مەشخەڵ كەوڵۆسی
دوورخستنەوەی “هۆشیار زێباری” لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێراق، یەكێك لەو ڕووداوانەیە كە بۆ ئێمە تەواو چاوەڕوانكراوبوو، ئەوەش بەچەندین حوكم، بەجۆرێك هەمیشە سەرسام بووم بەو هەموو دڵنیاییەی كە بە گەیشتنی “زێباری” بە پۆستی سەرۆككۆماری ئێراق پیشان ئەدرا.
ئەگەرچی ئەو گەشبینییە پشت ئەستوربوو بەو ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنەی كەلەگەڵ بەشێكی زۆر لە جەمسەرەكانی سیاسەتی نوێ لەئێراق گەڵاڵەكراوە، بەڵام بۆ ئێمە وەك چاودێران، ئەوە گرنگ نیە كە ڕێككەوتنەكە لەگەڵ كام لایەنە و كێ لێی ناڕازییە؟
بەڵكو ئەوە زۆر گرنگە و هەمیشە دەبێتە هۆكاری دوودڵی لەهەر ڕێككەوتنێك كەلەگەڵ لایەنێكی ئێراقی واژۆ بكرێت، ئەوەیە كە ئایا پابەندبوون بەڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنەوە، تاچەندە ڕەگداكوتاوەو بووەتە فەرهەنگ و، كەلتوری سیاسی پشتیوانی لێدەكات؟
من لێردەدا تەنها دوو نمونە دەهێنمەوە: خەڵكی كوفە كە باوانی ئەم نەوە سیاسییەی ئێستای ئێراقن، بەهەموو پیرۆزییەكانی خۆیان سوێندیان خوارد، پەیتا پەیتا نامەیان دەناردە لای “حسەین كوڕی عەلی كوڕی ئەبوتاڵب” تاكو بێت و ببێتە پێشڕەویان و هەموویان لەسەر ئەوە كۆك بوون كەلەگەڵی بن و بیكەنە سەركردەی خۆیان، بەڵام حسەین پەلەی نەكرد، تاكو هەموو سەرۆكهۆز و گەورە پیاوانی كوفە، وەكو: سلیمان كوڕی سەرد، مەسمەعی هەمەدانی، عەمارەی كوڕی عوبەیدی سەلولی، سەعیدی كوڕی عەبدوڵای حەنەفی…هتد، هەزارانی تریان نامەیان نارد، تاو ژمارەی نامەی پەیماننامەكان گەیشتە ۱۲ هەزار نامەو پەیمانی شەرەف، لە كۆتا نامەدا بۆیان نوسی: أما بعد، فحی هلا، فأن الناس ینتڤرونك، لا رأی لهم غیرك، فالعجل العجل پم العجل العجل و السلام”!.
سەیر دەكەین، لەدوای ئەو هەموو پێداگرییە، كاتێ كە حسەین دەچێت، لەوكاتەدا تاكە یەك كەس “فەرەزدەق” دەگاتە حسەین و پێی دەڵێت: خەڵكی كوفە درۆ دەكەن،بە دڵ لەگەڵتن و بە شمشێرەكانیان لەدژتن! تاكە كەسێك كەتوانی زۆر بەوردی و زانستییانە و دەروونناسانە، پێناسەی خەڵكی كوفە بكات بۆ حسەین، فەرەزدەق بوو، ئەوەبوو ۱۲ هەزار كەس درۆیان كرد، بەڵام تەنها فەرەزدەق ڕاستی كرد كەبەداخەوە بەگوێی نەكرا، لەئەنجامدا ڕووداوی “تەف”ی لێكەوتەوە، كە هەتاكو ئێستا بووەتە هۆكاری
پەرتبوون و نەمانی متمانە و سەرچاوەی هەموو كێشەكانی ئەم ناوچەیە.
چونكە ئەوان نەك حسەینیان نەكردە سەركردەی خۆیان وەك ۱۲ هەزار بەڵێننامەی شەرەفیان بۆ ناردبوو، بەڵكو خۆی و ماڵ و منداڵیان لەناوبردو هەرهەموویانیان سەربڕی و جەستەیان هەنجن هەنجن كردن!
دووەم: لەدوای دروستبوونی ئەو دەوڵەتەی ناوی ئێراقە لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوودا، تاكە یەك ڕێككەوتن نابینم ئێراقییەكان پێیەوە پابەندبووبن، جگە لە ڕێككەوتن قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی داگیركردنی كوەیت كە ئەویش لەژێر زەبروزەنگ و گوشاری بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشدا بوو.
لەوە بترازێت، ئیتر ئێراق لەهیچ سەردەمێكدا، نەلە پادشایی و نەلەكۆماری، نەلەسەردەمی سوننە نە لەسەردەمی شیعەدا، نەلەگەڵ دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەلەناوخۆ لەگەڵ كورد و پێكهاتەكان، پابەندی یەك ڕێككەوتن و پەیمان نەبووە، تاكو پابەندبوون بە بەڵێننامە و یاسا و ڕێككەوتنەكان نەبێتە كەلتور، ئەستەمە هیچ ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێراقییەكان ئەنجامی هەبێت. هەتاكو ئێراقییەكان پێیان وابێت، پابەندبوون بەڕێككەوتنەكان و پەنابردن بۆ یاسا مانای لاوازییە، چاوەڕوانی ئەنجامی هیچ ڕێككەوتنێك مەبن. هەر پابەند نەبوونیان بەدەستورەوە، كە گەورەترین پەیماننامەی كۆمەڵایەتی و دایكی یاساكانە، باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەستەمە عەرەبی ئێراق پابەندی ڕێككەوتن ببن، مەگەر زلهێزێك بەجەبرێكی بەدەر لەتوانای خۆیان ناچاریان بكات، وەك ئەوەی لە دۆسیەی كوەیتدا هەبوو! بۆیە كاتێ چاودێرێك یان ڕاوێژكارێك بەبێ خۆماندووكردن و بەبێ ئاگاداری لەو ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و كەلتوریی و سیاسییانەی كە زیهنییەتی سیاسی ئێراقیی پێكدەهێنن، دەڵێت: فڵان ڕێككەوتن لەگەڵ ئێراقییەكان سەركەوتنە، پێویستە فەرەزدەقێكیش هەبێت، بەسەركردایەتی كورد بڵێت: دڵیان لەگەڵتە و شمشێرەكانیان لەدژتە! ئەگەرچی ئەم ڕیتمە لەنوسین، جۆرێك لەدڕدۆنگی پیشان ئەدات و تۆمەتباریش دەكرێین بە ڕاسیزم و ڕەشبینی، بەڵام ئەركی ئەكادیمی و مەعریفی خۆمانە، پەیامەكەی فەرەزدەق بگەیەنین، ڕاستە گوێگرمان كەمە، بەڵام ویژدانمان ئاسودەیە.