پەرەپێدانی زمانی كوردی

زمانناسان و پسپۆڕانی بابەتی زمان لەسەر ئەو باوەڕەدان کە زمانیش هەروەک لەشی مرۆڤ، بە وەرزش و ڕاهێنانی تایبەت بە خۆیەوە بەهێز و پتەو دەبێت.
ڕاهینانی زمان، بریتییە لە پەرەپێدان بە پانتایی بەکارهێنان و بەئەزموونکردنی بەرفراوانی زمان. لە ڕوانگەگەلی نوێ و هەروەها بازنەی جۆراوجۆر و جیاوازەوە.
ئەم ئەزموونە نوێ و جیاوازەش، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بەکارهێنانی زمان، لە سەرەوەی
زمانی ڕۆژەزار و ئاخافتنی ئاساییەوە. زمانی کوردی وەک هەموو زمانەکانی دیکە، بە درێژایی مێژوو و بەپێی هەلومەرجی ژیانی مرۆڤی کورد، لەزۆر باری ژیاندا ڕاهاتووە و پەرەی گرتووە. هەروەها لە زۆر باری جیاوازیشدا گەلەک بە پێویست نەزانراوە و وەکو ئێستاکە لاوازی پێوە دیار بووە. هەرچۆن ڕەگ داکووتانی نەریتی شیعر و مۆسیقا لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، زمانێکی بەپێزی شاعیرانەی درووست کردووە.
یان سەرنجدانی هەمیشەیی کورد بۆ سروشت، زمانێکی دەوڵەمەند و پڕ لە توانایی سەبارەت بە سروشت ساز کردووە. هەر چۆن ئێمە بە هۆی نەبوونی نەریتی گێڕانەوە لە ڕێگەی زمانێکی جیاواز لە شیعرەوە، کەمووکوڕتی و کێماسییەکانی زمانەکەمان هەست پێدەکەین، بەتایبەیش کاتێک چیرۆک دەگێڕینەوە و ڕۆمان و شانۆنامە و سیناریو دەنووسین.
لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانی هەلومەرجی ژیان وهەروەها بوارە جیاکانی پەیوەست بە کورد، بەتایبەتی پێویستی بە زمانی نووسراوە، تاکوو ببێتە هەلێکی نۆی لە هەمبەرمان.
لە لایەکی دیکەوە، میدیای مۆدێرن و جیهانیش کە گرێدراوە بە سۆشیاڵ میدیا و ئینتێرنێتەوە، لە ڕێگەی خاڵە ئەرێنیەکانیدا دەتوانێ ببێتە هۆکارێکی نەرێنی بۆ شکست، بەڵام ئەگەر خۆمان لە بەرامبەریدا تەیار و ئامادە بکەین، ئەوا هەلێکە بۆ پتر هەنگاونان بەرەو پێشکەوتن.
یەکێک لەو پانتاییە زۆر گرینگانەی پەیوەست بە دونیای مۆدێرن، پانتایی دڕاماتیکە.
پەڕەگرتنی میدیۆمگەلێکی وەکوو شانۆ، سینەما و تەلەفزیۆن لەناو ژیانی مڕۆڤی سەردەمدا، پێویستی بە زمانێکی هاوئاهەنگ لەگەڵ ئەو میدیۆمانەیە، هەر چەند دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەمە لەنێو ئێمەی کوردیشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە و تا ڕادەیەک زمانێکی لەو شێوەی
خەریکە پەرەدەسێنێت. دەبێت بڵێین زمانی دڕاماتێک، نە زمانی فەرمی و وشکی مێژویییە، نە زمانی ڕۆژەزاری ناو شەقام و کۆڵانیشە.
بۆ ئەوەی ڕوونتری بکەینەوە نمونەیەک دەخەینەڕوو: زۆر جار لەسەر پەردەی سینەما و تەختەی شانۆدا هەڵەی بەکارهێنانی زمانمان بینیوە، کاتێک ئەکتەرێک بە زمانی فەرمی، لەجیاتی گوتنی دیاڵۆگەوە، خەریکە شیعر دەڵێت! بەمەش هەر وەکوو زمانی تێکڕووخاوی ناو شەقام، دیاڵۆگیش تێکدەشکێنێ و دەیڕۆخێنێ. هەر چۆن لە شانۆنامە و نواندنی نەوەی پێشووماندا، زمانی فەرمی هەر وەکوو شیعر، بەردەنگ و بینەری ئازار داوە، هەر بەم شێوەیەش شانۆنامە و نواندنەکانی ئێستاکەش زمانی تێکڕووخاوی رۆژەزار نەیهێشتووە تا پەیوەندی لەنێوان بەردەنگ لەگەڵ شوێنەواری دڕاماتیکی بەرهەمە وێژەیی و هونەرییەکاندا درووست ببێت.
زمانی دڕاماتیک هێڵێکی تەسک و زۆر هەستیارە لەنێوان ئەو دوو شێوازی ئاسایی ڕۆژەزار و هەروەها وشکی زانستی.
بێگومان زانست و زانیاریی ئێمە سەبارەت بە دڕام، دیالۆگ، سینەما و زمانی شیاوی ئەم مێدیومانە لەپاڵ ئەزمونکردنی بەردەوام و ڕەخنەگراندەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم زیان و کێماسییە سەرەکییە بسڕێتەوە و ببێته هەوێنی سازبوونی زمانی دڕاماتیکی پەیوەست بە کوردی

ھەواڵی زیاتر