عومەر چنگیانی
2-1
سوورەتی مریەم، سوورەتەتێکی هەرە بەپێزی قورئانە؛ قووڵ کار دەکاتە سەر دڵی تاکی بڕوادار؛ هەر لە سەرەتاکەیەوە پڕیەتی لە باسی پەرجۆئاسا و هیواچاندنەوە لە هزر و دڵ و دەروونی تاکی بڕواداردا؛ هەر دوای دەستپێکی بە پێنج پیتی لێکپچڕاوی کۆکراوە لە شێوازی وشەیەکدا دەست پێدەکات؛ (کهیعص)؛ ئینجا دەفەرمێت: (ئەم بابەتگەلە یان ئەم ئایەتانە باس لە بیرەوەری و یادکردنەوەی میهرەبانی بێسنووری پەروەرێنت دەکەن دەرهەق بە زەکەریای بەندەی خۆی، کە پیاوێک بوو بە نەرمی و لەسەرەخۆیی و بێ هات و هاوار (١) هانای بردە بەر پەروەرێنی خۆی و حەزی ناخی خۆی وەک مرۆڤێک دەربڕی و گوتی:
ئەی پەروەرێنەکەم! وەک خۆت ئاگاداری لاشەم ئێسقانی
تێدا نەماوە، یان ئێسکی من نەرم و لاواز و کەمهێز داگەڕاوە _ ئاماژەیەکی وردی پڕ لە ئەدەبی تیایە بۆ کەمبوونەوەی توانایی و هێز و تەوژمی کاری پیرۆزی سەرجێییکردن _ لەبەر سپیداگەڕان سەریشم گڕی گرتووە! واتە سەرم سپی بووە و دەکرێ ئاماژە و پێشەکیەکیش بێت بۆ ئەو حەزانەی تیایدا پەنگی خواردووەتەوە و دەیەوێت بیانڵی و پێشەکی بۆ قسەکانی دادەڕیژێت و و ئەوجا بە خوادا هەڵدەڵێ و پەسن و سەنای دەکا و دەفەرمێت: هیچ کات لە پاڕانە بێهیوا نەبوومە لێت و هەرگیز دەستت بە ڕوومەوە نەناوە، ئێ خۆ ئەو مەردمەی هان بە دەوری منیچەوە، هێندە خاس نین لە تەکما، بۆیە وا نازانم دوای خۆم چی بەسەر هاوسەرە پیرێژنەکەمدا دێنن و بۆ خۆیشت دەزانی کە ئەو نەزۆکە و بەم پێشەکییانە بێت لە خۆمدا هیوابڕاوم، وەلێ لە تۆ دەپاڕێمەوە و داوات لێ دەکەم، جێگرەوەیەکم پێ ببەخشیت کە هەم جێگرەوەی من بێت و، هەمیش ببێتە وجاخی بەرەبابی یەعقووب – ئەمە ئەوپەڕی دەرفەتدانە بە مرۆڤ لە کاتی پاڕانەوە لە خوا و نزاکردندا؛ لە تەماع و حەزەکانی خۆی سڵ نەکاتەوە و لە بەردەم خوادا بیانڵێت – هەر بەوەندەوە ناوەستم بەڵکو بۆیشم بگێڕە لەوانەی تۆ لێیان ڕازی دەبیت و لێیان ڕازی بوویت! ئیدی ئەمە خوا گیانە و کە بەندە بە ڕاستەقینە ڕوو لەو دەنیت خوا گیان نزاکانی هەڵدەگرێ و دەرلەحزە پێی دەفەرمێت: ئەی زەکەریا ئێمە مزگینی ئەوەت پێ دەدەین کە کوڕێکت دەبێت و ناویشی ئەژی (یەحیا)یە، ناوێک کە پێشتر هاوناوی ئەومان دانەنیاگە و کەسمان وا ناو نەناوە! هەر ئەم زەکەریایە بوو دەپاڕایەوە بۆ مناڵ و کەچی ئێستا
ئێژێ:
ئەی پەروەرێنی من! من و منداڵبوون؟! لەکاتێکدا کە هەمژینەکەم
نەزۆک و، بۆ خۆیچم وا پیر بووگم، پیربوونێک تا ئەو ئەندازەی هەستی و ئێسك و دەمار و ئێسقانم وشك و بێبەرهەم و بێپێز داگەڕاوە و، ئەوەندەی بیری لێ دەكەمەوە ناگونجێ لە منەوە
بەرهەم و توانستی وەچەخستنەوە!). ماویەتی.
پەراوێز: نالی دەفەرمێ: خۆشترە عوزری گوناهکاران لە سەد زیکری ڕیا ئەم بەنەرمی عەفوە عەفوە ئەو بەتوندی عەف عەفە
بنوارە لاپەڕەی ٣٧٢ی دیوانی نالیدا).