بڕیارە سیاسییەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەدژی هەرێم، زۆر نیگەرانی لەناو خەڵكی هەرێم و ئازادیخوازان و دۆستانی گەلی كوردستان دروست كرد. زۆر لە ناحەزانی گەلی كوردستانی دڵخۆش كرد. بەداخەوە لەناوخۆی كوردستانیش كۆمەڵێك خەڵك جا لە حقد و ڕقەوە بێت یان لە بەدحاڵیبوون یان خۆبەكەمزانین بۆ ئەم بڕیارە نابەجێبە نەیانتوانی كەیفخۆشبوونی خۆیان بشارنەوە.
بڕیارەكانی دادگاكە لەو ساتە هەستیارەی عێراق كە پڕۆسەی سیاسی پەكخراوە و دەستەڵاتی تەنفیزیش كاربەڕێكەرە، جێگەی گومان و پرسیارێكی زۆرە. هەتا بڵێی بڕیارەكان لە نەفەسێكی شۆڤێنی و نادیموكراتیانەوە سەرچاوە دەگرێ و ئامانج لێی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و سیستەمی فیدڕاڵی و دیموكراسییە ساواكەی عێراقە.
ئەوانەی لەپشتەوەی ئەو پێشهاتە سەیروسەمەرانەن ڕەنگە بتوانن عێراق بۆ باوەشی جۆرێكی تری ئیستبداد بگەڕێننەوە و دیموكراسی و هەڵبژاردن و یاسا لە مانا بەتاڵ بكەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەستەمە بتوانن وەك ئەوەی هیوای بۆ دەخوازن كوردستان لە ئەرز بدەن و بیخەنە سەر ئەژنۆ.
كوردستان ئەو پارووە ئاسانە نییە، سەد ساڵ خەباتی نەپساوە و خوێنی دەیانهەزار شەهیدی لە پشتە. پێگەییشتوویی سیاسی و فرەیی و هۆشیاریی هاووڵاتیان لە كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی باش و سەرچاوەی هێزی كوردستانە. لە كوردستان نەوەیەك پێگەیشتووە كە زەحمەتە ئیستبداد و زەبروزەنگ و ستەمكاری و داگیركاری زەفەری پێ ببات و لە خشتە ناچێت. كوردستان خاوەنی پێشمەرگە و گەلێكی خۆڕاگرە و لە شەڕی داعشدا و ڕووداوەكانی دوای شازدەی ئۆكتۆبەر پتەویی پێشمەرگە تاقی كرایەوە. ئەو جیۆگرافیایەی ئێستا ناوی هەرێمی كوردستانە بە فرمێسك و خوێن پێكەوە نراوە و ڕەگی قووڵی داكوتاوە و ڕێگە نادات ناحەزان تاریكی بەسەردا بسەپێنن.
هەرێمی كوردستان سەرباری گرفتە ناوخۆییەكانی خاوەنی تۆڕێكی بەهێزی پەیوەندیی دۆستانە و ستراتیژی لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی و تەنانەت عێراقیشە و بایێ ئەوەندە پتەوە كە بتوانێ پیلانی لاوازكردنی هەرێم بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنێت.
كوردستان ناچەمێ و ناشكێت چونكە هۆشیار و پتەو و پێگەیشتووە.