ئافراندن لە پەروەردە كۆمەڵگە بەھێز دەكات

بەكر كەریم حەسەن*

گەورە وتاربێژ و مامۆستای ئەمریكی ئیدوارد ئیفریت دەلێ” فێركردن پاسەوانی وڵاتە، باشترە لە سوپایەكی ڕێكخراو”.
شك لەوەدا نییە بۆ پارێزگاری و پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگە و وڵاتێك ئەوا پەروەردە و فێركردن بە نمرەی یەكەم دێن و بزوێنەر و جووڵێنەری بنچینەیین لە گەشەکردن و پێشكەوتنی هەر نەتەوە و وڵاتێك، لەبیرمان نەچێت پەروەردە و فێركردن كرۆك و هەوێنی بنچینەیین لەچەسپاندنی ئاشتی و كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەدا، كە هەردەم پەیوەندی و یەكتر بەستنەوەی توند و بەهێز لە نێوان ئەندامانی كۆمەڵگە دروست و پتەو دەكات بێ جیاوازی ئاست و تەمەن و بیركردنەوە، كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی و باشی هەیە لەسەر بەهێزبوونی زیاتری كۆمەڵگە بە یەكتر و بەردەوامی و گەشەسەندنی زیاتر بەرەو باشتر. بۆیە لەو سەردەمەی ئێستا پێویستمان بە پەرەپێدان و گەشەپێدانی زیاتری پەروەردە و فێركردن هەیە، گرنگیدانی بەردەوام لە سەر چۆنیەتی هەنگاوەكانی بەرەو پێشبردنی پەروەردە و فێركردن لە هەموو ڕوویەكەوە، بۆیە گەر بیر لە پەرەپێدانی فێركردن بكەینەوە سەرەتا دەبێ لە قوتابخانەوە دەست پێ بكەین، چونكە هەردەم گوتومانە و دەیڵێنەوە قوتابخانە خاڵی هەرە سەرەكی لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنە، بۆیە هەر گرنگیدانێك بە پەروەردە و فێركردن، دەبێ گرنگیدان بێت بە قوتابخانە چۆن گەشەی پێ بدەین كەوا هەردەم باڵەخانەیەكی جوان بێت لە ڕوواڵەت و ڕووكەشدا، خاوێن بێت و قوتابی و مامۆستایان هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بكەن، چونكە منداڵ كە لەسەرەتا دا دەچێتە قوتابخانە هەست بە بێزاری نەكات، باڵەخانەیەكی دڵگیر و خاوێن و جوان بێت وپێداویستییەكانی قوتابی تێدا فەراهەم كرابێت، وا لە قوتابی بكات متوو و پەیوەست و دەستەمۆی قوتابخانە بێت و لێی دوور نەكەوێتەوە، لە هەمان كاتیشدا مامۆستاكان بەوپەڕی گوفتار و رەفتار و كرداری پەروەردەیی و شیرین پێشوازی لە قوتابیان بكەن و لە پێش هەموویاندا بەڕێوەبەر كەسایەتییەكی پەروەردەیی و ڕۆشنبیر و جێگیری هەبێت، هەموو كات وەك باوك و دایكی قوتابیان ڕەفتار بكات، قوتابی كە لە قوتابخانە دەبێت هەست بە نامۆیی و دوورەپەرێزی نەكات، بەڵكو قوتابخانە بتوانێ كارامەییەكانی گەشەكردنی كەسایەتی سەركردە لە ناخی قوتابی بەرجەستە بكات و قوتابیان تامەزرۆ بن بۆ ڕۆژی دوایی زوو بگەڕێنەوە قوتابخانە و نەتوانن دەستبەرداری قوتابخانە ببن و لێی دوور كەونەوە، كە بێگومان رێژەی هەرە زۆری ئەو پەیوەست بوونە بە قوتابخانە بۆ ڕۆڵی بەڕێوەبەر و مامۆستاكان دەگەڕێتەوە.
بابەتێكی تری گرنگ بۆ گەشەكردنی فێركردن و پەروەردە بێگومان پرۆگرامەكانی خوێندنە، بۆیە گرنگە بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرۆگرامەكان هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بن چۆن بتوانین كەسایەتیەكی بەهێز و خۆشەویست و دانەبڕاو و ڕۆشنبیر بە نەتەوە و نیشتمان و وڵات دروست بكەین، ئەویش دەبێ پرۆگرامێكی وا بخوێنرێ لە قۆناغەكانی بنەڕەتی كەوا قوتابی فێری ڕەوشتی باش و كەسایەتی بەهێز و كردار و ڕەفتاری بە سوود و ئاكاری جوان بێت، هەروەكو لە وڵاتانی ژاپۆن و كۆریا و ووڵاتانی تر دەخوێندرێ، لێرەش پێویستە بابەتێكی سەرەكی ڕۆژانە بێت و گرنگی زۆری پێ بدرێت، چونكە بنیاتنانی تاك بنیاتنانی كۆمەڵگە و وڵاتە. تاكیش لە پەروەردە و فێركردن و قوتابخانە و پڕۆگرامەوە بنیات دەنرێ لە هەموو ڕوویەكەوە چۆنیەتیی قسەکردن و دانیشتن و ڕۆیشتن و پاك و خاوێنی و سەرجەم كارامەییەكانی ژیان و بەها پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییەكانی
تێدا بخوێنرێ. جودا لەوەش گرنگە لە قوتابخانە بە تایبەتی لەلایەن مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی هەوڵ بدرێ بۆ ئەوەی جۆش و خرۆشی قوتابی بۆ بابەتەكە زیاتر بێت، وانەكان بە هۆیەكانی فێركردن و یاری و نموونە و چیرۆك و ئەندێشە و خەیال و بیركردنەوە تێكەل بكەن، ئەوەش زیاتر قوتابی ڕادەكێشێتە ناو بابەتەكە و لە بێزاری و وەڕس بوون دووری دەخاتەوە، كە بێگومان زۆرێك لە مامۆستایان لەو شێوازەی وانعە ووتنەوە زۆر سەركەوتوو بوونە و توانیویانە خۆشەویستی زیاتری قوتابیان بەدەست بێنن بۆ بابەتەكە و قوتابخانەكەش، ماوەتەوە بلێم هەر گەشە كردن و ئافراندنێك لە پەروەردە و فێركردن ڕاستەوخۆ كاریگەری ئەرێنی بە سەر كۆمەڵگە و وڵات جێ دەهێلی كە جێبەجێكاری ئەو كاریگەرییە قوتابخانە و كارگێڕی دەستەی مامۆستایانن و لە ئەنجامدا نەوەیەكی وشیار و كاریگەر و دەستەبژێر دێتە بەرهەم و وڵات و كۆمەڵگەی تۆكمە دروست دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر