شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ئایا ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی کاولکاری؟

د.نەزاکەت حسێن

لەمڕۆدا گفتوگۆیەکی وا لە ئارادایە، ئایا ئەمریکا بەشداری ئەم جەنگە دەکات و دێتە ناوجەنگەکە یان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت؟ ئەگەر بگەرێینەوە بۆ رابردوو، دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەمریکا بووبوە خاوەنی پردێکی زۆر لەگەڵ وڵاتان و بەرهەمێکی زۆری کاڵا و پیشەسازی و بەتایبەتی تەکنەلۆجیایی هەبوو، کە ئەمانە هەمووی پێویستیان بەساغ بوونەوە و دۆزینەوەی بازاڕ هەبوو. هەستا وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانی دووەمی بانگکرد و پێیوتن جیهان بەرەو ئەوە دەڕوات شەڕی داگیرکاری بەچەک و کاولکاری مۆدی نامێنێت، لەمەولا دەبێت جەنگێکی تر بکەین و لەو ڕێگەیەوە وڵاتەکان و جیهان بخەینە ژێر دەستمان، ئەو جەنگەش سەرچاوەکان لە وکاتەدا ناویان بردووە بە شەڕی هۆش، یاخوود عەقڵ ‘Mind’ تەنانەت ئیلیسمار لە کتێبەکەیدا لە ٢٠٠٣ دەریکردبوو تایبەت بەداگیرکاری کەلتووری دەڵێت “ئەمریکا بە وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانی دووەمی گوت ‘وەرن با شەڕی مێشکی پیاوەپیرەیەک بکەین لە گۆشەیەکی دووری ئەوپەری جیهان” ئەویش بەچی؟ بەبڵاوکردنەوەی تەکنەلۆجیا بەیەکسانی بەسەر جیهاندا، تاکو لەوێوە کەلتوریان داگیربکەین کە کەلتوریشمان داگیرکردن، ناچارن بەرهەمەکانمان بکڕن کە بەرهەمەکانمان کڕا پشتبەستنی ئابورییان پێمان دەبێت. بۆ ئەمەش جگە لەتەکنەلۆجیا ئەمریکا ‘راگەیاندنی’ هەڵبژارد وەک ئامرازێکی کاریگەری ئەو داگیرکاریە کە سەرچاوەکان بە’ئیمپریالیزمی کەلتوری Cultural Imperialism و’ئیمپریالیزمی میدیا’ Media imperialism بەرەوئیمپریالیزمی ئەلەکترۆنی یان ئیمپریالیزمی ئینتەرنێتی Electronic Imperialism ناوی دەبەن. ئەگەر وڵاتانیش هاورای نەبووبن، بەڵام ئەمریکا خۆی ئەوجەنگە ئەندێشەیەی بەرپاکرد و تا ئێستاش لەم بابەتەدا تاک ئاراستەیە واتە هێشتا هیچ وڵاتێکی ئاستی بەرهەمی میدیای بەرهەم هاتووی و میدییا ئاراستەکراوی نەگەشتوەتە ئاستی ئەمریکا، کە لە پلەی یەکەمی بەرهەم هێنانی فیلم و دراما و گەیم و بەرنامەی کۆمیدی و .. کە ئاراستەی جیهانی دەکات. لەساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠ ئەمریکا و کەنەدا بەتەنها خۆیان ١٢٥٦٠ فیلمی جیهانیان بەرهەم هێناوە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا بەتەنها خۆی ٣٢٨ فیلمی جیهانی بەناوبانگی بەرهەم هێناوە کە دەکاتە کۆی ئەوەی یابان و روسیا بە هەردووکیان لەوساڵەدا بەرهەمیان هێناوە، داهاتی مانگانەی بەرهەم هێنانی گەیم لەئەمریکا دەکاتە 7.55 ملیار دۆلار. لەبواری میدیای ئۆنلاینیش لە پێشینەی وڵاتەکانی ترە یەک نموونە لەوانە سایتی AOl گەورەترین کۆمپانیای دابینکردنی خزمەتگوزاری ئۆنلاینی ئینەرنیتیە کە رۆژانە بەنزیکی ٢٥ ملیۆن کەس داخڵی دەبێت و بەشداری دەکات بۆ وەرگرتنی زانیاری و بابەت، جگە لە چەندین کۆمپانیای تری بەرهەم هێنانی ئۆنلاین و خزمەتگوزاری ئۆنلاین، کە لەئێستادا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمی میدیای و زانیاری و گەیمی کردووە بە مەڵتی، واتە ئەگەر لەرابردوو جیابوو هی فیلم و هی گەیم و هی ئۆنلاین، ئێستا سەدان کۆمپانیای گەورە و قەبەی مەڵتی هەیە لە ئەمریکا کەلەیەک کاتدا بەرهەمی بینراو و بیستراو خوێنراو و ئۆنلاین و گەیم بەرهەم دێنن. واتە بە بوونی تەکنەلۆجیا و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو دابین و بەرهەم هێنانی بەرهەم و زانیاریش بۆیان. ئەمریکا ئێستا یەکەم سوپەر پاوەری جەنگی داگیرکاری کەلتورییە، کە بەجەنگی نەرم جیهان لەمشتیدایە و جیهان ساغکەرەوەی بیر و ئایدیا و بەرهەمە میدیایی و تەکنەلۆجیاکانی ئەوە. ئەمە نەک ئێستا، بەڵکو دوای جەنگی جیهانی دووەم بەخێرایی ئەم پێگەیەی گرتە دەست، ئەوەبوو بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت کە لەئەڵمانیا خاوەنی قوتابخانەی فرانکفۆرت بوون کە هیتلەر هات ڕاوی نان و قوتابخانەکەی داخستن هەڵهاتن هەموویان چوون بۆ ئەمریکا، دوای نەمانی هیتلەر گەڕانەوە قوتابخانەکەیان لە ئەڵمانیا دانایەوە بەڵام یەکێکیان بەناوی’هیربێرت’نەگەڕایەوە لەئەمریکا مایەوە درێژەی بەبیری قوتابخانەی فرانکفۆرت دا، لەدواییدا کتێبیکی دانا بەناوی ‘One Dimensional Man واتە ‘پیاوی یەک ئاراستە’ کەرەخنەی لەئەمریکا گرت بەوەی تاک لایەنانە کەلتوور و گوتاری خۆی دەسەپێنێ بەسەر جیهاندا و بواری دیالۆگی نەهێشتوەتەوە بۆ هیج کام لەوڵاتەکان کە ئەوانیش رایان هەبێت. ئەمەش لەدەرنجامی ئەو ناردنە دەرەوە و ئاراستەکردنی بەرهەمە میدیایی و تەکنەلۆجیا زۆرەی ئەمریکا بۆ جیهان، لە کاریگەری میدیا و کەلتوریشدا پرنسیپە، هەر وڵاتێک کەوتە ژێر کاریگەری بەرهەمە میدیایەکانی وڵاتێکی تر، دەکەوێتە ژێر کاریگەری کەلتووری ئەو وڵاتە و بیر و کەلتوەرکانی ئەو ساغ دەکاتەوە و بیر و کەلتورەکانی خۆی دەسڕێتەوە دەبێتە ساغ کەرەوەی کاڵاکانی ئەو وڵاتەی کە کەلتورەکەی وەردەگرێت، ئیتر لەوێشەوە پشتبەستنی ئابوری دروست دەبێت، جگە لەوەی گەورەترین سەنتەری بەرهەم هێنان و ئیدارەی تەکنەلۆجیا و ئۆنلاینی جیهانی ئێستا لە ولایەتی کالیفۆرنیایە بەناوی ‘سیلیکۆن ڤالی’ کە فەیلەسوفەکانی سەردەم بەشوێنی جێگرەوەی کەنیسە و ئیدارەی حوکمڕانی جیهان ناوی دەبەن. بۆیە ئەمریکا رەنگە جەنگی پارچە پارچەی کردبێت دوای جەنگی جیهانی دووەم وەک لە عێراق و ئەفغانستان و جەنگی دژە تیرۆر بەڵام تا ئێستا هەنگاوی بۆ جەنگی گەورەی کاولکاری بەچەک نەناوە، ئەستەمیشە ئەوە بکات ئەگەر هێشتا قەناعەتی بەجەنگە کەلتوری و تەکنەلۆجیاکەی مابێت.