شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعید حەسەن

نیـــزار قەبانی (192٣ – 1998) کـــە مێژووی ئەدەبی عەرەبی، شـــاعیری لەو جەماوەریتری بە خۆیەوە نەدیتوە، شـــیعرێکی بەناوبانگی هەیە، ناوی لێ ناوە: (شایەدی دەدەم بێجگە لە تۆ ژنێ نییە.) یەکێک لەو هۆکارانەی وایان کردووە، ئـــەو شـــیعرە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبێت ئەوەیە: کازم ســـاهیر کردوویە بە گۆرانـــی، گۆرانییەکـــی تا بڵێیت خۆش. شـــیعرەکە دە کۆپلەیـــە، لە کۆپلەی
چوارەمیدا دەڵێت:
حەمەسەعید حەسەن
أشهد أن لا إمرأة تقدر أن تقول إنها النساء إلا أنت
وإن في سرتها مرکز هذا الکون.
*
شایەدی دەدەم
لە تۆ بترازێ، ئافرەتێ نییە بە خۆی بڵێ ژن، ئەگەر ناوکیشی
چەقی گەردوون بێ.
*
(پەشێو)یش دەڵێت:
کێ دەزانێ کوێیە چەقی ئەم گەردوونە بێ سنوور و میچ و بنە؟ ئێوە هەر چی دەڵێن بڵێن بەڵام بۆ من
چەقی گەردوون ناوکی ژنە.
کە پەشێو لە هەولێر، لە هۆڵی گەل، ئەو شیعرەی خوێندەوە، جەماوەر بە هاڕەی چەپڵە پێشـــوازییان لێ کرد. ئایا ئەو شـــیعرە وەگێڕانە بەفەرامۆشکردنی ناوی ســـەرچاوەکەی؟ تەواردی خەواتیرە؟ وقع الحافرعلی الحافرە؟ دەقئاوێزانە؟ یان خوانەخواستە گەندەڵەشیعرە کە دەکاتە دزی ئەدەبی؟ شیاوی گوتنە پەشێو سێ ساڵ دوای مەرگی نیزار قەبانی، ئەو کورتەشیعرەی لە ڕێگای نێوان (ڕیگا و تالین)دا، نووسیوە. با ئەوەیش بڵێم، ڕیگا پایتەختی لاتڤیا و تالینیش پایتەختی ئەستۆنیایە.
تـــەواردی خەواتیر کە بـــە ئینگلیزی تێلیپاتیی پێ دەڵێـــن، ئەوەیە دوو کەس لـــە هەمان وەختـــدا، هەمان بیرۆکە بـــە خەیاڵیاندا گوزەر بـــکات. وقع الحافر علی الحافر، ئەوەیە: شـــیعر ڕێگەیە، دەشـــێت ســـمی ئەم وڵاخ بکەوێتە سەر شوێنسمی ئەو وڵاخ. “الشعر جادة فلربما وقع الحافر علی الحافر.” دەقئاوێزان کاریگەریی دەقێک یان چەند دەقێکی دێرینە، لەسەر دەقێکی نوێ، بە ئینگلیزی
(ئینتەرتێکستواڵێتی) و بە عەرەبی (تناص)ی پێ دەڵێن