ڕێككەوتنامەی جەزائیر،پەتێك بوو چووەملی سەدام حسێنەوە

عومەر خدر

سنووری عوسمانی – فارسی لەکەنداوەوە تاکو ئارارات ١١8٠ میل درێژە، کە 7٠٠میللی بەناو خاکی کوردستاندا تێدەپەڕێت. واتە لە ٪ 6٠ سنوری هاوبەشیان کوردستان بووە. ئەمە وای کردبوو بەشی هەرە زۆری شەڕ و پێکدادانەکانیان ئاشتی و ڕێککەوتنەکانیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە کوردستانەوە هەبێت، چونکە شوێنی جوگرافیی کوردستان وای کردووە هەمیشە کوردستان بەردەبازێک بێت بۆ لەشکرکێشییەکان و تانوپۆی شەڕەکان بێت.

لەبەرامبەردا کورد بە چەکی دەستی خۆی توانیویەتی تای هاوکێشەی
بێدەوڵەتیی خۆی لەگەڵ دراوسێکانیدا ڕاست بکاتەوە، بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی هەمیشە دژی پرسی کورد بووە و ڕێگای سەرکەوتنی بە کورد نەداوە و زۆر بێڕەحمانە تەماشای پرسی کوردی کردووە.
هەرچەند پرسی کورد گەشەی کردبێت و بەرەوپێشەوەچوونێکی بەخۆوە دیتبێت، بەڕێککەوتنامەیەکیان پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی پرسی کوردیان هێناوەتەوە خاڵی سەرەتا.

لەساڵی ١٥٥٥ ەوە تاکو ساڵی ١97٥، بەغدا و تاران زیاتر لە بیست ڕێککەوتنامەیان لەگەڵ یەکتردا ئیمزا کردووە لەهەر هەموویاندا بابەتی سەرەکیی ڕێککەوتننامەکانیان خاکی کوردستان و کورد بووە، کە چۆن ڕێگە لە هەموو جوڵەیەکی کورد بگرن.
ڕێککەوتنامەی جەزائیری ساڵی ١97٥ لە نێوان عیراق و ئێران لەسەر
پرسی کورد بووە، واتە دوو لایەن ڕێک دەكەون لەسەر لایەنی سێیەم کە پرسی کوردە. هەر لایەنە ئامانجی تایبەتی خۆی هەبوو لەم ڕێککەوتەدا.
لایەنی ئێرانی: بەدرێژایی مێژووی خۆیان هەوڵی ئەوەیان داوە کە دەست بگرن بەسەر یەكاوی عەرەب و دوورگەکانی تونبی گەورە و بچووک لە کەنداودا، بەمەبەستی سەپاندنی باڵا دەستیی خۆیان بەسەر کەنداو و وڵاتانی ناوچەکەدا. لایەنی عیراقی: مەبەستیان بوو گەمارۆی شۆڕشی کورد بدەن و لە دنیای دەرەوە دای ببڕن و کۆتایی بە شۆڕش و جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد بهێنن، کە ڕەگوڕیشەی دەگەڕایەوە بۆ دەیان ساڵ و لە شۆڕشی ئەیلوولدا گەیشتبووە ڕادەیەک کە دەسەڵاتی بەغدا تێک بشکێنێ و کۆتایی بەو چەوسانەوە و زوڵم و زۆری و داگیرکاریەی بەغدا بۆ سەر کوردستان بهێنێت. بەتایبەتی دوای ئەوەی بەغدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەرباز و ١39٠ تانک و7٠٠ تۆپ و٢١8 فڕۆکەی بەکارهێنا نەیتوانی هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت بەسەر
شۆڕشی کوردا، ناچار بەو ڕێککەوتنامەیە بوو. لایەنی کوردی: بۆیەکەم جار بوو لە مێژووی کوردا کە هەموو کوردستان لەژێر دەستی یەک حیزب پارتی دێموکراتی کوردستان و یەک ڕابەر و سەرکردەدا، مستەفا بارزانی و لەیەک شۆڕشدا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کۆ ببنەوە.
حکوومەتی بەعسیان لە ڕووخان و مەرگ نزیک کردبووەوە، نزیک بوو کورد بە مافی خۆی بگات ئەگەر ئەو پیلانە نێودەوڵەتیە دژی شۆڕش و گەڵی کورد نەهاتبا ئاراوە.

حکوومەتی بەغدایان گەیاندبووە ئاستێک، کە یان دان بە مافەکانی کوردا بنێت یان خۆی ڕادەستی داواکارییەکانی ئێران بکات. سەدام خۆی ڕادەستی شا و داواکارییەکانی ئێران کرد و، جگە لەڕازیبوونی بە داوکارییەکانی ئێران، هەموو دنیا بینەری ئەو دیمەنە پڕ شەرم و شوورەییەی سەدام حسێن بوون کاتێک بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە بەرەو شا ڕۆیشت لەناو هۆڵەکەدا، بەڵام شای ئێران لە شوێنی خۆی نەجووڵا تاکو سەدام حسێن نەگەیشتە بەردەم کورسیەکەی.

ڕاستە ڕێککەوتنامەکە، ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و پیلانێکی دژی شۆڕش
بوو، چونکە هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ڕوسیا، میسر، جەزائیر، سوودان، ئیمارات، سعودیە، پاڵپشتیی ڕێککەوتنامەکەیان کرد بەڵام: ئێران هیچی لەڕێککەوتنەکە دەست نەکەوت، چونکە عیراق ساڵی ١98٠ ڕێککەوتنامەکەی
دڕاند و پەشیمان بووەوە و پابەندنەبوونی خۆی بەڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاند. عیراقیش تووشی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و داگیرکردنی کوێت و شەڕی یەکەم و دووەمی کەنداو بوو، ڕێککەوتنی جەزائیر بووە پەتێک و چووە
ملی سەدم حسێن و کۆتایی بە ژیانی سەدام و ڕژیمی بەعس هێنا.

کوردیش تەنها دوای یەک ساڵ، شۆڕشی لە هەموو کوردستان بە گوڕ و تینێکی بەهێزتر دەستی پێ کردەوە.


ھەواڵی زیاتر