چاودێرێك
چەند شەوی رابردوو، سەرلەنوێ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، كەوتەوە بەر هێرشێكی تیرۆریستیی مووشەكی و، مووشەكەكانیش وەك زۆربەی هێرشە هاوشێوەكانی پێشوو، ناوچە و گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی مەدەنیی دانیشتوانی شارەكەی پێكا، سوپاس بۆ خوای گەورە، جگە لە چەند بریندارێك، زیانی گیانیی گەورەی لێ نەكەوتەوە، تەنیا چەند ماڵ و ئۆتۆمبێل و شوێنێكی مەدەنی، لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیرۆریستییەدا زیانی
ماڵییان وەبەر كەوت.
ئەوەی مایەی خەم و نیگەرانیە، لە سەروبەندی ئەو پەلامارە بۆ سەر هەولێر، بەشێكی زۆر لە میدیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، نەخاسمە ئەو میدیایانەی لە دەسەڵاتداران و دەزگا باڵا سەربازی و ئەمنییەكانی ئێرانەوە نزیكن، بە جۆرێك لە خۆشحاڵی و شاگەشكەبوونەوە رووماڵی هەواڵی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی سەر هەولێریان كرد و چەواشەكارانە بانگەشەی ئەوەیان كرد گوایە ئەو مووشەكانە كە لە خاكی ئێرانەوە ئاراستەی پایتەختی هەرێمی كوردستان كراون، چەند دەزگایەكی (مووسادی ئیسرائیلی و ئەمریكی)یان! لەنێو شاری هەولێردا بە ئامانج گرتووە و پێكاویانن.
جارێ بەر لە هەموو شت، خۆزگە دەخوازین و داواش دەكەین،
با چەندان لیژنەی لێكۆڵینەوە و دەرخستنی راستی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێك بێن و بێنە شاری هەولێر و پشكنینی ورد و رژد بۆ ئەو شوێنانە بكەن كە مووەكەكانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە پێكاونی، تا هەموان و بەتایبەتیش گەلانی ئێران بزانن، كە هەر هەموو ئامانجەكان، گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنین و زیانلێكەتووانیش تەنیا هاووڵاتیی سڤیلن و دوور و نزیك پەیوەندییان بە هیچ دەزگایەكی بیانییەوە نیە و، بانگەشەی بوونی دەزگا و بارەگای ئیسرائیلییش لەنێو هەولێر و هەرێمی كوردستاندا، درۆیەكی كۆن و سواو و قێزەونە و، پاساوێكی بێبنەما و نابەجێیە تا بەردەوامی بە دەستدرێژیكردنە سەر هەولێر و خەڵكی كوردستانی پێ بدەنەوە، هەروەها بۆ داپۆشین و شاردنەوەی بێتوانایی خۆیانە كە لە سووریا و لەسەر سنووری ئیسرائیل ناتوانن رووبەڕووی بۆردومانەكانی ئیسرائیل ببنەوە.
پاش ئەوە گرنگە بپرسین: ئەگەر ئێوە بوێر و ئازان و بەڕاستی
مەبەستتانە لە دامودەزگا و بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بدەن، بۆچی هەرگیز جورئەت ناكەن لە هیچ شوێنێكی دونیا ئەم كارە بكەن؟ ئایا هیچ كات بوێریی ئەوەتان هەبووە راستەوخۆ و بە ناوی خۆتانەوە هێرش بكەنە سەر خودی ئیسرائیل؟ ئایا ئیسرائیل لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوین و زۆر شوێنی دونیادا، دەزگا و بارەگا و بەرژەوەندیی نییە؟ ئەی ئەگەر درۆ ناكەن، بۆچی هەرگیز ناوێرن لە هیچ شوێنێكی ئەم ناوچەیە و دونیادا، هێرش بكەنە سەر بەرژوەندییەكی ئیسرائیل؟
ئەی ئایا لە ئاوەكانی كەنداودا كەشتیگەلی ئەمریكی نین؟ بۆچی
لەوێ ناوێرن دەستێكی بچووك لە بەرژوەندیی ئەمریكی بوەشێنن، ئایا ئەمریكا لە زۆر لە ناوچەكانی ئەم وڵاتانەدا، بنكە و هێزی سەربازی و داوودەزگا و بەرژوەندیی ئابووریی نییە؟ ئەی بۆچی تەنیا لە هەولێر دەتانەوێ دەست لە ئەمریكا بوەشێنن؟ بۆیە ناچارین بڵێین: ئێوە ترسنۆكن و هەرگیز مەبەستتان نەبووە و جورئەتی ئەوەش ناكەن لە بەهێزەكان بدەن، ئێوە بەم هێرشە تیرۆریستییانەتان بۆ سەر هەولێر، پەلاماری شارێك دەدەن كە بووەتە ئارامترین پەناگە بۆ لێقەوماوانی ناوچەكە، ئێوە پەلاماری گەلێكی ستەمدیدە و زوڵم لێكراو و قوربانیدەر دەدەن، گەلێك كە ساڵەهای ساڵە بە جۆرەها چەك، كۆمەڵكوژ دەكرێت و قوربانیی گەورە دەدات لەپێناو مانەوە و وەدیهێنانی مافەكانی خۆی كە خودای گەورە پێی رەوا دەبینێ و ئێوە پێی رەوا نابینن. بۆیە ئەو بانگەشە درۆیانەی بەشێكی زۆر لە میدیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، نەخاسمە ئەو میدیایانەی لە دەسەڵاتداران و دەزگا باڵا سەربازی و ئەمنییەكانی ئێرانەوە نزیكن و ئەو میدیا عێراقییانەی سەر بەوانن، دەیكەن، هەر هەمووی درۆیە و دەیانەوێ لای گەلانی ئێران پاساو بۆ ئەو هێرشە پڕ ستەمكاری و تیرۆریستییانە بهێیننەوە كە بەردەوام دژی گەلی كورد و خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەنجامی دەدەن، بەڵام دڵنیا بن هەم گەلانی ئێران لەوە هۆشیارترن كە باوەڕ بەو پاساوە بێبنەمایانە بكەن و هەمیش خەڵكی كوردستان لەوە بەهێزترن كە بەو هێرشە ترسنۆكانانە، رادەست بن و خۆ بچەمێنن و دەستبەرداری ئیرادە و مافە ڕەواكانی خۆیان ببن.