وریای لەنگەری كەشتییەكە بن

فارس نەورۆڵی

ئەم وتارە بۆ تەنها کێشەیەکی کاتی یان هێزێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بۆ کۆی کێشەکانی هەناوی جڤاتی کوردستانییە، بۆ هەموو سەردەمێکی ئاڵۆزە کە دێتە پێش.
بۆ ئەمڕۆ بۆ سبەی بۆ داهاتووی ئەم نەتەوە هەژارە وتارێکە بۆ بیرکردنەوە بۆ چارەسەر. ئەم نەتەوەیە لە قوربانیداندا بۆ مانەوە درێغیی نەکردووە، بەڵام لە بیرکردنەوەی ستراتیجیدا کورتی هێناوە. بۆیە ئەگەر بە پێوەری دوێنێ ئەمڕۆ بخوێنینەوە، دەبینین نەگەشتووینەتە جێگایەکی باش لە بیرکردنەوەدا، ئێستا لە دۆخێکداین کێشەکانی دوێنێمان گواستۆتەوە بۆ ئەمڕۆ، ئێستایەک کە ململانێ و بەریەککەوتنە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان لە دۆخێکی هەستیاردایە.
هەتا ئەو ئاستەی هەر هێزێک ئامادەیە هەموو شت بکاتە قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەم سەروبەندەدا ئێمە لاوازترین ئەڵقەین کە بکرێینە قوربانی، کەچی ئێمە بە پێچەوانەوە دەڵێی نەفرەتمان لێ کراوە، ڕقێکی شاراوە و نوستوو لە نا ئاگایماندا خەوتووە. لە سەردەمی جیاوازدا بە خەبەری دێنینەوە، کە ڕیسەکەمان لێ بکاتەوە بە خوری، بەجۆرێک جیاوازییەکانمان بەڕێوە دەبەین. سیاسەتمان دابەزاندووە بۆ ئاستێکی هێندە نزم، کە ئەقڵ و هۆشی نەتەوەکەمانی خستۆتە دۆخێکی سەرگەردانی و پەشێوی لە بیرکردنەوەدا، کە بەرگەی هیچ هێرشێکی زیهنی نەگرێت.
بۆیە پێویستمان بە پێداچوونەوەیەک هەیە لە پەروەردەی سیاسیماندا لەبیر کردنەوەماندا (گەورەترین سەر کەوتن ئەوەیە کەزاڵ بیت بەسەر بیر کردنەوە نێگە تیڤەکاندا)، دواتر لە ڕێگای گفتوگۆیەکی ئەقڵانی قسە لەسەر جیاوازییەکانمان بکەین بۆ وەرگرتنی بڕیاری هاوبەش لە مەسەلە ستراتیجییەکاندا، نەک بەرژەوەندی و تاکتیک زاڵ بکەین بەسەر ستراتیجدا، ڕۆبەت گیتس لە کتێبی ئەرکەکانی من دەڵێت: (دواکەوتنی تاکتیکی باشترە لە هەڵەی ستراتیجی) بۆیە دەبێ ئەم جۆرە لە سیاسەت لە شوێنێکدا ڕابگرین، چونکە کەشتییەکەی کورد بە دەریایەکدا دەڕوات پڕە لە حووتی برسی، هونەر
ئەوەیە کەشتییەکە بگەیەنینە کەناری ئارامی.

ھەواڵی زیاتر