هەر بەم شێوەیەش هەموو تاوانبار و بکوژەکان کەسانی هەرەنزیکی کوژراوەکان بوون و پاڵنەری تاوانەکانیش بە شێوەیەکی گشتی شەرەفپارێزی و خاوەندارییە، ئەمەش لەهەر تاوانێکی دیکەی کوشتنی مرۆڤ زیاتر مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، لێرەدا بکوژ، کەسی هەرە نزیکی قوربانییەکەیە، تاوانەکە پاڵنەری داب و نەریتی خێڵایەتی و کۆمەڵایەتی و کولتوری لەپشتە و پاڵپشتی کۆمەڵایەتیشی هەیە، بەوپێیە مرۆڤێک کە دایک یان خوشک یان کچ و هاوسەرە لەبەر سەرکێشی ودەرچوون لە چوارچێوەی سیستەمی پیاوسالاری یان بەواتایەکی تر سیستەمی کۆیلایەتی وعورفی گشتی کۆمەڵگە کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێ و کەسێکی دیکە کە باوک یان برا یاخود هاوسەرە دەبێتە بکوژ. لێرەدا ڕاستییەکە ئەوەیە کە تا ئێستا، لە خێزان چەمکی ئازادی و هاوپێگەیی هاوبەشی و پێکەوەیی زۆر کاڵ و تا ڕادەیکی زۆر بوونی نییە. لە بەرامبەردا تەنانەت، سەرەڕای بانگەشەی سیستەمی دیمۆکراسی وئازادی و مافەکانی مرۆڤ لەناو کۆمەڵگە، خێزان لە دەرەوەی ئەو بازنەیەیە و هێشتا چەمکەکانی سەردار و کۆیلە، خاوەن موڵک و موڵک، خاوەنکار و کرێکار، حاکم و مەحکوم، بە توندی لە هەناویدا ڕەگیان داکوتاوە و پەیوەندییە خێزانییەکانی هاوسەرایەتی، دایک و باوکایەتی، خوشک و برایەتییان خستووتە ژێرڕکێفی خۆیان و لەسەرئەو بنەمایانە پێگە و رۆل و مافەکانی هەریەک لە دوو ڕەگەزەکەی دیاری کردوون. هەر کاتێ، تاکێک لە خێزان کە ئافرەتە، لە پێناو مافە زەوتکراوەکانی کە بۆ ژیانێکی ئازادانە پێویستییەتی، کۆت وبەندەکانی نۆرم و بەها کۆمەڵگەییەکانی سەرەوە سەبارەت بە خێزان دەشکێنێت؛ لە چاوی کۆمەڵگە دەبێتە تاوانبار و دەبێ سزا بدرێ . سزایەکی قورس کە سزای سەردەمی جاهلیییەتە و دەبێ لە لایەن حاکمی خێزانەوە کە پیاوە دەربچووێنرێت و جێبەجێ ببێت. ئەگەر بە وردی لێ بڕوانین دەبینین لێرەدا دوو سزادراو دەبینین یەکێکیان، ئافرەتە کە بێرەحمانە مافی ژیانی لێ دەسەنرێت لە جیاتی پاڵپشتی بۆ ئازادبوونی و ڕاستکردنەوەی جووڵەیەکی ؛ ئەویش ئەگەر لە هەوڵی بۆ ئازادی؛ ئەگەر جووڵەیەکی هەڵەی کردبێت. دووەم سزادراو،پیاوەکەیە، جێبەجێکاری سزاکە، هەردووان سزادراوی بیری چەقبەستوو و کۆنەپارێزی خۆدی پیاوەکە یاخود کەوتنە دوای بیری چەوتی کۆمەڵگەن. بۆیە دەبێ هەردووکیان هەوڵ بۆ ئازادبوونیان لەم هزر و بیرە چەوتە بدەن، ئافرەت بە ناحەق دەکوژرێت و بێگومان ئەم بە ناحەق کوژرانەکەی دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی لە گوناه و ژیانی لە بەهەشت لە جیهانی ئاخرەت بۆی مسۆگەر دەبێت، بەڵام بکوژ لە دوای تاوان لەم جیهانەدا عەزابی ویژدان دەبێتە هۆگری سات بە ساتی ژیانی و لەو دونیایەش بیری چەوتی کۆمەڵگە فریای ناکەوێت و دەبێت سزای تاوانەکەی بەناحەق کوشتنی مرۆڤێک بداتەوەو جگە لەوەش کە بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم تاوانبارە و دەبێ چەندەها ساڵ لە کونجی زیندان بەڕێ بکات یان هەمیشە شاردراو و هەڵهاتووی دەستی داد بێت و بە ترس و لەرزەوە ژیان بەڕێ بکات.
بۆ ئافرەت بە بیانووی شەرەف دەکوژرێت؟
لە ئەنجامی تێگەیشتنێک کە ڕەگێکی قووڵی مێژوویی هەیە و بۆ باوەڕە سەرتاییەکانی مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و گەردوون دەگەڕێتەوە. جەستەی ئافرەت بە جادوو و گوناه دەبینرێت و لە ئەنجامدا ئافرەت دەبێتە گوناهکار یا خود جادووکار. جەستەی پیاو ڕەسەنە و ئافەریدەی خوایە. بۆیە پیاو رۆڵە سەرەکییەکە دەبینێت کە ڕۆڵی باڵادەستی و پارێزەرییە،سەرکێشی سروشت دەکات ودەیخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی بە هەموو بوونەوەرەکانییەوە. وبەرامبەر ئافرەتیش هەمان رۆڵی پارێزەری دەگێڕێت. ئافرەت دەبێتە پارێزراوی دەستی پیاو و بەمە بەهای بوونەوەرەکانیتری سروشتی وەردەگرێت.دەبێتە موڵکی پیاو و لێرەدا پیاو هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی ئافرەت، ئەو لە جادوو و گوناه پاک بکاتەوە. بۆیە لە ئەنجامی ڕۆڵی خاوندارێتی و پارێزەری خۆی، ئافرەت بە بەشێک لە بەهاوپلەی کۆمەڵایەتی خۆی دادەنێت،کە بە شەڕەف پێناسە دەکرێت. واتە بەها و پێگەی، پەسەندی و ناپەسەندی خۆی لەناو پیاوانیتری کۆمەڵگە دەبەستێتەوە بە جەستە و هەڵسوکەوتی ئافرەتە دەوروبەرەکانی خۆی،کە بە موڵک و پارێزراوی خۆی دەزانێت. لە ئەنجامدا ئەم هزرە دەبێتە نۆرم و ڕێسا، و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی کۆیلایەتی و بگرە پاشتریش لەسەر دادەڕێژرێت، کە بە سیستەمی مێژوویی و کۆمەڵایەتی پیاوسالاری ناو دەبرێت و دواجار سیستەمی سیاسی و یاسایی کۆمەڵگەش لەسەری بنیات دەنرێت
پیاو لە چوارچێوەی ڕوانگەی پیاوسالاری وا تێگەیشتووە ئافرەت بریتییە لە جەستە و جەستەی ئافرەت کاڵایەکە، کە ئەو خاوەندارێتی دەکات و ئەو دیاری دەکات کە شێوازی دەرکەوتنی کاڵاکە و بەکارهاتنی چۆن بێت، وا تێگەیشتووە کە تەواوی وزە و توانایی ئافرەت دەبێ لە چوارچێوەی تایبەتمەندییە بایۆلۆجی و فیسیۆلۆجییەکانی بەکار بێت نەک زیاتر؛ کە منداڵبوون و بەخێوکردنی منداڵ دەگرێتە خۆی و بەمەش جگە لە دابڕاندن و بێبەش کردنی ئافرەت و کۆمەڵگە لە یەکتر، زیانێکی گەورەی بە پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵیش گەیاندووە هەم لەڕووی سۆزداری و هەم لە ڕووی دیدی پیاوانەوە. پیاو، ئافرەت بە مرۆڤێکی هاوشێوەی خۆی نابینێت بۆیە ناتوانێ پەسەندی بکات کە ئافرەت وەک ئەو و یەکسان لەگەڵی لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە بوونی هەبێت و وەک ئەو ڕۆلی سەرەکی ببینێت نەک لاوەکی. بە هاوبەشی خۆی نازانێت بۆیە ناتوانێ قبوڵی بکات کە وەک ئەو خاوەنی خۆی وبڕیارلە ماڵ و منداڵی بێت نەک جێگرەوە و دایەن. تا ئەم دیدە و تێڕوانینە لە ناو عەقڵی گشتی کۆمەڵگەدا کە زۆرینەی پیاو نوێنەرایەتی دەکات نەگۆڕدرێت؛ تاوانەکانی کۆشتنی ژنان بەردەوام دەبێت.
بێگومان کوشتنی ئافرەت لەسەر بنەمای شەرەف تاوانێکی دڕندانەی نەگریسە. لەناوبردنی مرۆڤیکی بێ تاوانە کە تەنها لە چاوی هزری کوێرانەی کۆمەڵگەدا تاوانی کردووە؛ بەڵام بە فیعلی هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە. پیاو سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی کۆمەڵگە دەکات بۆیە ؛ بە پاساوی ئەوەی کە ئافرەت ورووژێنەر، سووچدار و گوناهکارە، پیاوی لێ دەرباز دەکات یان سزایەکی سووکی بەبەر دەخات؛ بەڵام تەنها سزای ئافرەت بێوژدانانە و دڕندانەیە کە دەبێ لەسەری بکوژرێ. هەندێ جارزۆر زیاتر لەوەش دەڕوات، لەسەر گومانێک یان لەسەر پراوەکردنی یەکێ لە مافە سەرەتاییەکان و خواست بۆ ئازادانە ژیان، یان هەستی خۆبەخاوەنزانین، سزای کوشتنی بۆ دەردەکرێت .
مایەی نیگەرانییە هەرجارەو لە ناوچەیەکی کوردستان ئەم تاوانە دوبارە دەبێتەوەو ئەو ڕاستییە تاڵەمان بەبیردەهێنێتەوە کە بەداخەوە لە کۆمەڵگەکەماندا ئافرەت لەسەر هەندێ چەمکی دواکەوتووی کۆمەڵایەتی دەکوژرێت، ئەوەش زەنگێکی مەترسییە لەسەر ژیانی سەرجەم ئافرەتان یاخود ئافرەتانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز، مەترسییە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان، مەترسییە لەسەر ناوبانگی کۆمەڵگەکەمان، هەرچەندە ناکرێت ڕەفتاری دڕندانەی هەندێک لە تاکەکان بگشتێندرێت، بەڵام ئەمەش ڕاستیەکەو دەبێت لەسەری بوەستین، کە لە کۆمەڵگەکەماندا هاوشێوەی کۆمەلگەی سەردەمی هەرە دواکەوتووی جاهلییەت، ئافرەت لەسەر شەرەف دەکوژرێت، لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بکەین کە کوشتنی ئافرەت لە سەرانسەری جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام هۆکار و زەمینەکان جیاوازن.
لە بنەڕەتدا کوشتنی ئافرەت بەشێک نییە لە کولتوری کورد، ئافرەتی کورد ژێردەستە و کۆیلە نەبووە، ئافرەتی کورد لە خێزاندا خاوەن ڕێز و ڕۆڵ بووە، بەشی زۆری ئەم بەهایانە بەرهەمی داگیرکاری و کولتوری نەتەوەکانی دەوروبەر و هزری دواکەوتوی هاوردەن، بۆیە پێویستە کۆمەلگەکەمان خۆی لەم دیاردە نامۆ و دژە مرۆڤانە پاک بکاتەوە، ئەوەش کار و کۆششی هەمەلایەنەی پێویستە، تێکۆشانی ئافرەت و هاوبەشی پیاوی یەکسانیخوازی پێویستە، سەپاندنی سزای یاسایی قورس و بەهیزکردنی پێگەی ئافرەتی پێویستە. لە هەمووی گرنگتر پشتیوانی کۆمەڵایەتی پێویستە، پشتیوانی کۆمەڵایەتیش لە ڕێگەی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە دەستەبەر دەبێت.
هەروەک ئەم تاوانە ڕەهەندی کولتوری و ئایینی و یاساییشی هەیە و لە هەموو ئەو بوارانەدا دەبێت کار بۆ بنبڕکردنی و تەحریمکردنی بکرێت، بەڵام زیاتر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی هەیە، گرتنەبەری ئامرازی جۆراوجۆر بۆ گۆڕانکاری لەو چەمکە کۆمەڵایەتییانەی ڕەوایەتی بەم تاوانە دەدەن، پێڕەوکردنی پەروەردەیەکی یەکسانخوازی مرۆڤدۆستانە لە خێزاندا، جێکردنەوەی بنەماکانی ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەت و یەکسانی جێندەری لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یەکسانی و چەمکەکانی ئازادی و ڕۆشنبیری یاسایی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری ئایینی لەبارەی پیرۆزی ڕۆحی مرۆڤ و ئەوەی کە هیچ مرۆڤێک مافی ئەوەی نییە ژیانی مرۆڤێکی دیکە کۆتایی پێ بهێنێت، ئەو تاوانەش کە پەنای بۆ دەبرێت هیچ نییە جگە لە جێبەجێکردنی داوا و ویستێکی بیری چەوتی کۆمەڵگە. بە سزادانی بکوژ لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بەشێوەیەک لە کاتی ڕوودانی هەر تاوانێکی شەرەف لەبری هەستی شانازی و غیرەت هەستی شەرمەزاری و ئابڕووچوون بە بکوژ بچێژرێ.
ئەگەر وا نەکەین و ڕێ لەو تاوانە نەگرین؛ ئەوا زۆر ئافرەتی دیکە خۆیان یان کچ و نەوەکانیان بەو چارەنووسە مەحکومن کە ئازار بدرێن و لەسەر پراوەکردنی سەرەتاییترین مافەکان بکوژرێن، زۆر لە پیاوانیش بەو چارەنووسە مەحکومن کە ببن بە بکوژ، ئیتر یان تەواوی ژیانیان لە زیندان بەسەرببەن یاخود هەڵهاتوو بن و یان لە چاوی منداڵ و دەوروبەریان وەک بکوژ ببینرێن، ئەوە ئەگەر تەواوی ژیانیشیان لەژێر ڕەحمەتی ئازاری ویژدان بەسەر نەبەن!. بە دڵنیاییەوە ئەو چارەنووسە بۆ هیچ مرۆڤێک باش نییە، بۆیە هەموو کۆمەڵگە ناچارە کە هاوبەشی بکات بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردە ترسناکە.

ھەواڵی زیاتر