باخۆ لە شتێك ھەڵنەقورتێنین كارمان پێی نابێت!

عومەر چنگیانی

وەک لە دەقی فەرموودەیەکی دروستی پێغەمبەردا هاتووە – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – لە جوانیی ئاکاری مسوڵمان ئەوەیە کە خۆهەڵناقورتێنێتە شتیەلێک کە کاری پێیان نەبێت!
کە خودی ئەو دەم لە هەموو شت دانە، نەخۆشییەکی کوشندەی مەردمگەلە و قورئانی پڕ لە بەخشش هۆشداری توند دەداتە بڕواداران تا خۆیان بپارێزن و، لە هەژدەیەمین ئایەتی سورەتی(قاف)دا دەفەرمێت: (هیچ شت لەدەمی مرۆڤەکان نایەتەدەرەوە – وشە یان یان هەرشت- مەگەر چاودێرێکی وردبینی توندی بەدیارەوەیە).
هەربۆیە دوورکەوتنەوە لەو شتانەی پەیوەندیان پێتەوە نییە، نیشانەی جوانی مسوڵمانێتی و بەرزی پێگە و بەهێزی باوەڕ و پاکی کەسایەتیەکەیەتی.
کە سەد مخابن خەڵکێکی زۆر هەن تامەزرۆ و عەوداڵی گەڕانن بەدوای نهێنی کەسانی ترو ئەوەی بەسەریان دێت: بۆچی ئەو کوڕە ئەو کچەی خواست، بۆچی فڵان فڵانی تەڵاقدا، دراوسێکەمان چۆن ئەو ئۆتۆمبێلەی کڕی، ئەی خانووەکەی چۆن کڕی، چەندان شتی تر، کە دەبنە مایەی سەرشۆڕی و شەرمەزاری لە هەردوو دونیا، بەکورتی ئەم کەسە تووشی گوناهی بێ ژمار دەبیت و ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کەسە نەخۆشی چۆتە دڵی و باوەڕی کەمە، چونکە یەکێك لە نیشانەکانی جوانی مسوڵمانێتی هەر کەسێك بریتییە لەوەی: دەست نەخاتە ناو کاروباری کەسانی تر، واز لەو شتانە بێنێت کە پەیوەندیان پێیەوە نییە، هەروەها قسە دەربارەی شتە تایبەتەکانی کەسانی تر نەکات و، لە بەرامبەردا سەرقاڵی کارو عیبادەتی خۆی بێت و، دوورکەوێتە لە هەر شتێك پەیوەست نەبێت پێیەوە. زۆر کەسی وامان هەیە کاتی خۆیان لە شتێك سەرف دەکەن هیچ پەیوەندی پێیانەوە نییە، باسی زانست و پیشەسازی و سیاسەت و پڕۆژەکان دەکات، فەتوا دەدات و دەچێتە ناو هەندێك بابەتی شەرعی بەبێ ئەوەی هیچی لێ بزانێت و پسپۆڕی بوارەکەش نییە و، تووشی گوناهی زۆر دەبێت، لەوانەیە باسی نامووسی خەڵك، یان هەندێك بابەت بکات، کە هیچ پەیوەندییان پێیەوە نییە. باسی نهێنییەکانی کەسانی تر دەکات، بەڵکو بەدوای نهێنی خەڵکیدا دەگەڕێت و کات و بەختەوەری خۆی تێدا لەدەست دەدات.
مەترسی دەستخستنە ناو کاروباری کەسانی دیکە بۆ سەر پەروەردەی منداڵ: کاتێك دایک و باوك سەرقاڵی کاروباری خەڵکی ترن و بەدوای نهێنی و عەیبەکانیان دەگەڕێن، ماڵ و کاروباری پەروەردە پشتگوێ دەخەن، دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لەناو خێزاندا، واتە هەموو ئەندامەکانی تری خێزان لە گەورەکانیانەوە فێردەبن دەستبخەنە ناو کاروباری خەڵکی
تر. چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە دەستخستنە ناو کاروباری خەڵك:
۱/ گەڕانەوە بۆ خوای گەورەو بیرکردنەوە لە مردن و رۆژی دوایی.
۲/ بیرکردنەوە لەو ئەرکانەی دەکەونە سەر شانمان لەلایەنی خواپەرستی و کارکردن و داهێنان لە ژیاندا.
۳/ دیاریکردنی کاتێك بۆ خوێندنەوەو بیرکردنەوە لە گەورەیی خواو
دوورکەوتنەوە لە بە فیڕۆدانی کات.
٤/ دیاریکردنی کاتێك بۆ پەروەردەی منداڵەکان و فێرکردنیان لەوەی
چۆن دوور کەونەوە لە دەستخستنە ناو کاروباری کەسانی تر.
٥/ دیاریکردنی کاتێك بۆ داهێنان لە ژیان و گەشتکردن وەك بەدیل
و جێگرەوەی تەرخانکردنی کات بۆ چوونە ناو کاروباری خەڵکی تر.(۱). پەراوێز:
(۱) (پوختەی ۱٤٥ەمین گوتاری هەینیمان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا، کە دەیکردە ۱۰ی ڕەجەبی۱٤٤۳ی کۆچی و ۲۲ى
ڕێبەندانی ۲٧۲۱ی کوردەواری و ۱۱ی۲ی۲۰۲۲ی زایینی).

ھەواڵی زیاتر