پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كورد و ئەشقی تاك لایەنەی دوژمن!

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ئەوا دوو هەرێمی تر، كەلە خەباتی نەتەوەییدا بوون “لۆگانسك و دونتیسك ” لەڕێی بڕیارە بەناوبانگەكەی “فلادیمێر پۆتین”ەوە، بوونە دەوڵەت گەیشتنە ترۆپكی ئامانجە نەتەوەییەكانی خۆیان.
ئەگەرچی ئەو دووهەرێمە لە ۲۰۱٤ەوە لەنێو كۆڕی خەباتی نەتەوەییدان و چانسی ئەوەیان هەبوو بە ۸ ساڵ بگەنە دوا ئامانج و دوا غروری خۆیان. لێرەدا ئێمە وەك كورد، پێویستە بەخۆماندا بچینەوە، پرسیار بكەین و فیدباكێكی ئەقڵی سیاسیی خۆمان بكەین: بۆچی لەدوای ۱۰۰ ساڵ هێشتا ئێمە نەك نەگەیشتوینەتە دوا هەواری خەباتی نەتەوەیی، بگرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەیاڵدان و فیكری نەتەوەییمان خاڵی دەبێتەوە لەمانای سیاسی و پرۆژەی چارەنوسساز، ئێستا ترۆپكی ئامانجەكانمان، ئەوپەڕی داواكارییەكانمان لەدەوڵەتی ئێراق، دابینكردنی موچەیە و، ئێراق ئەوەش ناكات و پێداگری دەكات لەوەی كە پێویستە بە نەوتی خۆمانەوە ژێردەستەی ئەوان بین!.
هۆكاری ئەو پاشەكشە بەردەوامە چییە؟ لەكوێدا بەدوای وەڵامدا
بگەڕێین و، چۆن چارەسەر دەكرێت؟ لەكوێدا ئەو كۆدە بدۆزینەوە كە قەدەر بۆ نەتەوەی كوردی شاردۆتەوە؟.
بێگومان لەم كورتە وتارەدا بواری ئەوە نیە خەریتەی ئەو دۆخە هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییە شی بكەینەوە كە پەیوەستە بە ململانێی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاواوە، كە وایكرد ڕووسیا بڕیارە گەورەكە لەبەرژەوەندی ئەو دوو هەرێمە بدات، چونكە بێگومان ئەو دۆخە و ئاتاجە جێوسیاسییەكانی ڕووسیا نەبووایە، زۆر ئەستەم بوو دەوڵەتی
تر لەجیهاندا دروست ببێت.
ئەوە بۆچوونێكی واقیعی و زانستیشە، بەڵام تاكە وەڵام نیە بۆ
شیكردنەوەی ئەو دۆسیەیە، چونكە دەكرێت بپرسین: ئەگەر گەلی ئەو دوو هەرێمە، یان سەركردایەتی سیاسی ئەو دوو هەرێمە، لەگرێدانی هاوپەیمانی و دەستبردن بۆ كارتەكانیان هەڵەیان بكردایە، یاخود خاتری دوژمنەكانیان بگرتایە، بۆنمونە بیانگوتایە: با جارێ ئۆكرانیا بەهێزببێتەوە، ئەوجا داوای مافەكانمان دەكەین، ئایا لەوەها ئەگەرێكدا دەبوونە ئەو دوو دەوڵەتەی كە ئیستا هەیە؟.
دەمەوێ پرسیارەكە بەدیوە ڕاستەقینەكەیدا لەخۆمان بكەین و
بەشێوەیەكی ڕاستگۆیانە وەڵامی بدەینەوە: ئایا درێژبوونەوەی خەباتی كورد بۆ ماوەی ۱۰۰ ساڵ، بێ ئەوەی بگاتە ئامانجەكانی خۆی، تەنها بەهۆی واقیعی نێودەوڵەتی و دڕندەیی داگیركەرانەوە بووە؟ یان بەشێكی گاڵتەپێنەكراو لەو ئۆباڵە بەئەستۆی خۆمان دەكەوێت؟ خۆمان بەرپرسیاری بەشێكی یەكجار گەورەی ئەو نەهامەتییانەی كە دووچارمان بووە!.
لەڕاستیدا سەرباری جەبەروتی داگیركەران و نالەباری دۆخی
نێودەوڵەتی، كورد خۆی، فەرهەنگی كورد و ئەقڵی سیاسی كورد، هۆكارێكی سەرەكی بێ ئاكامی خەباتی كوردن.
لەمێژووی دوور و درێژی كورددا هەمیشە ئەو ڕستەیە دەخوێنینەوە كە ” دوژمنان پابەندی بەڵێنەكانیان نەبوون و پەشیمان بوونەوە” كەچی هەمیشە هەمان هەڵە دووبارە دەكەینەوە. هەمیشە كاتێ دوژمنەكانمان لاوازبوون، كورد لێگەڕاوە تاكو بەهێز دەبنەوە، لەترسی ئەوەی نەوەك تۆمەتبار بكرێت بەوەی خنجەر لەدواوە دەوەشێنێت! كەلە ڕاستیدا ئەوە ترۆپكی گەوجاندن و ناشایستەگی ئەقڵ وفەرهەنگی كوردە بۆ سیاسەتكردن، چونكە هەر لایەنێكی سیاسی، پێویستە كاتێ بینی دوژمنەكەی لەوپەڕی لاوازیدایە، لەوكاتەدا مەرجەكانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، كەچی كورد بەپێچەوانەی هەموو مێژووی سیاسی مرۆڤایەتییەوە، كاتێ دوژمنەكەی بەهێزە، یارمەتی بەهێزبوونەوەی دەدات، كاتێكیش بەهێز بووە لەلۆژیكی سیاسی دەرنەچووەو بەگوێرەی ڕۆحی سیاسەت لەگەڵ كورد جوڵاوەتەوەو بەڵێنەكانی سەردەمی لاوازی
خۆی جێبەجێ نەكردووە!.
لێرەدا تێدەگەین، كورد لە پرۆسەی ئەشقێكی تاكلایەنەی
بەردەوامدابووە لەگەڵ دوژمنەكانیدا، هەمیشە قوربانی بۆ ئەو ئەشقە داوە، هەمیشەش زیانی لێكردووە. دەبێ دەستی قەدەر ئەو فەرهەنگەی كورد بگۆڕێت و بیخاتە سەر شاڕێی سیاسەتكردن! بەڵكو لەسەردەمی گازی سروشتیدا، ئەم ئاواتەی ئێمە ببێتە واقیع.