منیش شەڕی پارتی دەكەم، ئەگەر…!

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەبەشی یەكەمدا باسمان لەو فشارە گەورەیە كرد كە كامپی دژ بەپارتی یان ڕاستتر ڕكابەری پارتی، لەسەر نوسەران و ڕۆشنبیرانی دادەنێن، بۆ ئەوەی بەئاوازی ئەوان بنوسێت و بە گۆرانی ئەوان سەما بكات.
من وەكو ئەجێندای سیاسی، مافی ئەوە بەهەموو حیزب و گروپێك دەدەم كە هەوڵ بدات هەمووان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، هەموو كارتەكانی بەردەستی بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی زۆرترینی ئەقڵ و سەلقەكانی كۆمەڵگاكەی بۆخۆی مۆنۆپۆل بكات.
نەیارەكانی پارتیش ئەو مافەیان هەیە. ئەوانیش هەقی ئەوەیان هەیە كاربكەن بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوە، بەڵام ئایا ئەم مافە مافێكی ڕەهایە؟ یان سنوربەندە بەهەندێك
مەرجی بابەتی و، ڕێگری واقیعی؟.
كێشەی مرۆڤی كورد ئەوەیە كە هەمیشە موتڵەقی مەسەلەكان وەردەگرێت و ناچێتە ناو وردەكاری بابەتەكانەوە. دیارە لەكاتێكدا مافێكی وەكو بنەما و پڕنسیپ باس دەكرێت، كۆمەڵێك مەرج هەن بۆ وەدەستهێنان و “ئیكتیساب”ی ئەو مافە.
ئەمە لەكایەی سیاسی و شەخسیشدا هەروایە. لەهەموو كایەكانی ژیانیشدا بەهەمان شێوەیە. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر نەیارەكانی پارتی، ئەوان با ئەو گلەییە لەخۆیان بكەن كە بۆچی خەڵك لەدەوریان كۆنابێتەوە، ئەگەر كۆش ببێتەوە، دوای ماوەیەكی كەم لێیان دوور دەكەوێتەوە؟.
ئەگەر بۆ هەموو كەسێكی ئاسایی مەسەلەی لایەنگری كردن و ڕكابەری كردن، كۆمەڵێك مەرجی سادەو شەخسی هەبێت، ئەوا پێویستە ئەو مەرجانە بۆ كەسێكی ڕۆشنبیر قووڵ وبابەتی و جەوهەری بن.
یانی: ئەگەر كەسێكی سادەی شەقام، بۆئەوەی لایەنگری حیزبێك بكات، بەموچەیەكی سادە ڕازی ببێت، ئەوا بۆ ڕۆشنبیرێك، پێویستی بە سەرنجدانە لە جەوهەر و دنیابینی و میكانیزمی كارو سیاسەتی ئەو حیزبە.
ئەگەرچی من پێم وانیە ئەقڵی كورد و كۆمەڵگەی كوردی تاكو ئێستا
توانیبێتی بێتە ناومێژوو، یان توانیبێتی هیچ بەرهەمێكی ستاندارد لەگەڵ ڕۆحی سەردەم بەهەرم بهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە ئەم قسەیەش ڕەها نیە و، هەندێجار هەوڵ دەبینین بۆ پرۆژەی باش و سەركەوتوو كە بتوانێت ماوەیەكی زۆر بەرگەی تەحەداكان بگرێت.
ئەگەر بەراوردێكی سادە لەنێوان پارتی و ڕكابەرەكانیدا بكەین، دەبینین ئەگەرچی پارتی لەهەموویان كۆنترە، بەڵام زیاتر بەرگەی تەحەداكانی گرتووە، زیاتریش توانای خۆ ئەپدەیتكردنەوەی هەبووە و دەستوپەنجەی لەگەڵ بارودۆخەكان نەرمكردووە.
هاوكات خاوەنی دەستپێشخەریش بووە، لەكاتێكدا ڕكابەرەكانی ئەگەرچی لەپارتی گەنجترن، بەڵام ناتوانن خۆیان ئەپدەیت بكەنەوە، دەستپێشخەریشیان نیە و كارەكانیان هەموو كاردانەوەیە. ڕكابەرەكانی پارتی، لەكاتێكدا كە فشاردەكەن بۆ ئەوەی شەڕی پارتیی ئێمە بیكەین، خۆیان نەلەڕووی گوتارەوە، نەلەڕووی مۆدیلی كار و تەنانەت لەڕووی موفرەداتی كاری سیاسیشەوە، نەك لە مۆدیلی پارتی دەرنەچوون، بەڵكو بەهەمان وردەكارییەوە دوای دەیان ساڵ دەگەڕێنەوە سەر هەمان نەفەسی پارتی. بۆنمونە: مەسەلەی بنەمالەیی كە ماوەیەكی زۆر خەڵكیان كۆكردەوە لەسەر ئەوەی پارتی حیزبێكی بنەماڵەییە، كەچی تەواوی حیزبەكانی كوردستان، ئیستا بوونەتە بنەماڵەیی. یان بەكارهێنانی چەمكەكان، وەك ناونانی كەسی یەكەمی حیزب بەسەرۆك، ئیستا زۆربەی حیزبەكان، دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی وەكو پارتی كەسی یەكەمیان ناوبنێن سەرۆك…هتد.
ئیتر ئەوەی لەڕووی ستراكچەر و ستراتیژ و گەورهەر و دنیابینییەوە با بوەستێ كە بەهیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە پارتی تێبپەڕێنن، بەڵكو لەدوایەوە دەڕۆن و، هەمیشە پارتی كاری هەیە و ئەوان كاردانەوە!.
ئەم كێشەیە پێویستە لەچركەیەكدا، كۆتایی پێ بهێنرێت، پێویستە ئیتر نەگەڕێینەوە سەر ئەوەی كە هەوڵ بدەین خەڵك شەڕی بەوەكالەت بۆ ئێمە بكات لەدژی پارتی.
لەكاتێكدا ئامانجی شەڕەكە ئەوەیە بگەینە ئاستی پارتی. من بۆ كۆتایی هێنان بەو جەدەل و سەفسەتەیە، بۆ كۆتاجار قوفڵ لەدرگای ئەم بابەتە دەدەم ودەڵێم: ئەگەر ئێوە توانیتان لەمۆدیلی پارتی
دەربچن و نمونەیەكی جیاواز بەرهەمبهێنن و دوای چەندین ساڵ نەگەڕێنەوە سەر ئەدەبیاتی پارتی، ئەوا منیش ئامادەم لەگەڵتان شەڕی پارتی بكەم!.