چوارەمین شۆڕشی پیشەسازیدەسەڵات دەخاتە دەست کێ؟

د. نەزاکەت حوسێن

لە سەدەیەک یان دوو سەدەی داهاتوودا، زەوی لەلایەن جۆرە مرۆڤێکەوە قۆڕخ دەکرێت کە بەتەواوەتی جیاوازە لە ئێمەی مرۆڤ. وەک ئێمە چۆن جیاواز بووین لە مەیموون و مرۆڤی نیاندەتاڵ؛ لەبەرئەوەی نەوەی داهاتوو فێر دەبن کە چۆن جەستە و مێشک و دەماغ دیزاین بکەن. ئەبێت ئایندەی ئەم ئەستێرەیە لەچی بچێت و کێ بەڕێوەی بەرێت؟ ئەمە بڕیارە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەدرێت، کە خاوەنی داتا دەبن. ئەوانەی خاوەنی داتا بوون نەک مرۆڤ بەڵکو هەموو ژیان کۆنترۆڵ دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ گرنگترین ئامراز داتایە لە جیهاندا بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات. لەسەردەمی سەرەتایی ژیاند، زەویی کشتوکاڵی باشترین ئامرازی بایەخدار بوو بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، زۆربوونی زەوی و خاوەندرایەتی لەدەست کەسانێکدا، مرۆڤی دابەش کرد بەسەر چینی ئەرستۆکرات و خەڵکە عەوامەکەدا، بەڵام لە سەردەمی مۆدێڕندا مەکینە و ئامێر شوێنی زەویی کشتوکاڵیی بۆ مرۆڤ گرتەوە، زۆربوونی مەکینە و لەدەستبوونی مەکینە و ئامێر لەدەستی ژمارەیەک کەمی مرۆڤ، مرڤایەتی دابەش کرد بۆ چینی کاپیتاڵیست و پرۆلیتاری. لەسەدەی ٢١ داتا وزانیاری و پاوەری کۆمپیوتەر شوێنی مەکینەی گرتەوە، کەواتە ئەو لایەی خاوەنی زۆرترین داتا و پاوەری کۆمپیتەر بوو دەسەڵات دەگرێتە دەست، لەم کاتەشدا، کاتێ داتا زۆر دەبێت و دەکەوێتە دەست کەمێک لەخەڵک، مرۆڤ دابەش ناکات بۆ کڵاس و چین بەڵکو دابەشی دەکات بۆ جۆری جیاواز. دەگەینە ئەوەی مێشکی مرۆڤ پەیوەست دەکرێت بە کۆمپیتەر،ڕاستەخۆ داخڵ دەبن بە مێشکمان، زانیارییەکانمان هەمووی دەدزن، بیرکردنەوە و باوەڕمان کە تا ئێستا پێی گەیشتووین هەموویڕێک دەخەنەوە. گەر تا ئەمڕۆ باس باسی هاکی کۆمپیتەر و مۆبایل و ئیمیەڵ و ئەکاونتەکانمان بێت. لەمڕۆوە دەگەینە کاتێک مێشکمان هاک دەکرێت. چیت پێویستە بۆ ئەوەی هاکی مرۆڤ بکەیت، پێویست و بە هێزێکی کۆمپیتەر هەیە لەگەڵ داتا، بەتایبەتی داتای بایۆمەتری، نەک داتا لەسەر ئەوەی چی دەکڕێن و بۆ کوێ دەچین، بەڵکو داتا لەبارەی ئەوەی چیڕوو دەدات لەناو جەستەمان و مێشکمان. تا ئەم سەدەیە کەس دەسەڵاتی کۆمپیتەری بەهێز و داتای پێویستی لەبەردەست نەبوو بۆ هاکی مرۆڤ،بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە بەهۆی دوو شۆڕشی هاوشێوە. یەکەمیان: بەرەوپێشچوونی باڵای زانستی کۆمپیتەر، بەتایبەتی پێشکەوتنی زیرەکی دەستکرد کە دەسەڵاتێکی زۆری کۆمپیوتەری پێویستمان دەداتێ، لەهەمان کاتدا پێشکەوتنی زانستی بایۆلۆجی بەتایبەتی زانستی مێشک کە تێگەیشتنی بایۆلۆجی پێویستمان دەداتێ و داتای پێویستمان دەست دەکەوێت لەبایۆلۆجی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەی زیرەکی دەستکرد گرفتی بۆ دروست کردووین وەک گۆڕانی ئاوهەوا، بڵاوبوونەوەی هەژاری دانیشتوان و چاودێری تەندروستی و تیرۆریزم، بەڵام ئێستە بابەتی گەرمی توێژینەوەی زانستی سەردەم لەنێوان باسی مرۆڤی ئۆرگانیزم و ئەلگۆریزم دایە، واتە ئێمە کە مرۆڤی ئۆرگانین و عاقڵین لەگەڵ ئەو مرۆڤەی بەرهەم دێت کە نائۆرگانییەوە و ئامێرە و پێی دەگوترێت ‘ئەڵگۆریزم’ کە شوێنی ئێمە دەگریتەوەو ئیش وکارەکان ئەودەیکات لەبری ئێمە. لە پێشوودا بونەوەری ئۆرگانی لەڤایرۆسێکەوە بۆ مۆزیک بۆ مرۆڤێک ئەڵگۆریزمێکی بایۆکیمیک بوو، بەڵام هەردوو شۆڕشی ‘ئینفۆتیک. زانیاری و ‘بایۆتیک’ بایۆلۆجی چیمان دەداتێ؟ توانای هاکی مرۆڤ، ئێستا هەوڵ دەدەین پێناسەی ئەم ئەڵگۆریزمە بکەین لەم شۆڕشانەوەیان لێی تیبگەین، لە دەستکەوتی هەردوو شۆڕشی ئینفۆتیکو بایۆتیکڕەنگە بگەینە ئەوەی ناوەندی بایۆتیک و زانیاریی بایۆلۆجی لە مێشکی مرۆڤ پەیوەست بکەین بە کۆمپیتەر کە پرۆسەی بایۆکیمیک لە جەستە و لە مێشک تەرجەمە بکەین بۆ سیگناڵی ئەلەکترۆنی، کە کۆمپیتەر بتوانێت خەزنی بکات و شیکاریی بۆ بکات. ئیتر هەموو زانیارییەکانی مرۆڤ لەبەردەست بێت کاتێک زانیاریی بایۆمەتری پێویستت هەبوو لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمپیتەر دەتوانیت، ئەڵگۆریزم کە مرۆڤی نائۆرگانیەی بەرهەم بهێنێت، کە ئێمە باشتر دەناسێت وەک لەوەی خۆمان خۆمان دەناسین، مرۆڤ لەڕاستیدا بە تەواوەتی هێشتا خۆی ناناسێت، ئەمە بەخت دەدات بە ئەڵگۆریزم کە مرۆڤ باشتر بناسێت وەک لەوەی کە خۆی خۆی دەناسێت. ئەڵگۆریزم جوڵەی چاوەکانت دەخوێنێتەوە، پەستانی خوێنت دەپێوێت، چالاکی مێشکت دەزانێت، چونکە داتای تۆی لایە، وەپێت دەڵێت تۆ کێیت، کاتێک ئەڵگۆریزم جوانتر تێگەیشت لەوەی کە خۆم لەخۆم تێ دەگەم، ئەوکات دەتوانێت پێشبینی من خولیای من حەزەکانمی من بزانێت تەنانەت بڕیاریش بدات لەبری من. ئێمە بەداخەوە بێ ئاگاین ژیان بەرەو کوێ دەڕوات؟ دیکتاتۆریەتی دیجیتاڵی چۆن سەر هەڵدەدات؟ لە سەدەی ٢٠ـدا دیموکراسی پەرچەکرداێك بوو بەرانبەر دیکتاتۆرییەتەکان، لەبەر ئەوەی دیموکراسی باشتر بوو لە دیکتاتۆرییەت لە پرۆسەی داتالیزم و بڕیارداندا. دیموکراسی پرۆسەی دەسەڵات و زانیاریکۆکردنەوەی دابەش کرد لەنیوان خەڵکدا، لە دەرەنجامی وەرگرتنی زانیاری لە خەڵک و دامودەزگاکان و پێدانی دەسەڵات پێیان و وەرگرتنی زانیاری لێیان بڕیاری دەردەکرد لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئەوان و بەشدارکردنیان. بە پێچەوانەی دیکتاتۆرییەت کە تەرکیزی دەخستە سەر کۆکردنەوەی زانیاری و دەسەڵات لەیەک شوێن و لای خاوەن دەسەڵات و حوکمڕانەکان خۆیان. لە سەدەی ٢٠ـدا تەکنەلۆجیا پرۆسەی داتای وا لێ کرد باشتر ئیش بکاتە وەک لەوەی مەرکەزی بیت و لای کەسانێکی دیاریکراو بێت، ئەمە وای کرد خزمەتی دیموکراسیەتی کرد و؛ تەنیا بە بوونی مەرجی تەکنەلۆجیا گەشەی بە دیموکراسیەت دا. لەسەدەی ٢١ـدا شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد و فێربوونی مەکینەکان دەمانگەڕێنیتەوە بۆ ئاراستەیەکی پێچەوانە، لەوانەیە پرۆسەی داتالیزم مەرکەزی بکاتەوە بەهێزتر لە دابەشکردن و بڵاوکردنەوەی پرۆسەی داتالیزم. ئەگەر دیموکراسی تەبەنی نەکرا بۆ ئەم مەرجە، مرۆڤ دەکەوێتەوە ژێر سەرکردایەتیی دیکتاتۆریەتی دیجیتاڵی، چونکە داتاکان لای ئەو کۆ دەبنەوە، بە هاکی مرۆڤی ئۆرگانی لەلایەن نوخبەیەک بۆ دەستکەوتنی داتا و پاوەر بۆ دیزاینکردنەوەی ئایندەیە ژیان بۆ خۆیان، چونکە هەرکەسێ توانی شتێک هاک بکات دەتوانێت دیزاینی بکاتەوەو بەرهەمی بهێنیتەوە دواتریش بەڕێوەبەرێت. وەبەتەواوەتیش نەک ئێمە بەرهەم دێنیەوە بەڵکو بەتەواوەتی فۆڕمی نویی ژیان بەرهەم دێنەوە، واتە لەدەسەڵاتی سروشتی مرۆڤی ئۆرگانی بەرەو دەسەڵاتی نائۆرگانی ئەڵگۆریزم دوای ٤ ملیۆن ساڵ ژیانمان لە ئۆرگانیەوە کە بە هەڵبژاردەی سروست بەرهەم هات، جێگۆڕکێ دەکات بە ژیانێکی نائۆرگانی کە لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە دیزاین دەکرێت، زیرەکیب ئیمەی مرۆڤ کە دەدزرێت دەبێتە هێزی داهێنانی ژیانێکی نوێی نائۆرگانی کە داتا و زانیارییەکان و بڕیاردان قەتیس دەکات لەلایەن دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دیجیتاڵیەوە.

ھەواڵی زیاتر