كاری ھونەریی و منەتكردن( چەند سەرنجێكی كورت)

ئارام کۆشکی

هەفتەی پێشوو چاوپێکەوتنی یەکێک لە گۆرانیبێژەکانم لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە بینی. ئەم هونەرمەندە بەڕێز کە ماوەی 20 ساڵە خەریکی کاری هونەرییە و وەکو خۆی بە شێوەیەکی منەتکەرانەوە دەیگوت: “خزمەتی هونەری کوردیم کردووە، بەڵام کەس ئاوڕی لێ نەداومەتەوە و بۆیە ئێستا لە هونەر وەستاوم”. هاوڕێ پێشکەشکارەکەش وەکو دەربڕینی هاوخەمی بۆی دەیگوت هونەری کوردی بە ئێوەوە جوانە و دەست پێ بکەرەوە، ئەم گۆرانیبێژە پڕکێشی زیاتری کرد و باسی لەوە دەکرد تا ڕێز لە هونەرەکەی نەگیرێت و ناو و ناوبانگی باشەی بۆ نەگێڕدرێتەوە کاری هونەری ناکات. قسەکانی ئەم هونەرمەندە لە کۆی چاوپێکەوتنە هونەرییەکەدا ئەوەندەی دەردەدڵ و کڕووزانەوە بوون ئەوەندە باسکردن نەبوو لە هونەر و پێگەی کاری هونەریی و ئەرکی هونەرمەند و ڕۆڵی هونەر لە پیشخستنی کۆمەڵگەدا و لە کۆی 45 خولەکی بەرنامەکە گوێم لە یەک وەڵامی هونەریی نەبوو جگە لە کڕووزانەوە و متەنکردن. بەڵام ئایا ئەرکی هونەرمەندە لە پای کارێکی هونەریی منەت بەسەر ئەوانی دیکەدا بکات؟ ئەم هەستی کڕووزانەوەیە لە کوێوە دێت؟ کە هەموانی گرتووەتەوە و وەکو نەخۆشی لێهاتووە تا دێت بازنەی تەنینەوەی زیاتر و زیاتر دەبێت.

بێگومان هەموو هونەرمەندێک شایستەی ئەوەیە ڕێز لە کارە هونەرییەکانی بگیرێت، ئیدی هەوڵەکەی لە هەر ئاستێکدا بێت، بەڵام بەو مەرجەی هەوڵێکی داهێنەرانی تێدا بێت ئیدی ئەو هەوڵە چەندە خاکەڕایانەش بێت. بەڵام کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا (وەک پێویست، یان چاوەڕوانی ئێمە لە جەماوەر) ڕێز لە کاری هونەریی ناگیرێت، نەک پێویست بەسەغڵەتبوون ناکات، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیارێتی هونەرمەندان زیاتر دەبێت بەو پێیەی لەگەڵ کاری هونەریدا پێویستە ئەوان ڕۆڵێکی دیکەش بگێڕن، کە کۆمەڵگە وشیار بکەنەوە و “وشیاریی هونەریی” بڵاو بکەنەوە. بێگومان ئەمەش لە ڕێی ناوەندە پەروەردەیی و کەناڵە میدیاییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەبێت و دەشێ کاری بۆ بکرێت. هونەرمەندی ڕاستەقینە کاتێک کارێکی هونەریی دەخولقێنێت بیر لە ناوبانگ و دەنگدانەوەی جەماوەر ناکاتەوە، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە کارە هونەرییەکەی پێگەیەکی هونەریی بەرز و نەمریی هەبێت. نەک جەماوەر و گوێگرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بێگومان هەموو کارێکی هونەریی ڕاستەقینە بینەر و گوێگری ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام دەشێ کاتێکی زۆری بوێت و وەکو کارێکی هونەریی بازاڕیی بە شێوەیەکی خێرا جەماوەر لە خۆی کۆ نەکاتەوە. هەمیشە کارە هونەرییە ڕاستەقینەکان بینەر و بیسەریان کەمە، بە دەگمەن کارێکی هونەریی ڕاستەقینە هەڵدەکەوێت بینەر و بیسەری زۆری هەبێت. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مەبەستم دوو نموونە لە دوو کاری هونەریی دەهێنمەوە. یەکەمیان گۆرانییەکی هونەرمەند “مەزهەری خالقی”یە بەناوی “بازی بێریان”، کە بە دوو ڤێرژنی جیاواز لە چەناڵی یوتوب هەیە یەکەمیان پێنج هەزار و پێنج سەد بینەر و بیسەری هەبووە و ئەوی دیکەیان چوار هەزار و چوارەد بینەر و بیسەر. دووەم گۆرانی، کە نامەوێت ناوی هونەرمەندەکەی بهێنم، گۆرانییەکی نوێی یەکێکە لە هونەرمەندە لاوەکان لە ماوەی یەک مانگدا نیو ملیۆن بینەری لە دەوری گۆرانییە نوێیەکەی کۆکردوەتەوە. بێگومان بەراوردکردنی ئەم دوو نموونەیە تەنها بۆ دەرخستنی ڕاستی هونەریی ئەم دوو گۆرانییەیە. ئیشەکەی من بەراوردکردنە لەنێوان هونەرێکی جاد و ڕاستەقینە، لەگەڵ هونەرێکی ڕۆژانەیی کە لە ماوەیەکی زەمەنی کەمدا بینەرێکی زۆر لە خۆی کۆدەکاتەوە، بەڵام هونەرە ڕاستەقینەکە لە ماوەیەکی زەمەنی زۆردا ئەو بینەرە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و هونەرێکە هەمیشەیی دەژی، نەک هونەرێکی رۆژانەیی بێت. گۆرانییەکەی خالقی لە ڕیزی ئەو گۆرانیانەدا کە نەوە دوای نەوە گوێی لێ دەگیرێت، بەڵام ئەوەی ئەو هونەرمەندە لاوە تەنها لە ماوەیەکی کەم و لە زەمەنێکی دیارکراودا دەنگدانەوەی دەبێت.

ئێستا دەکرێت دیسان ئاوڕ لە کەسایەتی هونەرمەند بدەینەوە، ئایا هونەرمەندی ڕاستەقینە لە پای کارە هونەرییەکانیدا منتەت بەسەر ئەوانی دیکەدا (جەماوەر/ گوێگر/بیسەر)دا دەکات؟ بێگومان نەخێر، کاری هونەری لای هونەرمەندی راستەقینە (بە داوای لێبوردنەوە کە زوو زوو وشەی ڕاستەقینە بەکاردێنم، چونکە ئێمە لە دونیایەکی دەورە دراو بە کاری ساختەدا دەژین) گوزارشتە لە هزر و بیرکردنەوە و تێڕامانی داهێنەرانە و هونەرمەند لە ڕێی ئەوەوە دەیەوێت گوزارشت لە بوونی خۆی بکات و هایدیگەر گوتەنی ڕاستی بوون دەربخات. ئەرکی هونەرمەندە کە ڕاستی بوون بۆ ئەوانی دیکە ئاشکرا بکات، “چونکە ئەوەی لە هونەر چاوەڕوان دەکرێت، جوانی و ڕازاندنەوە نییە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە لایەنی خۆیەتییەوە هەیە، بەڵکو دەرخستنی ڕاستی بوونە. دەرخستنی ڕاستی بوون دەبێت بە پێوەری جوانی”. ئەم چەندە ڕستەیەی د. محەمەد کەمال لە کتێبی “فەلسەفەی هونەر” رۆڵی ڕاستەقینەی هونەرمەند ڕوون دەکاتەوە و لە تەواوی کتێبی ناوبراویشدا بە وردی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان هونەرمەندی ڕاستەقینە و هونەرمەندی رۆژانەیی دەخاتەڕوو، کە هونەرمەندی ڕاستەقینە دوورە لە منەتکردن و کاری هونەریی وەکو دەستکەوتێکی داهێنەرانە پێشکەشی بینەران و بیسەرانی دەکات


ھەواڵی زیاتر