منیش شەڕێ پارتی دەكەم،ئەگەر…!

مەشخەڵ كەوڵۆسی

١-٢

بەردەوام مەكینەیەكی ئیرهابی گەورە ئاراستەی ئێمە دەكرێت، پەیچ و سایت و قەڵەمی زۆر ڕادەسپێردرێن بۆ ئەوەی ئەوەندەمان جنێو و سوكایەتی و تەشهیر پێ بكرێت، ڕامان بكێشنە مەیدانێك كە لەم چركەیەدا باوەڕمان بەوە نیە تیایدا شەڕ بكەین.
ئەوان دەیانەوێت كۆنە قین و شەڕی مێژووی و شەڕ لەسەر دەستەڵات و شەڕی سیاسی خۆیان لەگەڵ پارتی، كۆپی بكەنە ناو مێشك و دەماری ئێمە و، تەنانەت ئێمە لەبری ئەوان ئەو شەڕە بكەین. بێ ئەوەی ئێمە لەخۆماندا كائینێكی سیاسی بین. ئەوان لەكاتێكدا دەیانەوێت نوسەرێك شەڕی سیاسی بكات، هەرخۆیان جەخت لەوە دەكەنەوە كە نابێت نوسەر حیزبی بێت و پێویستە لەیەك مەسافەوە ڕابوەستێت لەهەموو گروپ و تاقمەكان، بەڵام لەولاترەوە، بەزۆر و لەژێرگوشاری ئیرهابێكی فیكری بێ ئاماندا كە زیاتر لەدەساڵە بەرەوڕووی ئێمەی دەكەنەوە، دەیانەوێت پەلكێشی ئەو شەڕەمان بكەن كەلەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستیان كردووە!.
ئەم ململانێیە لەگەڵ پارتی وا شۆڕ بووەتەوە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت بەچاوی خۆمان ببینین و بەگوێچكەی خۆمان ببیستین و، بەبیری خۆمان بنوسین، ڕاستەوخۆ بە لایەنگریكردنی پارتی (تۆمەتبار!) دەكرێیت. ئەوان كاتێ ڕازی دەبن كە تۆ لەبری ئەوان شەڕی پارتی بكەیت! ئەوكاتە دەبیتە نوسەری گەورەی گەلەكەمان!. لەڕاستیدا ئەوە كەلەپوری نوسین و جەدوای نوسین و گەوهەری قەڵەم و فراوانی و قووڵیی دنیابینی نوسەر و دادوەری بێلایەنی مێژوو، بڕیاردەدات كێ نوسەری گەورەی گەلەكەمانەو، كێش مەكینەیەكی میدیایی كردوویەتی بە ژمارە!.
لەم كێشەو گێرەیەدا، پرسیارێكی جەوهەری بە پەنامەكی ئامادەیی هەمیشەیی هەیە، ئەویش ئەوەیە: كێ گوتی لایەنگری كردنی پارتی تۆمەتە؟ كی گۆڕەپانی میدیایی و ڕۆشنبیری كوردستانی سیخناخ كردووە بەو مۆتەكەیە كە نزیكبوونەوە لەپارتی، یەكسانەبەدووركەوتنەوە لەخەڵك؟. ئایا ئەو مەكینە میدیاییە نیە كە حیزبی ڕكابەری پارتی لەپشتییەوە ڕاوەستاون و ئەو جۆرە تێگەیشتنە بڵاو دەكەنەوە؟ كەواتە لەبنەڕەتدا تۆمەتەكە لەكارگەیەكی سیاسی ڕكابەر ولەمەتبەخی چەند حیزبێكی نەیاری پارتی ئامادەكراوە. نەك حەتمیەتێكی مێژووی سیاسی و رۆشنبیری كورد بێت.
بۆیە دەكرێت پرسیارەكە بەدیوێكی تردا بكەین: بۆچی نزیكبوونەوە لە پارتی كوفر و تاوانە؟ بەڵام نزیكبوونەوە لە گۆڕان و ئیسلامییەكان و یەكێتیی نیشتمانیی و لەپەكەكە، نیشتمانپەروەرییە؟ كێ ئەم بڕیارەیدا؟ كێ برەوی بەم تێگەیشتنە دا؟ مەگەر ئەو حیزبانەش وەكو پارتی حیزبی سیاسی نین؟ مەگەر ئەوانیش بەرژەوەندی سیاسییان نیە و بەشداری حكومەت و پەرلەمان نین؟ مەگەر ئەوانیش لە دانانی یەكەم بەردی بناغەی دەستەڵاتی كوردی، تاكو ئێستای نوسینی ئەم چەند دێڕە، بەشداری حوكمڕانی كوردستان نەبوون؟ مەگەر بەشداری شەڕی ناوخۆی نەبوون؟ مەگەر ئەندازیاری چاك و خراپی ڕووداوەكان نەبوون؟ ئێستا بۆچی بەتەنها پارتی خراپ و ئەوان باشن؟ ئەم یاریكردنە بە ئەقڵی عەوام چۆن دەبێت بەسەر نوسەر و ڕۆشنبیردا تێپەڕێت؟ دواتریش ئەندازیارەكانی ئەم پڕوپاگەندە و ئیرهابە فیكریە، بەو نوسەر و ڕۆشنبیرە پێ بكەنن، كە دەبێتە نێچیری ئەم فێڵەیان؟ بەجیدی كاتێ لەمەتبەخی حیزبێكی سیاسی ئەم تێگەیشتنە دروستدەكرێت و بڵاودەكرێتەوە، چۆن دەبێت نوسەرێك بەبیری تیژی بەسەریدا تێپەڕێت؟.
سەرلەبەری ئەو فیكرەیەی كە ئەو گوتارە پۆپۆلیستی و سیاسییەی لەسەر بنیاتنراوە، پوچ و بەتاڵە، چونكە بنەڕەتە لۆژیكییەكەی بەتاڵە، ئەویش ئەو بنەڕەتەیە كە جەخت دەكاتەوە لەوەی حیزبێك باشە و حیزبێكی تر خراپە! لەكاتێكدا هەموو حیزبەكان لەجەوهەرو ئامانج و ڕەفتاردا هەڵگری هەمان خەسڵەتن و تەنها بەڕێژە لێكجیاوازن.

ھەواڵی زیاتر