بەكر كەریم حەسەن
نیلسۆن ماندێلا، گەورە شۆڕشگێر و سەرۆكی وڵاتی ئەفریقیای خواروو، دەڵێ: “فێركردن بەهێزترین چەكە دەتوانی بەكاری بهێنی بۆ گۆڕینی جیهان”.
بێگومان پرۆگرامی خوێندن بریتییە لە كۆمەڵێ وانە و بابەت و دەق و ناوەڕۆك لە سەرجەم پسپۆڕییە جیاوازەكان، كە مامۆستا هەڵدەستێ بە باس كردنیان لە ناو پۆڵ بۆ قوتابییەكان، كە هەر پرۆگرامێك بە پێی تایبەتمەندی و پسپۆڕییەتی هەوڵ دەدات ئامانجەكەی بەدەست بهێنێت، كە ئەویش گەیاندنی ئەو زانست و زانیارییە بۆ قوتابی بە مەرجێك پڕۆسەكە بە سەركەوتوویی بە ئەنجام بگات.
كەواتە پرۆگرامی خوێندن بە یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكان و پێداویستییەكان دادەنرێت كە بەكار دێت بۆ پێشخستن و گەشەسەندنی پەروەردە و بەدیهێنانی هیوا و ئاواتی كۆمەڵگە بە گشتی، شك لەوە دانییە میڵەتان هەموو تواناكانیان دەخەنە گەڕ لە پێناو پەرەپێدان و گەشەپێدان لە هەموو ڕوویەكەوە ئەوەش ئاسان نابێت بەدی نایەت ئەگەر هاتوو گۆڕانكاری و پەرەپێدان لە پرۆگرامەكانی خوێندن نەكرێ.
چونكە هەردەم پرۆگرامەكان كاری ڕاستەوخۆ و كاریگەری بەردەوامی هەیە لە سەر چاندن و ڕواندنی هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی و هاووڵاتیەکی باش و بەسوود بۆ كۆمەڵگە و بەردەوام گەشەكردنی ڕەفتاری باش و خۆشەویستی زیاتر بۆ تاكەكان و كۆمەڵگە و خاك و وڵات و نەشو و نما كردنی زیاتری سەرجەم بەها پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییەكان و كارامەییەكانی ژیان، بۆیە هەردەم گرنگە گەشەپێدان و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان لە ماوەی چەند سالێك بكرێ كە لەگەڵ پێداویستییەكانی كۆمەڵگە بگونجێ بە گشتی و لە هەمان كاتدا هەر پرۆگرامێك لە هەر پسپۆڕییەك لە پۆڵەكانی دوایی تەواوكەر و درێژەپێدەری پرۆگرامەكانی پێش خۆی بێت، لەگەڵ ڕەچاوكردنی لایەنی لاوازی و بەهێزی ئەو پرۆگرامە، هەروەها گرنگە پرۆگرامەكان ببەسترێنەوە بە كۆمەڵگە و ژینگە و ژیان بە پێی پسپۆڕیەتی هەر پرۆگرامێك و لە هەمان كاتیشدا لە بیر نەكرێ خاڵی هەرە گرنگ گونجانی پرۆگرامەكەیە لەگەڵ ئاست و توانستی قوتابی بە پێی پۆڵەكەی و تەمەنی لەگەڵ ڕەچاوكردنی هۆیەكانی فێربوون و پێداویستییەكانی گەیاندن، هەوڵ بدرێ پرۆگرامەكان نەبنە بارێكی گران و قورس بەسەر شانی قوتابیان و گرنگترین خاڵ ئەوەیە گونجانی پرۆگرامەكانە لەگەڵ بارودۆخی گشتی سنورەكە و وڵاتەكە، نەك هێنانی پرۆگرامێکی کۆپیکراوی وڵاتێكی پێشكەوتوو بە هەموو
پێشكەوتنەكانیەوە.
بەڵكو ڕەخساندن و ئاوێتەبوونی پرۆگرامەكە لەگەڵ بارودۆخی وڵات بە هەموو وردەكارییەكەوە گرنگە، لە هەمان كاتدا لە بیرمان نەچێت تا پرۆگرامەكان هانی قوتابی بدات لە سەر گفتوگۆ و ووتووێژ و بەردەوامی لەگەڵ یەكتر ئامانجەكەی باشتر دەپێكێت، بەردەوام پارێزەر و گەشەپێدەری ناسنامە و پرەنسیپەكان بێت، چونكە داب و نەریت و كولتور و ڕۆشنبیری و ڕەسەنایەتی هەر كۆمەڵگەیەك دەرخەری ئەو كۆمەڵگەیە نیشان دەدەن، بۆیە پرۆگرامەكان پەیوەندیدار بەو جۆرە بابەتانە پێویستە پارێزگارییان لێ بكات، لە هەمان كاتیشدا پرۆگرامەكان بەردەوام ڕەچاوی نوێگەری و زانستە تازەكان بكات و بەردەوامییان پێ بدات لە گۆڕەپانی فێركردن و جەخت بكاتەوە لە سەر پڕۆسەی گەشەپێدانی هزر و بیركردنەوە لای قوتابی و چۆنیەتیی داهێنان لە فێربوون و زانست، بە گشتی هەردەم وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان بەردەوام گرنگی بە گۆڕانكاری و چاكسازی لە سیستەمی پەروەردە و فێركردن و پلانەكان و ئامانج و پرۆگرامەكان دەكەن، پرۆگرامەكانیش لە لوتكەی ئەو سیستەمی پەروەردە و فێركردنە دەبێت، بۆیە گرنگە بەردەوام پەرەپێدان و گەشەپێدان و گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكان لە كارە پێشینەكان بێت.
لە بیرمان نەچێت ئەو وڵاتانەی كە قورسترین پرۆگرامی خوێندنیان هەیە بریتین لە هەریەك لە وڵاتانی (چین، ئەندەنوسیا، هیند، یۆنان، هەردوو كۆریا، عێراق، ئەردەن، بەریتانیا، سوریا، فەلەستین، یەمەن، ئیمارات)، كە عێراق لە پلەی حەوتەمین وڵات دێت لە قورسی پرۆگرامەكانی خوێندن، ئەو پۆلینكردنە لە ساڵی ۲۰۲۱ کراوە. لە كۆتاییدا دەڵێم باشترین پرۆگرام ئەو پرۆگرامەیە كە ماوە دەداتە مامۆستا و قوتابی بە ئازادی گوزارشت لە دەربڕین و داهێنان و ئافراندن بكەن و بە جیهانی دەرەوەمان ببەستێتەوە بێ ئەوەی دامانبمالێ لە داب و نەریت و پرەنسیپە جێگیرەكان و مرۆڤایەتی