پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كوردستان له‌ ميونشن

ئاريان فه‌ره‌ج

له‌ كۆنفرانسي ئه‌مساڵى ميونشن، ئاست وقه‌باره‌ى بايه‌خدان به‌ حزورى هه‌رێمى كوردستان سه‌رنجڕاكێش بوو. ره‌نگه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ريزبه‌نديى يه‌كه‌مينى سه‌ركرده‌ سياسييه‌ به‌شداره‌كانى كۆنفرانسه‌كه‌ بووبێت له‌ رووى چڕيى به‌رنامه‌ى ديدار و چالاكيه‌كانى، چ ئه‌وانه‌ى به‌ ته‌نيا و چ ئه‌وانه‌ى به‌به‌شداريى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم سازيدان. جۆراوجۆرى و ئاستى ديداره‌كانيش بايه‌خيان لێ ده‌خوێندرايه‌وه، سه‌رۆكى هه‌رێم جيا له‌ كۆى ده‌وڵه‌تانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، له‌گه‌ل شانده‌كانى ووڵاتانى ده‌ستڕۆيشتوو و كاريگه‌ر له‌سه‌ر ئاساييشى ناوچه‌كه‌ و جيهان، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌يمانيى ناتۆش له‌ ئاستێكى به‌رزدا كۆبونه‌وه‌ى هه‌بوو.
گه‌رچى بارگرژى نێوان روسيا و ئۆكرانيا و مه‌ترسيى جه‌نگى نيوانيان، باڵى به‌سه‌ر كۆنفرانسه‌كه‌ى ئه‌مساڵدا كێشابوو، به‌ڵام ديسان له‌ جيهانێكدا كه‌ تێكڕاى كێشه‌كانى وابه‌ده‌سته‌ و ئاوێته‌ى يه‌كترن، ئه‌و مه‌ترسييه‌ رۆشنايى له‌سه‌ر ئاريشه‌كان و ئاساييشى رۆژهه‌ڵاتى ناوين نه‌گواستبۆوه‌. ناوچه‌يه‌ك كه ‌له‌ رابردوو و ئيستاشدا چاوگى مه‌ترسى تيرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌يه‌تى، هاوكات پڕ له‌ كێبه‌ركێ و به‌ريه‌ككه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندى و ئيراده‌ى هێزه‌ ئيقليمييه‌كانه‌، عێراقيش له‌ نێو چه‌قى ئه‌و ململانيێيه‌دا وێڵى به‌ده‌ستهێنانى سه‌قامگيرييه‌كى سه‌ختگيره‌. له‌و هاوكيشه‌يه‌شدا هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ پاشه‌كشه‌پێكردنى تيرۆر و له‌ ئاماده‌يى بۆ درێژه‌دان به‌و شه‌ڕه‌ جيهانييه‌ له‌ دژى تيرۆر و رێگرتن له‌ دووباره‌ هه‌راشبوونه‌وه‌ى، هه‌مان رۆڵى لێبڕاوانه‌ى جارانى لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، ماندوو ده‌كرێت و هه‌ميشه‌ هه‌وڵ ده‌درێت قه‌يرانبارتر بكرێت.
له‌و پێودانگه‌وه، ‌مانه‌وه‌ى به‌هێزى ئه‌م هه‌رێمه‌و گه‌يشتنى به‌ تێگه‌يشتنێكى ريشه‌يى له‌گه‌ڵ به‌غدا و سه‌رقاڵنه‌بوونى به‌ كێشه‌ و قه‌يرانى تاقه‌تپڕوكێنه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر وويست و به‌رژه‌وه‌نديى كورد، به‌ڵكو وويست و به‌رژه‌وه‌نديى جيهانيش ده‌يخوازێت. بايه‌خدانى جيهانييان به‌ شاندى هه‌رێمى كوردستان و به‌ سه‌رۆكه‌كه‌ى كه‌ هه‌موان وه‌ك سياسه‌توانێكى ميانه‌ڕه‌و و چاره‌سه‌رخواز ده‌يناسن، ئاماژه‌ن بۆ گرنگيی مانه‌وه‌ى ئه‌و رۆڵه‌ى كوردستان له‌ جه‌نگى تيرۆر و هه‌وڵه‌كانى هێنانه‌دى ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌يگێڕێ.
شانده‌كانى ووڵاتانى جيهان له‌ ديداره‌كانيان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ گرژبوونى زياترى نێوانى هه‌ولێر و به‌غدا و به‌ تايبه‌تى له‌ دۆسيه‌ى نه‌وت و هه‌وڵى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستورييه‌كانى هه‌رێم به‌ ئامانجى لاوازكردنى، نيگه‌رانى خۆيان نيشان دا. ئه‌وان له‌و گۆشه‌نيگايه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه ‌ده‌ڕوانن كه‌ ئەو شەڕفرۆشتنە بە کوردستان،ده‌بێته‌هۆى ئه‌وه‌ى كوردستان به‌ ئه‌ركه‌كانى و به‌و رۆڵه‌ى به‌قه‌د خۆى له‌دابينكردنى ئاشتى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ ده‌يگێڕێ، رانه‌گات. ئه‌وه‌ش نه‌ ته‌نيا بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵكو بۆ جيهان به‌ خودى عيراقيشه‌وه ‌به‌ زيان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. هه‌ربۆيه‌ش، ئه‌گه‌رچى كێشه‌كه‌ به‌ كێشه‌يه‌كى نێوخۆيى عيراق داده‌نێن، به‌ڵام پشتگيريى له‌ هه‌ڵوێستى هه‌رێم و سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌ دانوستاندن و لێكگه‌يشتن تا گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌رێكى واقعى و قابيلى جێبه‌جێكردن.