پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕه‌شنووسی یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و قووڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی

دانا شوانی

توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێكه‌ له‌ توێژه‌ هه‌ر گرنگ و بایه‌خداره‌كانی نێو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، كێشه‌كانی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و وه‌زاره‌ته‌ هه‌مه‌چه‌شن و زۆر و زه‌به‌ندن، بۆ نموونه‌ له‌ كۆی (6800) قوتابخانه‌، زیاتر له‌ (5000) قوتابخانه‌ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر نییه‌، وێڕای رێكنه‌خستن و دیارینه‌كردنی ئه‌رك و مافه‌كانی توێژه‌ران له‌ قوتابخانه‌كان، هه‌ندێ له‌ قوتابخانه‌ دوو توێژه‌ر و زیاتری هه‌یه‌ و هه‌ندێكیان هه‌ر توێژه‌ریان نییه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ كۆی ٢١هه‌زار وانه‌بێژ ته‌نانه‌ت یه‌ك توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیش دانه‌نراوه‌، به‌ڵام له‌م وتاره‌ شیكارییه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر كیشه‌یه‌كی قووڵتر ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا تێپه‌ڕێوه‌ و خه‌ریكه‌ به‌سه‌ر پارله‌مانی كوردستان و لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵاش تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ به‌ وردی تێبینییه‌كانمان سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌شنووسیی یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ ڕووی دیاریكردنی ئه‌رك و مافه‌كانی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (ڕێنماییكارانی په‌روه‌رده‌یی) ده‌خه‌مه‌ڕوو.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م ڕه‌شنووسی یاسایه‌دا كه‌ (121) لاپه‌ره‌یه‌ زۆر به‌ كورتی باسی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (رێنماییكارانی په‌روه‌رده‌یی) كراوه‌، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ باسییان ده‌كه‌ین و كێشه‌كانی ئه‌و باسكردنه‌ش له‌م چه‌ند خاڵێكدا ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: له‌ مادده‌ی یه‌كه‌م، بڕگه‌ی سی و یه‌كه‌م، لاپه‌ره‌ «6» زۆر به‌ كورتی و به‌ هه‌ڵه‌ پێناسه‌ی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی كردووه‌ به‌م چه‌شنه‌:
«ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌ ئه‌ركی ڕێنمایی په‌روه‌رده‌یی قوتابییان و خوێندكاران له‌ سنووری قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌كه‌ی ڕاسپێردراوه».
له‌ كاتێكدا ئه‌ركی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی ته‌نیا ڕێنمایی په‌روه‌رده‌یی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌ركی ڕێنمایی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونیی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تیی و ده‌روونییه‌كانی قوتابییه‌كانی قوتابخانه‌كانه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌م ڕه‌شنووی یاسایه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ كێشه‌ و به‌ربه‌ست بۆ كاری توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر زۆربوونی كیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونییه‌كان ده‌بێت. وه‌ك لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ ساڵانه ده‌یان قوتابی خۆیان ده‌كوژن، به‌گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان كردویه‌تی، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه‌ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی زیاتره‌، رێژه‌ی كیشه‌ په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌متره‌.
دووه‌م: به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌ مادده‌ی 71 لقی پێنجه‌م، لاپه‌ره‌ 48 به‌ دوو دێڕ ئه‌ركه‌كانی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی دیاریكردووه‌ به‌م چه‌شنه‌:
«ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی به‌دواداچوونه‌ بۆ پرسی قوتابییان و خوێندكاران و پشتگیركردنیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌».
وه‌ك ئاشكرایه‌ ئه‌ركه‌كانی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی به‌گوێره‌ی ستاندارده‌ جیهانیی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان یه‌كجار زۆرن له‌ قوتابخانه‌كان، كه‌چی له‌م ڕه‌شنووسی یاسایه‌دا ته‌نیا به‌و دوو دێره‌ باسی ئه‌ركه‌كانی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی ده‌كات و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئه‌و توێژه‌ په‌راوێز ده‌خرێت، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێدی هێدی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ قوتابخانه‌كان په‌راوێز بخرێن و رۆڵیان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیردرێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست و عه‌قڵانیی و ساغڵه‌مه‌.
سێیه‌م: هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ی 76 خاڵی چواره‌م و پێنجه‌م: ڕسته‌یه‌كی مه‌ترسیدار و ناپه‌روه‌ر‌ده‌یی هاتووه‌ ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه‌یه‌:
خاڵی چواره‌م «ده‌كرێ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس، هه‌رچه‌نده‌ بڕوانامه‌كه‌یان له‌ بواری په‌روه‌رده‌ش نه‌بێت، وه‌ك مامۆستا و ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی دابمه‌زرێن، به‌ مه‌رجێك خولی په‌روه‌رده‌ و فێركاری و خولی دڵنیایی جۆریان بینیبێت كه‌ وه‌زاره‌ت ساڵانه‌ سازی ده‌دات».
خاڵی پێنجه‌م: «ده‌كرێ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی په‌یمانگه‌، وه‌ك مامۆستا و ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی له‌ كاتی پێویستدا له‌ گوند و شوێنه‌ دووره‌ده‌سته‌كان دابمه‌زرێن».
وه‌ك ده‌بینرێت له‌و دوو خاڵه‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ خۆشده‌كرێت كه‌ له‌ ساڵانی داهاتوو ده‌رچووانی هه‌موو به‌شه‌كان ببنه‌ ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی له‌ كاتێكدا كاری ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی كارێكی ورد و پسپۆڕییه‌ و پێویسته‌ ده‌رچووانی كۆمه‌ڵناسیی و ده‌روونناسی ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، چونكه‌ له‌ ساڵانی پێشوو بۆمان ده‌ركه‌وت به‌هۆی كاركردنی ده‌رچووانی به‌شه‌كانی تر وه‌ك ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی بووه‌ هۆی مردن و دروستبوونی كۆمه‌ڵێ كاره‌ساتی مرۆیی له‌ قوتابخانه‌ ناحكوومییه‌كان، بۆیه‌ به‌ خێرایی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م له‌ ڕێگه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌وه‌ ئه‌و كه‌موكوڕتییه‌مان چاره‌سه‌ر كرد، ئێستا له‌م ڕه‌شنووسیی یاسایه‌دا دیسان كه‌لێن بۆ كاری ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی دروست ده‌كات.
چواره‌م: وێڕایی ئه‌وه‌ش، به‌شی سێیه‌م سه‌باره‌ت به‌ پێكهاته‌ كارگێڕییه‌كانی قوتابخانه‌ ناحكومییه‌كان له‌ مادده‌ی 146 خاڵی چواره‌م نووسراوه‌:
«پێویسته‌ هه‌موو قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی په‌روه‌رده‌یی و په‌یمانگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی ناحكومی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی بۆ هه‌ر (300) قوتابی و خوێندكارێك هه‌بێت‌»
له‌ڕاستیدا به‌گوێره‌ی ستانداردی په‌روه‌ده‌یی جیهانیی و ڕێكخراوی یونسێف پێویسته‌ بۆ هه‌ر (150 تا 200) قوتابییه‌ك پێویسته‌ ڕێنماییكارێكی په‌روه‌رده‌یی هه‌بێت، كه‌چی له‌م ڕه‌شنووسی یاسایه‌دا كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ قوتابخانه‌ ناحكومییه‌كانیش هێشتا ڕه‌چاوی ستانداردی جیهانی تیا نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتێكی په‌روه‌رده‌یی گه‌وره‌ ده‌نێته‌وه‌، وا ده‌كات ناوه‌نده‌ ناحكوومییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گرنگی به‌ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ده‌ن و رۆڵه‌كه‌یان په‌راوێز بخه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌ ئاستی دنیادا، هیچ ناوه‌ندێكی په‌روه‌رده‌یی و قوتابخانه‌یه‌ك نادۆزیته‌وه‌ كه‌ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت.
دواجار به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین كه‌ ئه‌م ڕه‌شنووسی یاسایه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌كی ڕه‌چاوی ئه‌رك و ماف و گرنگیی ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی هه‌ر نه‌كردووه‌ و په‌راوێزی خستووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ پاشه‌ڕۆژدا كاره‌ساتی په‌روه‌رده‌یی گه‌وره‌ له‌ نێو قوتابخانه‌كان ده‌نێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ رابوه‌ستێنرێت و ڕاوێژ به‌ كه‌سانی پسپۆڕ بكرێت، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان، كه‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی سەندیکای ئه‌و توێژه‌یه‌ن كه‌چی هه‌ر پرسیان پێ نەکردووین؛ به‌ بۆچوونی ئێمه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێوەی و ته‌ندروستمان هه‌بێت، پێویسته‌ گرنگی زیاتر به‌ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بدرێت و ستانداره‌ جیهانییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بگیردرێته‌ به‌ر.

  • سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان