سالار عوسمان
واز لە شیعر بێنە، تۆش لە نووسین !..
(دەستخۆش)، ئەو دەربڕینەی زۆر بەکاردێت و مەرج نییە هەموو جار ڕاست بـــێ، (وازبێنە)یش، ئەو دەربڕینەی کەم بەکاردێـــت و مەرج نییە هەموو جاران هەڵە بێت، ئیتر لەو نێوەندەدا وشـــە و دەربڕینەکان بەرپرسییەتین
و، مرۆڤ دەبێ بزانێ کەی دەڵێ دەستخۆش و کەی دەڵێ وازبێنە!.. لەوەتەی ئەو تەکنەلۆژیایە هەراش بووە و لەگەڵیشیدا ئەو سۆشیالمیدیایە پەیدابـــووە، ڕۆژانـــە هەزاران دەســـتخۆش و ئافەریـــن دەبینین، لێ قەت نابینین یەکێ بنووسێ: وازبێنە، یەکێ بنووسێ: ئەوە سنعەتی نووسینە و زەرافەتی دەوێت و کاری تۆ نییە، یانژی یەکێ بنووسێ: شیعر قووڵیی مانا و، جوانی و جیلوەی وشـــە و، سیحری وێنەیە و، دەستی کورتت هەڵگرە لـــەو بڵندییە!..یانژی یەکێک، ڕێک و ڕەوان بـــە نەخوێندەوارێکی خۆ بە خوێندەوارزان بڵێت: واز لەو شەرح و شرۆڤە و شیکاری و شەن و کەوەی سیاســـەت بێنە و دانیشە با شتێ نەشکێنی، هەر هەموو بە دەستخۆش و ئافەرین، بە ناڕاســـتییەوە قسە لە ڕاســـتییەک دەکەن، کە بە دڵنیاییەوە
هەموومان، تایبەت خوێنەرانی گەنج زیانێکی زۆری لێ دەکەن!.. من لێـــرەوە، وەک بەرپرســـیەتییەک، بە دەنگی بڵند بـــە هەموو ئەوانە دەڵێم، کە پێیانوایە پانتایی ئاوەڵای سۆشـــیالمیدیا دەرفەتی نووسینی بۆ ڕەخســـاندوون و لەو ڕێگە و دەرفەتەوە دەبن بەنووسەر، بەهەڵەداچوون و نووســـین سنعەتی پڕ زەرافەتە و سنعەتکاری لێزانی دەوێت، یان ئەوانەی ســـۆزێک، ئەنگیزەیـــەک، گەرمییەکی خودی دەیانگرێ و شـــەودرەنگانێ چوار پێنج وشـــە بە نێوی شـــیعرەوە لێکگرێدەدەن و پێیانوایە شیعریان هۆنیوەتەوە، ڕێک و دۆســـتانە بەوانیش یەژم: شـــیعر هەڵشاخانە بەڕووی شکاندنی وشە و دووبارە دروستکردنەوەیان، کە تۆ هەر لێی حاڵی نیت و
ئیتر ئەو بەهەدەردانی کات و تێکدانی مەزاجی ئەم و ئەوە بۆ ؟!.. خۆ باسی سیاسەت و نووسینی سیاسیی سۆشیالمیدیای کوردییش باسێکە و سەدسەر، مرۆڤ نازانێ لەکام باسەوە دەست پێ بکات و لە کام سەرەوە بڵێ وازبێنە و لە کوێوەیش ڕوو لە حزبە سیاســـییەکان بکات و بپرســـێ:
ئەرێ ئەوە حاڵە ؟!.. ئازیزم، واز لە شـــیعر بێنە، تۆش لە نووســـین، ئا، تۆش لە سیاسەت!.. خەریکی ژیانی خۆت بە، گەر هەر دەتەوێت لەنێو ئەو دونیای سۆشیالمیدیایە پۆستێک، بوونێک و دەنگێکت هەبێ، ئاساییە و مافی خۆتە، دەیان بوار و دەرفەت و دەلیڤەی تر هەیە، بەڵام واز لەو سێ بوارە هونەرییە مەعریفییە قورسە:(شیعر، نووســـین و سیاسەت ) بێنە و، بڕۆرەوە بۆ نێو سادەییە کۆمەڵایەتییەکـــەی خۆت، کە ئەویش جوانیی خـــۆی هەیە، بەو مەرجەی بزانی وشە و ڕستە و وێنەکانی بێ هەڵە و کەم و کوڕیی دابڕێژیت، چونکە
ئەویش لێزانینی دەوێت!